هەرێمی كوردستان كۆسپەكان تێدەشكێنێت
October 19, 2020
وتار و بیروڕا
گەر ئاورێكی خێرا ، لە مێژوو رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی حوكمران لە عێراق و وچۆنێیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ مافەكانی گەلی كورد ، وەك دووەم گەورەنەتەوەیی خاك بە زۆر لكێنراو بە عێراقی ساختەوە بكەین ، مێژوو شاهیدە چۆن و بە شێوازێكی نارٍەوا و نامرۆڤانە وەڵامی مافەرەواكانی كوردیان لە رێگەی ئاگر و ئاسن داوەتەوە و هەموو كاتێكیش سەركردایەتی گەلی كورد دەسپێشخەر بووە بۆ گفتگۆی ئاشتیانە ، بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو كات لە بەڵێنەكانیان پاشگەز بوونەتەوە و لە جیاتی پیلانگێری و جەنگ و تیرۆر و چەكی كۆمەڵكوژ و دەیان كاری شاراوەیان لە دژی دۆزی رەوایی میللەتەكەمان ئەنجام داوە ..
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر عێراقی نوێی و بەناو دیموكرات و فیدراڵ بكەین ، دوای چەندین ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعس، هیشتا خەڵكانێك هەن لە بەغدا، بە عەقلیەتێكی شۆڤێنیانە بیر دەكەنەوەو بە چاوێكی دوژمنكارانە سەیری قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە هەرجارە و بە بیانوێك دەستووری هەمیشەیی عێراق پێشێل كردووە ، هەروەها پێش پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبەری 2017یش چەند جارێكی تریش هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان بە تایبەت مافە دەستووریەكانیان بە جوڵاندنی هێز داوە تەوە .
لە ماوەی رابردوو بەغدا ماف و شایستە داراییەكانی كوردستانیی بە پاساویی جۆراجۆر برٍییووە و تا لە رێگەی ئەو گەمارۆدانەوە ، گەلی كورد دژی حكومرانییەكەی هان بدات و پێگەی كوردستانیش بەو هۆیەوە لاواز و كۆنترۆڵ بكات بەڵام لە رابردوو هەوڵەكانی رووبەروو شكست بوونەوە ..
سەرٍەرای رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ، بەڵام وەك رابردوون جارێكی تر و دوای هەڵبژاردنەكانی 2018 پەرلەمانی عێراق ، گەلی كورد جارێكی تر بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و حوكمرانی عێراق كردەوە، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە ئاسایی بوونەوە ئەوەتا دەبینین كە لە ئێستاشدا جارێكی دیكە دەستیان بۆ قوت و مووچەی خەڵكی كوردستان بردووە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورو پێشێل كردنی یاسایە، راستە بەهۆی درێژە كێشانی ڤایرۆسی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەكی گشتی داهات لە عێراق كەمی كردووە، بەڵام ناكرێت ئەمە بكرێت بە بەهانەیەك بۆ زەوت كردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. هەروەها هەندێ پەرلەمانتاری بەكرێگیراو و ئاراستەكراو و هەندێك لایەنی عێراقی، چەند پەرلەمانتارێكی كوردیش لە بەغدا لەپشت ئەم بابەتەو پێشێلكاریانەن و داوای بڕینی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستانیان كردووە، شانازیش بەم كاریان دەكەن، كەچی نازانن مێژوێكی رەشیان بۆخۆیان تۆمار كردووە، چونكە هیچ جیاوازیەك نابینین لە نێوان ئەوانەی هەوڵی بڕینی قوتی خەڵك دەدەن، لەگەڵ ئەوانەی ئەنفال و كیمیا بارانی خەڵكی كوردستانیان كردووە. بەدڵنییاییەوە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە بەسەر ئەم قۆناغە دەرباز دەكات و سەردەكەوێت، چونكە لەیەكەم هەر لە سەرەتایی بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، هەمیشە ویستوویەتی كارەكانی بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا ئەنجام بدات و بەكرداریش لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بینیمان كاری گەورەی كردووە، كە جگەلە كاركردن بۆ پرۆژە یاسایی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، كاریشی كردووە بۆچارەسەركردنی كێشە كەلەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەولێر .. بەدڵنییاییەوە ، ئەگەر بەغدا بەردەوام بێ لە پێشێڵكردنی دەستوور و مافەرەواكانی و ئەوا ئەو كاتە هەموو ئەو ستەمكارییانە بەرانبەر بە گەلی كورد سنووری خۆیان دەبێ..