سەرھەڵدانەوەی کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناو چی؟!

سەرھەڵدانەوەی کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناو چی؟!
(*)
بێ گومان دیاردەی کۆچ کردن دیاردەیێکی جیھانییە پەیوەست بە ھەرێمێک یاخود شارو وڵاتێک نییە، بەڵکو لەھەر شوێنێک مرۆڤ بوونی ھەبووبێ کۆچیش بوونی ھەبووە جا بەھەر ھۆکارێک بێ، کۆچیش دوو جۆری ھەیە:
١⁄کۆچی ئاسایی، مەبەست لێی ئەو کۆچەیە کەسەکە بەحەزو ویستی خۆی کۆچ دەکا لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بەبێ ھیچ فشارێکی سیاسی و مرۆیی.
٢⁄کۆچی نائاسایی، ئەو جۆرە کۆچەیە کە ھاوڵاتییەکان ناچار دەکرێن کۆچ بکەن لەشوێنی خۆیان بۆ شوێنێکی تر جا بە ھۆکاری ژینگەیی یان مرۆیی یان ئابووری و کۆمەڵایەتی یان سیاسی.
دیارە ھەرێمی کوردستانیش لەسەرەتای دروست بوونیەوە بێ بەش نەبووە لەو جۆرە کۆچانە تایبەت دوای ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانی دوژمن بۆ سەر خاک و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان، ھەرکاتێک بارودۆخی ھەرێم بەرەو نائارامی ڕۆییشتبێ جا نائارامی سیاسی بێ یاخود ئابووری بێ ....ھتد حەزی گەنجان بۆ بەجێ ھێشتنی نیشتیمان پەرەی سەندووە سەرەرای سەختی ڕێگاکانی کۆچ کردن کەزۆربەی جار کۆچبەران لەلایەن ئەو گروپ و باندانەی کەپەنابەران دەبەن بەڕێگەی قاچاغ رووبەرووی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سوکایەتی پێکردن ڵێدان دەبنەوە، سەرەرای زیندانی کردنی ھەندێکیان و خنکانی ڕێژەیێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە لەدەریادا سەرەرای ھەمو ئەو بەربەست وکێشانەو ڕێگا پر مەترسیانە دەبینین ڕۆژ دوای ڕۆژ ئامارەکانی کۆچی گەنجان لە ھەڵکشانێکی پڕ مەترسیدایە، ڕۆژانە سەدان گەنج لەناوچە جیاوازەکانی ھەرێم کۆچی دەرەوە دەکەن، بێ گومان لەساڵی٢٠١٤لەگەڵ سەرھەلدانی شەری داعش و ئەو قەیرانەی روی لەھەرێم کرد بووە ھۆی ئەوەی خەلکێکی زۆر لەسەرجەم چین و توێژەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان ڕوو لەدەرەوە بکەن، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٩ش بەھۆی بەڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سەرھەلدانی کۆمەلێک قەیران کەسەرجەم جیھانی گرتەوە کۆچ کردن دووبارە ھەلکشا لە ناو گەنجانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لەپێناو گەران بەدوای ژیانێکی ئارامترو ئاسودەتر پارێزراوتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بوو، گەر بێین سەیری ھۆکارەکان بکەین کە لەزاری خۆیانەوە باس دەکەن گرنگترینیان، قەیرانی دارایی، نەبونی ھەلی کار، تەواو کردنی پڕۆسەی خوێندن و نەبوونی دانەمەزراندن، کێشەی خێزانی....ئەمانەو چەندین ھۆکاری تر کەوا لە گەنج دەکەن ھیوا بەژیانی دەرەوە بخوازن و کۆچ بکەن.



(*)بەرپرسی ئەنجومەنی سۆرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
Top