دڕندەکانی بیابان

دڕندەکانی بیابان

پتر لە سەد ساڵە دەیانەوێت دەنگی ئازادی گەلێکی مەزڵوم بخنکێنن، ڕێککەووتنی ژێر بە ژێرو دۆستایەتی درۆیانەو گرەوکردن لەسەر نەهێشتنی کورد یارو نەیاری کۆکردۆتەوەو هەمووانی لەسەر یەک مێز کۆکردۆتەوە.
گەلێک کە ڕۆژانێک جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی تری نەبوو، ڕۆژانێک بە (تورکی چیایی) بانگ دەکران، دەنگی ئازادی و هاواری سەربەخۆیی و شۆڕش و خەباتی هەمیشەییان، ئەمڕۆ پتر لە هەر کاتێکی تر، لە مەنزڵگەی ئارام و سەربەخۆیی نزیکیان دەکاتەوە.
دڕندەو شەڕانگێزەکان، ئەوانەی چاویان بە سەرکەووتنەکانی کوردستان هەڵنایەت، ئەوانەی تامەزرۆی خوێن و تەعریب و تەعزیبی کوردن، ترسنۆکانە بە ئیعازی ئاغاکانیان دەیانەوێت جوانییەکانمان ناشرین بکەن، دەستی پیس و بیرو هزری دڕندانەو شەڕانگێزی و دڕدۆنکانەیان، جارێکی تر بۆ سەر ئێمە داناوەتەوە. بێئاگان لەوەی گەلێک بە خوێنی سەدان هەزار قارەمان بەم ڕۆژو ڕۆژگارە گەیشتبێت،هیچ هێزێک ناتوانێت لەناوی ببات..
کوردستان مەنزڵگەی هەمووانە، ئایین و ئایینزاو نەتەوەکان، کلتورو داب و نەریتەکان پێکەوە توانیوویانە مۆدێلێکی جوانی پێکەوە ژیان دروست بکەن، ئەم دەستکەووت و سەروەرییانە بوونەتە هێزی هەمیشەیی و بۆ جیهانی ئازاد، موممکن نییەو قبوڵی ناکەین ئەم جوانییانەمان لێ ناشرین بکەن .
Top