سوپاس سەرۆک وەزیرانی کوردستان

سوپاس سەرۆک وەزیرانی کوردستان

وەک کەرکووکیەک لەناخی دڵمەوە سوپاسی ھەڵوێستە مێژوییەکەت دەکەم کە لەکات و ساتی خۆیدا جێگەی خۆی گرت و ئامانجەکەی پێکا، ئەم ھەڵوێستەو دەرەنجامەکەی پێمان دەڵێت ئێوەن خاوەنی کەرکووک و فریادڕەسی کەرکوکییەکان، ھەر ئێوەن خەمخۆری خاکی کوردستان و گەلەکەی چونکە دوای پەیامەکەی بەڕێزتان کەمتر لەماوەی ۲٤کاتژمێر حکومەتی عێراق گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی سەدامی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕاگرت کارکردنی بە ھەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان راگرت.
بەپێی نووسراوەکە، ئاماژە بە بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کراوە کە تێیدا ھاتووە: (ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە لە ژێر ڕۆشنایی سیاسەتی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەوانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکووک و دووبارە گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ پێش بەستنی ئەم گرێبەستانە).

لەدوای ڕووداوەکانی۱٦ ئۆکتۆبەرەوە ڕۆژ بەڕۆژ عەرەبی ھاوردە تەنگ بەگوندنیشانی کورد لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ھەڵدەچنێت، ئەویش بەھاوکاری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک و ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵێکی زۆردەدرێت تا کورد لەو ناوچانە دووربخرێنەوە، کەجێگەی باوباپیرانیانەو دەستاودەست بۆیان ماوەتە و تێداژیاون، بەداخەوە سەراڕای شەش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کورد لەکەرکووک لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەحزوری ئەو ھەموو ئەحزابە کوردییە ھیچ شتێکیان بۆ کورد پێناکرێت، ئەمە سەرەڕای بوونی سەرۆک کومارێکی کوردو چەندین وەزیر و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی کورد لەپەرلەمانی عێراق، ھەوڵەکان دەستەوەستان بەرانبەر ئەم پرسە گرنگ وچارەنووسسازەی نەتەوەکەمان تا دێت بەرەو زیاتر و زیاتر دەڕوات ھەرجارەو لەلایەکەوە بە بەرنامەڕێژی دەچنە سەر گوندنشینە کوردەکان بەھاوکاری ھێزی ئەمنی ومیلیشیای ناوچەکە داوا دەکەن ماڵ و زەویبوکانیان بۆ بەجێبێڵن، ئەمە لەکاتێکدایە کەبەرەو وەرزی چاندنی دانەوێڵە دەڕۆین مەبەست لەمەم کارەش بۆ ئەوەیە تاجوتیارانی عەرەب زەویەکانی کورد دابچێن و دەستی بەسەردا بگرن، ئەوەی مەبەستی سەرەکیمە بڵێم دوای ئەم ھەموو غەدرە و ئەم ھەموو گێچەڵ کردنە بەکوردا ئەی گوایە ئەم بەڕێزانەی ئێمە ئیشیان چییە لەحکومەتی بەغداد کەنەتوانن بەرگری لەھەقی کورد بکەن، جاچی دڵێکیان بەم پۆست و پلەو پایە خۆشە یان تەنھا بۆ مووچە ودەسکەوتی مادی و حزبی شانیان داوەتە بەر و دەستیان ناوەبەسەری کڵاوەکانیانەوە.
بەڵام بەیبک بەیاننامەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەو یاسایە کە عەرەبی ھاوردە پشتی پێدەبست کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ ڕاگۆێزانی کوردو ھاوردنی عەرەب بۆ جێگاکانیان ھەڵوەشایەوە، چیتر ھیچ شتێک بەدەستیانەوە نییە تاداکوکی لەسەربکەن بۆیە وەک کەرکووکییەک دووبارە دەڵێم سوپاس سەرۆک.
Top