وەبەرھێنان لە گشتپرسی باشوری کوردستان
September 22, 2020
وتار و بیروڕا
پێش سێ ساڵ واتە لە رۆژی دووشەممە (٢٥ ی ڕەزبەری ساڵی ٢٠١٧) گەلی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، پرۆسەکە بە شێوەێکی زۆرئارام و سەرکەوتوو ئەنجامدرا، بووە رۆژێکی پرشنگداری مێژویی و خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد.
پاش دەرچوونی ئەنجامی ڕاپرسییەکە بە (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، کە بە سەرکەوتنێکی گەورە ھەژمار دەکرێت بۆ ھەموو گەلی کوردستان بە بێ جیاوازی ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی تر بووە سەند و بەڵگەیەکی قانونی بە ھێز و متمانە پێکراو بە دەست گەلی کوردستان، ئەوا قۆناخێکی نوێ دەست پێ دەکات ئەویش قۆناخی پاراستن و وەبەرھێنانە لە ئەنجامی راپرسیەکە، کە قوناخێکی زۆر ھەستیار و چارەنووس سازە.
ھەروەک ئاشکرایە وەبەرھێنان چەمکێکی ئابوورییە لە ئەسڵدا و دوایی لە بواری قانونی دا رێکخراوە، تەنھا تاکە بوارێک ناگرێتەوە، بەڵام ئەم چەمکە یاخوود ووشەیە بەردەوام خۆی وەبەرھێنان لە خودی خۆیدا کردووەو دەیکات و تەنھا لە چوارچێوەی وەبەرھێنان لە بواری سەرمایەدا خۆی قەتیس نەکردووە، بەڵکوو بەردەوام لە فراون بووندایە.. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وەبەرھێنان بە زۆر شێوەو و لە بواری ھەمەجۆردا ئەنجام دەدرێت وەک( وەبەرھێنان لە بواری ئاودا ، وەبەرھێنان لە بواری رۆشنبیری دا، وەبەرھێنان لە بواری ژینگە دا، وەبەرھێنان لە بواری نەوت دا یان گەشتوگوزاردا یان لە بواری ئاینی دا یان لە بواری زانست و فێربوون و تەکنۆلۆژیادا و بواری میدیایدا...تادوایی بکرێت) ئەوا بە ھەمان شێوە دەکرێت لە بواری راپرسی و گشت پرسیدا وەبەرھێنان بکرێت، ئەویش پالپشت بە و زانیارییە روون و ئاشکراییەی کە راپرسی ومافی چارەی خۆنووسین مافێکی قانونی و دان پێنراوە لە جارنامەی مافی مرۆڤ دا ، راستە پیادەکردنی مافێکی قانونی دیموکراسی سیاسییە، بەڵام ئاسەوار و دەرھاویشتەی ئابووری لێ دەکەوێتەوە، ھەروەک ئاماژەمان پی کرد چونکە وەبەرھێنان لە ئەسڵدا چەمکێکی ئابوورییە و لە لایەن ھەموو لایەک ئاشکرایە کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆی جیھاندا کە ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی ھەمان دراون ( اڵاقتێاد والسیاسە وجھان للعملە الواحدە) ؛ ھەردوو بوار واتە بواری ئابووری و بواری سیاسی کار لە یەک دەکەن و لە ھەمان کاتدا کاریگەرییان لە سەر یەکتر ھەیەوە کار لێکراون واتە (کارلێکەر و کارلێکراون) لە یەکتری بە شێوەێکی ڕاستەوخۆ و ناراستەخۆ ، بە ڵگەش بۆ ئەو قسانە زۆر بە روونی و ئاشکرایی بە دیارکەوت لە پرۆسەی راپرسی و ئەنجامەکەی ئەویش شوێنەواری سیاسی لێکەوتەوە جا چ بە شێوەێکی ئەرێنی بوو یان نەرێنی بوو، دەکرێت وەبەرھێنان لە رۆڵ و لایەنە ئەرێنیەکەی ئەنجام بدرێت کە مامەڵەی لەگەڵ گشتپرسی و ئەنجامەکەی کرد ، ھەروەھا بە ھەمان شێوە لەگەڵ بوارە ئابووریەکەی دا. لە ھەمان کاتدا مامەڵەی تەندروست و ژیرانە لەگەڵ لایەنی نەرێنی ئەنجامی ڕاپرسی بکرێت ئەویش کار لە سەر کەم کردنەوە کاریگەرییە نەرێنییەکان بکرێت و سنووردار بکرێن . کە ئەویش بە چەند ئامڕاز و گرتنەبەری چەند ڕێ و شوێنێک دەکرێت کە دوای ئاماژەی پێ دەکەین.
لە دیارترین کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو کات واتە راستەوخۆ لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی گشتپرسی، ئەویش کاریگەریی گشتپرسی باشوری کوردستان بوو لە سەر بازاڕی وزەی جیھانی و بە دیارکراویی بەرزبوونەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەو کات بۆ (٥٨,٢٣$) بەرزبۆوە وە نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس بۆ (٥٤,٢٣$) بەرزبۆوە ، ھەروەھا نرخی دۆلاری ئەمریکی جووڵەیەکی کەمی بە خۆی بینی کە ئەم دوو ھەنگاوە بە ئەرێنی دادەنرێن و لە بەرژەوەندی گەلی کوردستانە. بۆیە دەکرێت کوردستان وەبەرھێنان لەو خاڵەدا بکات ئەویش بە زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی خاوو ھەناردەکردنی زۆرترین ژمارەی بەرمیل لە نەوتی خاو. ھەروەھا ھاوکات بەخێراکردنی ھەنگاوەکانی ھەناردەکردنی گازی سروشتی .
بۆ ڕاگرتنی بەڵانسی بازاڕ و ئابووری و لایەنە دارییەکەی باشوری کوردستان پێویستە وەک یەکەم ھەنگاو وەبەرھێنان لەو یەک رێزییەی کۆمەڵگا و ھەموو نەتەوە و ئایین وپارتە سیاسییەکان بکرێت، ئەویش بە فراونکردنی و پەرەپێدانی بە شێوەێکی ڕاست و دروست و بونیاتنەرانە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان دوور لە ململانێیی نەسکی حیزبایەتی و ناوچەگەریی، ئەمەش ئەرکی ھەموو تاک و لایەنێکە لەم کوردستانە، ھەر ئەویش زامنی وەبەرھێنانی دروستە لە ئەنجامی راپرسی و خاڵی بنەڕەتی و سەرکییە لە وەبەرھێنانێکی کاریگەر ..
پرسیارێک لێرەدا دەوروژێنرێت ئەویش کە بۆچی وڵاتی تورکیا سنووری دانەخست وەرێگری لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم نەگرت بۆ بەندەری جیھان؟ لە وەڵامدا دەڵێین ئەوانیش وەبەرھێنان لە ھەردوو بواری ئابوری و سیاسی دەکەن ، چونکە باش دەزانن کە گەمارۆی ئابووری لە سەر باشوری کوردستان دۆخەکە بۆ بواری مرۆیی کۆمەڵایەتی دەگۆردرێن و لە کۆتاییدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێنە دەنگ و بڕیاری پێویست دەردەکەن ھاوشێوەی بریاری ژمارەی (٦٨٨) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ دەریکرد ، ھەر بڕیارێکی لەم شێوەیەش بە قازانجی گەلی کوردستان و لە بەرژەوەندی سیاسی و پرسی راپرسیەکەی باشوری کوردستان دەبێت. ئەوەی شایەنی باسە کە فەرەنسا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایش نێوەدەوڵەتی دەگرێتەدەست، بۆیە دەبێ کاری جددی باش لە سەر رۆڵی فەرەنسا بکرێت و کورد ھانی لوبی و لایەنگرانی فەرنسی بخاتە گەڕ بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد بە تایبەتی لە پرسی گشتپرسی و ئەنجامەکەی .
وەبەرھێنان لەسەر بۆچوون و ئەو ھەڵوێستەی کە دانیشتووانی ناوچە جێناکۆکەکانی باشوری کوردستان ئەنجامیان دا بە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوور و کلدان و شەبەک جا چ موسڵمان یان مەسیحی یان زەردەشتی یان ئێزیدی یان کاکەیی یان ھەر ئاین و ئاینزایک بن دا بکرێت، ئەویش بە زیاتر ڕاکێشانیان بۆ ئینتیمای نیشتمانی وە حاڵی کردنیان بە مافی ھاونیشتیمانی و پێکەوە ژیان لە دەوڵەتی کوردستان لە داھاتوودا، ئەویش بە گەرەنتی دابین کردنی مافە نەتەوەیی و کلتووری و ئاینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان.
پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە؛ چۆن وەبەرھێنان لە سەر ئەنجامی گشتپرسی دا بکرێت؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەوا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین کە دەبێت زۆر بە ژیری و لێزانانەوە مامەڵە لەگەڵ پێشھات و دەرھاوێشتەکانی گشتپرسی و ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا بکرێت، چونکە بۆی ھەیە ھەر ھەڵەیەکی زۆر بچووک لە ھەنگاوێکی کرداری یان لێدوانی ھەڕەمەکی ببێتە مەترسی گەورە لە سەر پرۆسەی ئەم وەبەرھێنانە یان لە ناو بردنی، بۆیە زۆر گرنکە کاری ھەرە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان بریاردان بێت لەسەر پلانێکی ستراتیژی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە و ئەم وەبەرھێنانە و لە ھەمان کاتدا پێکھێنانی چەند دەستەو لێژنەیەکی ھاوکار وەکو:
ڕ- دەستەی دانوستاندن و دیراساتی ئیستراتیژیی .
ب- دەستەی ڕاوێژکاری (قانونی –ئابووری – بازرگانی – دارایی- جوگرافی..ھتد ) .
کە پێکبھنرێت لە کەسانی ئەکادیمی و زانستی و لێزانان و شارەزایان لە بواری ھەمە جۆر
پێویستە ئەم ئامڕاز و ڕێوشوێنانە بگرینەبەر بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنانی دروست و سەرکەوتوو لە سەر ئەنجامی گشتپرسی کە لەم خاڵانەی خوارەوە دا ھاتووە :
١- پێویستە ھەنگاوەکانی ئابووری و سیاسی لە کوردستان لە سەر دوو ھێڵی ھاوتەریب وەبەرھێنانیان لە سەر بکرێت پێگەوە ھەنگاوبنێن و بە ئاگاداری یەکتر. چونکە بواری ئابووری و سیاسی وەک شەمەندەفەر و فارگۆنەکەیەتی کە یەکێکیان ئەوەی تر ڕادەکێشێت و دەکرێت جێگایان بگۆڕدرێت بە بەردەوام بۆ ئەوەی بە یەک ئاڕاستە بڕۆن نەوەک دژ بە یەک.
٢- پێویستە کاری زیاتر لە سەر یەک ریزی و تەباییە ناوەخۆییە بپاریزرێت و پەری پێ بدرێت و رێک بخرێت لە چوارچێوە ی واژوو کردنی پەیمان نامەیەکی شەرەف.
٣- پێویستە ڕێگا لە چوونە دەرەوەی دۆلار دراوی گران (العملە الێعبە) لە کوردستان بگیرێت بە تایبەتی لە پرۆسەی ھاوردەکردنی کەل و پەل و کاڵا کەمالیتیەکان و بۆ نموونە ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێل بۆ باشووری کوردستان تا ڕادەێکی زۆر کەم بکرێتەوە یان بوەستێنرێت بۆ ماوەیەکی کاتی یان رێنمایی تۆکمەی بۆ دابڕێژرێت.
٤- پێویستە ھەرچی زووە لێژنەی ئامادەکردنی دەستوور بە پێکھاتەێکی نوێ دەست بە کار بێت و ماوەیەکی دیاری کراوی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی ڕەشنووسی دەستوری کوردستان ئامادە بکرێت بۆ ڕاپرسی.
٥- پێویست چاکسازی تەشریعی و قانوونی لە بەرامبەر قەیرانی دارایی و ئابووری ئامادە بکرێت وە بۆ حاڵەتی لە ناکاو ئامادە بین.
٦- پێویستە ڕەشنووسی چەند قانونێک ئامادەبێ بۆ دەنگدان لە سەری لە پەرلەمانی کوردستان کە ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان دەبات بەڕێوە لە بوارە ھەمەجۆرەکان، چونکە دەبێت ئامادە بین بۆ ھەر ئەگەرێکی لە ناکاو و بە پەلە بۆی ھەیە پێشھاتەکان وا بخوازێت دەوەڵەتی سەریەخۆی کوردستان ڕابگەینرێت خۆ ناکرێت لەو کاتە کار بە قانونی دەوڵەتێکی تر کە عیراقە بکرێت لە دەوڵەتی کوردستان بۆ نموونە ( قانونی دراو – قانونی ناسنامە – ڕەگەزنامە – قانونی باری کەسیەتی و قانونی خزمەتی شارستانی و ھتد ).
٧- خستنەڕووی پرۆژە ستراتیژییەکان بۆ وەبەرھێنان تیایدا بە مەبەستی ھاندانی وڵاتان و کۆمپانیاکانی جیھانی خاوەن بڕیار لە ئاستی ئابووری و سیاسی لە جیھان بە تایبەت لە بواری نەوتی خاو و گازدا تا لە کوردستان وەبەرھێنانی ماوە درێژ ئەنجام بدرێت، ئەویش لە رێگای پەسندکردنی مۆڵەتی وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان. پیادەکردنی ئەوپەری شەفافیەت و ئاشکراییی بۆ ئەوەی متمانەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی بە دەستھێنانی متمانەی نێوخۆیی لە ھاوڵاتیان بە گشتی و ئەو ھاوڵاتیانەی عەرەب و تورکمان و مەسیحی یانەی کە بە بە ڵێ بۆ سەربەخۆیی دەنگیان داوە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە .
٨- تەواوکردنی کاری بە خێرایی ئەو بەنداوانەی کە لە ژێر ئەنجامدان و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکانی کوردستان.
٩- دروست کردنی شوێنی تایبەت بە کۆگاکردنی بەروبوومی دانەوێڵە(گەنم و جۆ ..) لە کوردستان بە تایبەتی بۆ وەرزی دورێنەی ساڵی داھاتوو، ھەروەھا دروستکردنی ئەمباری گەورە کە جێگای بە سەدان یان ھەزاران ملێون لیتر لە نەوت و گاز تیایدا بە کۆگا بکرێت. ھەروەھا کۆگاکردنی شیری منداڵان و داودەرمان کە بە لایەنی کەم بەشی (٣ – ٦) مانگ بکات .
١٠- دامەزراندنی پەیمانگەیەکی نوێ لە بواری ھونەری دانوستان و گفتوگۆ و چۆنیەتی بەڕیوەبردنیان لە کوردستان، بۆ پێشکەشکردنی دیراسات و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە کوردستان .بە ناوی پەیمانگای دانوستان و توێژینەوەی ستراتیژی. چونکە لە مەودوا دەبێت بۆ چارسەرکردنی ھەموو بابەتێک لە کوردستان دوور بێت لە زمانی زبر و ھەڕەشە بەڵکو دەبێ بە دانووستان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت جا لە ھەر بوارێکدا بێت. بە تایبەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پلانە نێودەوڵتیەی لە ئارادایە بە ناوی (ئاینی ئیبراھیمی) یان پەیمان نامەی ئیبراھیمی( اتفاقیە اڵابراھیمیە) وە دروستکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئیبراھیمی(الولایات المتحدە اڵابراھیمیە)، وە دیارکردنی پێگەی سیاسی و جوگرافی ھەرێمی کوردستان لەم بیرۆکەیەدا کە لە ئەرزی واقع ھەست بە ھەنگاوەکانی دەکرێت لە رێکەوتنامەی (ئیسرائیلی – ئیماراتی عەرەبی) وە (ئیسرائیلی – بەحرینی).
١١- پاراستنی ئەو جێگیرە ئابووری و داراییەی لە دۆخی بازاڕ و نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان بپارێزرێت وە بە ھیچ شێوەێک رێگا بە قۆرخکاری بازاڕ نەدرێت وە جێ بەجێکردنی یاسای بە کاربەر وە کاراکردنی بەرێوەبەرایەتی پاراستنی بە کاربەر .
١٢- گرنگی دان بە پیشەسازی و بەرھەمی نێوەخۆی لە ھەرێمی کوردستان و پالپشتیکردنی لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
١٣- ھەمەجۆر کردنی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھاتەکامنی دارایی لە ھەرێمی کوردستان نەوەک تەنھا پشت بەستن بە یەک شێوە کە فرۆشتنی نەوتی خاوو داھاتەکەی.
١٤- پێویستە وەبەرھێنان لە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتی روسیا بکرێت، بەتایبەتی لە بواری وزە، چونکە لە رۆژگاری ئەمڕۆ روسیا ھەژموونی سیاسی و ئابووری بەھێز و کاریگەریی لە سەر ھەردوو دراوسێی باشوری کوردستان دا ھەیە کە ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانن.
مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین – کۆلێژی یاسا