بودجەی 2021 ی عێراق.

بودجەی 2021  ی عێراق.

بڕیارە لەماوەی داهاتودا ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی(2021) بنێریتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن وبڕیاردان لەسەر یاساکە و پەسەندکردنی پێش کۆتاهاتنی ماوەی دیاریکراوی یاسایی تایبەت بە بودجە.
ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی ساڵی دارایی(2020) ەوە هەیە ئەوە تەنها لەلایەنی یاساییەوە ئەنجومەنی نوێنەران حکومەتی ناچارو پابەند کردوە کە پێویستە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی(2020) ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت بە فیلتەری پەرلەماندا بڕوات بەبێ چوونەناو ووردەکاری و شێوازی خەرجییەکان و داهاتەکانەوە،شایانی وەبیرهێنانەوەیە قەبارەی بودجەی ساڵی دارایی (2020) بەنزیکەی(140 بۆ146)ترلیۆن دینار خەمڵێنرا بوو بە کورتهێنانی زیاتر لە(40) ترلیۆن دینار.
حکومەتەکەی موستەفا کازمی هۆکاری سەرەکی بۆ نەبونی بودجەی (2020) دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابورییەی کەلەکۆتایی ساڵی ڕابردودا سەری هەڵداو بووبە هۆی لابردنی کابینەکەی عادل عبدالمهدی و پێکهێنانی کابینەی کاربەڕێکەر و پاشان هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بارودۆخەکەی زیاتر ئالۆز کردوو هەر بۆیە حکومەت نەیتوانی بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان.
لەئێستادا حکومەتەکاربەڕێکەرەکەی کازمی لەهەوڵی دانانی پرۆژە یاسای بودجە و پلانی ستراتیژی سێ ساڵەیە هەر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم لەبەغدادن و بەشداری کۆبونەوەکانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی دارایی (2021) و پلانە ستراتیژیەکە دەکەن.
پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2021 ) بە نزیکەی (150) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هەموو بودجەکە تەنها بۆ خەرجی بەگەڕ(النفقات التشغيلية) دەڕوات وهیچ بەشەبودجەیەک نامێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان هەرچەندە لەناو بودجەکەشدا هەبێت.
تا ئێستا ئەوەی کە هەیە ناوەند ڕێژەی لە (12.67%) ی بودجەی عێراقی بۆ هەرێم داناوە بەمەرجی پێدانی ڕۆژانە (250)هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان ڕادەستی ناوەند بکات،شایانی باسە تائێستا ڕێکەوتن ئیمزا نەکراوە و لەدواین پێشهاتدا ناوەند داوا دەکات دەستور بنەما بێت بۆ ڕێکەوتن.
خەمڵاندنی بودجەی ساڵی دارایی (2021)ی عێراق لەسەرداهاتی فرۆشتنی نەوت دانراوە بەڕێژەی (95%) بەنرخی (45)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناو کەمبونەوەی چالاکی ئابوری لە جیهاندا نرخی نەوت جێگیر نی یە و لەهەڵکشان و داکشاندایە ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتوی بودجەکە دروست دەکات و سەرەڕای ئەوەش هەرێم و ناوەند تائێستا ڕێکنەکەوتون.
لەلایەکی ترەوە بڕیاری دیاریکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە عێراق ناتوانێت هەناردەی نەوتی ڕۆژانە زیاد بکات بۆئەوەی داهاتی زیاتری دەست بکەوێت و بەپێ ی بریارەکە عێراق بەهەرێمی کوردستانەوە پێویستە لە(23%) هەناردەی نەوت کەم بکاتەوە بەئامانجی جێگیربونی نرخی نەوت.
هەروەها دیاردەی کورتهێنان چەندین ساڵە بەرۆکی بودجەی گشتی عێراقی گرتوە و بووەتە مۆتەکە و بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی ئابوری عێراق لەبودجەی (2020)دا نزیکەی زیاتر لە(40) ترلێۆن دینار کورتهێنان خەمڵێنراوە و وا دەردەکەوێت لەبودجەی گشتی(2021)دا بڕی کورتهێنانەکە زیاتر هەڵدەکشێت بۆ زیاتر لە (50)ترلێۆن دینار.
هەروەها قەیرانی قەرزەکانی عێراق یەکێکی ترە لەئاستەنگەکان کە ساڵانە بەهۆی سوودەکانیەوە زیاتر کەڵەکە دەبێت ولەئێستادا بەغداد (120)ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر شانە و لەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری ودارایی عێراقدا حکومەت ناچار دەبێت کە قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بکات بە بڕی(15)ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆ و بڕی(5)ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی بەپێ ی یاسای قەرزکردن بەمەبەستی پێدانی مووچەوخەرجیەکانی حکومەت بەڵام وا دەردەکەوێت دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ئامادە نین قەرز بدەن بە عێراق بۆ پێدانی مووچە هەر بۆیە موستەفا کازمی ڕێکاری تری گرتوەتەبەر بەمەبەستی دەستکەوتنی داهاتی زیاتر لەوانە نەهێشتنی دیاردەی فرەمووچەیی و دەست بەسەرداگرتنی خاڵەسنوریەکان و بڕینی مووچەی وەهمی و بن دیوار و زیادکردن و یەکخستنی باجی گومرگی و کەمکردنەوەی هاوردە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
ئەگەری هەیە بەم ڕێکارانەی سەرۆک وەزیران تاڕادەیەک قورسایی کورتهێنانی بودجە لەسەر شانی دارایی حکومەت سووک بکات .
*ئابــوریناس
Top