بە ھەرێم کردنی سلێمان یان لەباربردنی ھەرێمی کوردستان ؟

بە ھەرێم کردنی سلێمان یان لەباربردنی ھەرێمی کوردستان ؟

ناوە ناوە بە ناوی جیاواز کار لەسەر جیاکردنەوەی سلێمانی و دابرینی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لە رووی فکریەوە تا ڕادەیەکی زۆر توانیویانە ئەم کارە بکەن و سەرکەوتووش بوون، ئەوەی ماوەتەوە سنورە جوگرافیەکەیەتی !
ئەم ھەولانە چەند ئامانجێکی لە پشتە :
✮لاوازکردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی پارتی حزبی یەکەم و باڵا دەستە لە یەکەم کابینەوە تاکو ئەمرۆ، زەحمەتیش بەم زووانە پارتی یەکەم بوون بۆ رکابەرەکانی چۆل بکات.
✮گرنگیدان بە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە رووی نێودەولەتی بەتایبەت لەلایەن ولاتە مەزنەکان، ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆشیان بێت بۆ ئێمەی دەور دراو بە ئەژدیھا شتێکی خراپ نیە.
ئەمە وایکردوە ھەرێم کوردستان ببێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پیلانی شیعی عێراقی ـ ئێرانی .
ئێ خۆ ئێران خۆی نایەوێ یان ناتوانێ مەیدانی دژایەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆیە ناچارە سوود لە ھێزە نێوەخۆیەکانمان وەربگرێت ،، ئەوانەی بەھەموو ئاوازێک ھەلدەپرن ،،

✮ مانەوەی پاشماوەی ھزری دژە دەستەلات بوون تاکو ئێستا لەنێو کۆمەلگەی ئێمە وایکردوە ھەرچی حکومەت بیکات ھەر رەشە !
بێگومان ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە سەردەمی بەعس دروست بو، دوای راپەرین و حکومرانی خۆجێی نەتوانراوە ئەو پەتە بپچرێنرێت، بەھۆی مانەوەی ئەو کەسانەی لەسەردەمی رژێم دەستەلاتدار بوون.
✮ بونی بۆشای خزمەتگوزاری وایکردوە تاک چاوی لە زیاتربێت، کە ئەوە ئەرکی حکومەتی ھەرێم و حکومەتە خۆجێیەکانە لەئاست تموحی خەلک بن.
✮ گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەجۆرێکە ھەلی رەخساندوە بۆدەست تێوەردانی ولاتانی خاوەن بەرژەوەندی، ھەرێمی کوردستانیش لێی بەدەر نیە .
کێ سوودمەندە ؟
ھەلە ناکەم گەر بلێم دوو ئیدارەی تاکو ئێستەش ئاسەوارەکانی زۆر بە زەقی ماون، یەکێتی بە تەواوی لەسلێمانی باڵا دەستە لە باشی و خراپیەکانی ئەو شارە بە ھەموو قەزا و ناحیەکانیەوە بەرپرسیارە
بێگومان ئەمە بۆ ھەولێر و دھۆکیش ڕاستە.
ئەوەی مەبەستمە بیلێم ئایا سلێمانیەکان دەیانەوێ ببن بەھەرێم و یەکێتی فەرمانڕەوایان بکات ؟
ئەگەر دادوەرانە لە سلێمانی بروانین نەتوانراوە خزمەتێکی باشی بکرێت لە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان ئەمە قسەی من نیە بەلکو بە سیمای شارەکەوە دیارە لەگەل ئەوەی سلێمانیەکان شایستەی زیاترن .
ئەمە یەکێتی لێی بەرپرسیارە، لەسەر ئەمەش یەکێتی لەلایەن خەلکی سلێمانی سزادراوە مەبەستم لە سەنگی دەنگەکانیەتی لە ھەلبژاردنەکانی رابردوو .
بۆیە دەکرێ بلێین ئەوە سلێمانیەکان نین ھەر رۆژەو بە ئاوازێک باس لە دابرینی سلێمانی دەکەن لە ھەولێر و دھۆک، بەلکو ئەوان گەرەکیان خزمەت بکرێن، جا کێ دەیکات دەستی خۆش بێت.
لێرە تێدەگەین سەری داوەکە بریتیە لە لاواز کردنی تا ئەگەر بۆیان بلوێت لەباربردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستانە نەک بە ھەرێمکردنی سلێمانی لەلایەن نەیارانمان بە ھاوکاری نێوەخۆیمان .
ئەم ھزرە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە ؟
ئاشکرایە کێشەی کورد مێژووێکی دوور و درێژی ھەیە، بەلام لەسەرەتای دروستکرنی عێراق لە میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەلایەت ئینگلیز و فەرەنسا قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد، ئەوکاتەی بە رێکەوتننامەیەک ،، سایکس پیکۆ ،، خاکی کوردستان بەشێوەیەکی نا ئارەزوومەندانە لێکنرا بەو دەولەتە ،، عێراق ،، .
لەگەل ئەوەی کورد نارازی بوون لەم لکاندنەیان لێ باروودۆخی ئەو کات و بێ ھێزی وایکرد قبولی بکەن، بەلام بێدەنگیش نەبوون، شۆرشەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەو کاتەوە تاکو ئێستەش وەلامێکە بۆ ئەو ماف خواردنەی .
ئەمە وایکردوە ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە ، ھەموو ھەولێک بدەن بۆ سرینەوەی شوناسی کورد و نەھێشتنی ھزری ئازادیخوازی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە باشووری نیشتیمان خۆری ئازادی ھەڵات و دواجار ھزری سەربەخۆیی و دروستکردنی دەولەت زێدەتر بو، فۆبیای گەورە بوونی ئەو ئایدۆلۆژیا خۆرسک و گەورەیە وایکردوە بەربەستی گەورە بۆ کورد دروست بکرێن، تا ڕادەی ئەوەی ھەموو ھەولێک بدرێت بۆ تێکدانی نێو مالی کورد جا بە ھەر ئامراز و رێکارێک بێت.
چارەسەر چیە ؟
ئاسان نیە ھێزێکی کەمت ھەبێت و دووژمنت زۆربێت، لێ دونیا گۆرانکاری زۆری بەسەر ھاتوە، بەرژەوەندی دەتوانێ ھاوکێشەکان بگۆڕێت!
بۆیە پێویستە کورد بە گشتی و باشوور ،، ھەرێمی کوردستان ،، بەجدی کار لەسەر دروستکردنی بەرژەوەندی لەگەل ولاتان مەزن و دراوسێیەکان ،، نەیارانی ،، بکات، جگە لەوەی کۆدەنگی لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان و نەھێشتنی گلەی ھاولاتیان وا دەکات ھێز و کاریگەریمان زێدە تر بێت و نەبین بە ژەمی ئەژیدیھا و نەیارانمان.
Top