سەر ئێشان بە ھۆی دەرمان

سەر ئێشان بە ھۆی دەرمان

ھۆکارێکی زۆر باوی سەرئێشان، بریتییە لە سەر ئێشان بە ھۆی ئەو دەرمانانەی؛ کە: بۆ چارەسەر کردنی سەر ئێشان بەکار دێت، وە بە دەرمانە ژان لابەرەکان (analgesics) ناو دەبرێت، کە لە زۆر کاتدا درکی پێنا کرێت!
زۆر بەکار ھێنانی دەرمانە ژان لابەرەکان سەر ئێشەیەکی تووند بۆ مرۆڤ دروست دەکات، نەخۆشەکە بۆچاکبوونەوەی و ھەوڵدان بۆ نەھێشتنی سەر ئێشانەکەی ژەمی زیاتر یان بڕی زۆرتری لە دەرمانە ژان لابەرەکە وەردەگرێت، واتە: ئەگەر پێشتر بە یەک حەب ژانە سەرەکەی نەدەما و چاک دەبووەوە ئێستا دەبێت دوو حەب وەربگرێت، بەمجۆرە بەرەبەرە حەبی زۆرتر وەردەگرێت. کاتێک ئاستی دەرمانەکە لە ناو خوێندا ڕووی لە نزمبوونەوە کرد دووبارە ژانە سەرەکەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش وا لە نەخۆش دەکات ڕۆژانە دەرمانی لابردنی سەر ئێشە بخوات و ڕۆژانە ژانە سەری ھەبێت. ئەمەش بە زۆری لەگەل ئەو دەرمانانە ڕوو دەدات؛ کە: ماددەی کافایینیان تێدایە و ئەو دەرمانانە لە بازاڕ لە لای دەست گێڕەکان و نۆڕینگەکانی لاکۆڵانان ھەیە و لە ھەولێر و کوردستان بەوە دەناسرێن، وە داوا دەکەن کە: (ئەو دەرمانەی کچەکە دەستی بە سەری وەگرتووە یان دەرمانە بەرگ سۆرەکە)!!.

* چارەسەر: ھەر کاتێک کەسێک لە لایەن پزیشک بینرا، پزیشکەکە دیاری کرد؛ کە: نەخۆشەکە سەرئێشانی بە ھۆی دەرمانە ژان لابەرەکان ھەیە. ئەوا: یەکسەر ھەموو ئەو دەرمانانەی لێ ڕادەگیرێت و لێناگەڕێین نەخۆشەکە ئەم چەشنە دەرمانانە وەربگرێت، ھەروەھا ئامۆژگاری نەخۆشەکە دەکرێت ئەو ماددانەی کافایینیان تێدایە (وەک: قاوە، چایە، چووکلێت، کاکاو..ھتد) کەم بخوات. دوای چەند حەفتەیەک ووردە ووردە ژانە سەرەکە ڕوو لە کەمی دەکات و لە دواییدا نامێنێت.
Top