واز بێنن با گۆڕانكارییەكان بەكردار ئەنجامبدرێن
September 6, 2020
وتار و بیروڕا
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەدەسپێكی كارنامەی كابینەی نۆیەم بەپڕۆژەیەكی گشتگیر و مۆدێڕن ھاتەناو كاییەی حكومڕانی ھەرێمی كوردستان و دەوامی فەرمانبەران ڕێكخست و زێدەڕۆیی و گەندەڵی تائاستێكی باش وەستاند سەرەڕایی بوونی نەیاری زۆر پرۆژەی چاكسازی ناردە پەرلەمان و بەیاسایی كرا و لەداھاتوودا دەكەوێتە بوواری جێبەجێكردن، سەڕەڕایی بوونی قەیرانی ئابوری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەیان پڕۆژەی گرنگی ئەنجامداوە.
كاك مسرور بارزانی زیاتر وەك سەركردەیەكی مەیدانییە و خۆیی سەرپەرشتی پڕۆژەكان دەكات و بەدواچوونی بۆ دەكات، تەواوی ڕۆژەكانی حەفتە خەریكی كار و دەوامە بۆ زیاتر خزمەتكردنی خاك و گەل، ئەو جەنجاڵی و تێكەڵیەی كەھەرێمی كوردستانی بەئاقارێكی گەندەڵی دابردووە پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن ئیڕادەو بەھێزی وەك كەسایەتی كاك مسرور بارزانی ھەیە كە بەرژەوەندی گەل و خاك لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییە حیزبی و تاكەكەسییەكان بێت و توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی مافیا و گەندەڵكارانی ھەبێت، بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت شارو شارۆچكەكان بكات سەرەڕایی ڕێگری زۆر و ھەوڵی پەكخستنی پڕۆژەو كارو چاڵا كییەكانی لەبەشێك لەشارەكانی ھەرێمی كوردستان.
گۆڕانكاریەكان لەشیعارو بانگەشەوە كران بەكردار و جێبەجێكران لەبەرنامەی سەرۆك وەزیران زیاتر ھەوڵدەدرێت دەرفەتی كار لەكەرتی تایبەت برەخسێندرێت لەزۆربەی شارو پارێزگاكان كەرتی پیشەسازی بەگەڕ بخرێت و زۆرترین دەرفەتی كار بۆ ھاوڵاتیان دابین بكرێت، لەپارێزگای دھۆك پرۆژەی پیشەسازی دەستكراوە بەكاركردن و بەجێ بەجێكردنی و سەرجەم پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، وابڕیارە لەپارێزگای ھەڵەبجە كەرتی پیشەسازی بەگەڕ بخرێت و زیاتر پشت بەبەرھەمی خۆماڵی ببسترێت نەك بەرھەمی ھاوردەكراو دوابەدوای دھۆك و ھەڵبجەش پارێزگاو ئیدارە خۆجێیەكانی تریش دەگرێتەوە كە زۆرترین دەرفەتی كار دەرەخسێنرێت بۆ ھاوڵاتیان و مەزندە دەكرێت زیاتر لە (١٠٠٠٠٠)سەد ھەزار ھەلی كار برەخسێنێت، چەندان پرۆژەی تریش لەبواری جێبەجێكردن و جێبەجێكراون كەزیاتریان ئاوەدانكردنەوەی ڕێگاوبان و شەقامەسەرەكیەكان و كەرتی كارەباو گشت كەرتەكانی تر.
حكومەتی ھەرێمی كوردستان جگە لەبوونی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆڕۆنا و نەمانی داھاتی ناوەخۆ و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی لەلایەن بەغداوە لەناوخۆیی ھەرێمی كوردستانیش چەند دەستێكی نایاری قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندیەكان گەل تەگەرەو بەربەستیان بۆ حكومەتی ھەرێمی دروستكردوە، بەڵام ئیرادەیەكی بەھێز ھەیە كەتوانای پوچەڵكردنی ھەموو پیلان و بەربەستەكانی ھەیە، لەئایندەدا كوردستان دەبوژێتەوەو ژیان ئاسایی دەبێتەوە.