لەپەراوێزی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا
September 3, 2020
وتار و بیروڕا
وەزارەتی کشتوكاڵی حکومەتی هەرێم ماوە ماوە بەپێ ی بارودۆخی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمەناوخۆییەکان هەندێ بڕیار دەردەکات کە تاڕادەیەکی باش کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر نرخی بەروبومەکشتوکاڵییەکانی ناوخۆ جۆرێک لەجۆرەکان نرخێک بۆ بەرهەمی ناوخۆ دروست دەبێت و هەناسەیەک بە جورتیاران دەدات. کە بەداخەوە ساڵانە لەگەڵ پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ توشی قەیرانی ساغکردنەوە و بەبازاڕکردن دەبنەوە و هەر ئەمەش گلەو گازندەی جوتیاران و خاوەن بەرهەمەناوخۆییەکانە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا تیشکی بخەینە سەر ئەسڵی کێشەکەیە کە بریتی یە لەسیستەمی ئابوری و سیاسەتی کرانەوە و سەربەستی بازاڕ بەمانایەکی تر هەرێم پەیڕەوی سیاسەتی بازاڕی ئازاد دەکات و لە هەمانکاتدا ئامانجی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانی و ناوخۆیە!
لەلایەکی ترەوە بێ توانایی بەرهەمهێنان و کەمی بەرهەمی ناوخۆ بەبەراورد بە خواستی بەکاربەران لەهەر چوار وەرزەکەی ساڵدا گرفتێکی تری بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە کە ئابوری هەرێم نزیکەی دوو دەیەیە بەدەستییەوە دەناڵێنێت بەتایبەتی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بازارەکانی هەرێم و عێراق بەشێوەیەکی تەواو کرانەوە بەڕووی بەرهەمی بیانی بەگشتی و بەرهەمی کشتوکاڵی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی.
هەروەها یەكێکی تر لە هۆکارەکانی لاوازی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ کەبەداخەوە خۆمان لێ ی بەرپرسیارین دامەزراندنی دەیان و سەدان دەستی کاری کشتوکاڵی لەدامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمدا و گرنگی نەدان بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێم لەکابینەکانی پێشووتردا هەموو ئەمانە بوون بەهۆی لاوازکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی .
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەست بەکاربونیدا ئامانجەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو و تێدا پاراستن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی دەستنیشان کردوە بە یەکێک لە کارەکانیان بەڵام هێشتا پێمان وایە ئەم کارەی وەزارەت بەتەواوەتی ئامانجی خۆی بەدەستنەهێناوە و ساغنەبونەوەی بەرهەمەناوخۆییەکان گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە.
لەدواین هەنگاوی وەزارەتی کشتوکاڵدا بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە دراوە،کەخۆشبەختانە هەنگاوێکی باش و کاریگەر دەبێت هەرچەندە تارادەیەک بریارەکە درەنگ دەرکراوە چونکە ئاشکرایە پێگەشتنی بەرهەمی خۆماڵی تەماتە لەسەرەتای تەموزەوە دەست پێ دەکات بەڵام وەزارەت لە کۆتایی مانگی ئابدا بڕیاری داوە.هەر بۆیە پێویستە بۆ لەمەولا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بەتایبەت لەگەڵ جوتیاران و خاوەن بەرهەمەکاندا.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت بەتەنها وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانێت کار بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بکات بە بێ هەماهەنگی و دەستەجەمعی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکانی تری حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی و ئابوری و پارێزگاو ئیدارەسەربەخۆکان بەتایبەتی.
بەئومێدین لەگەڵ پێگەشتنی بەرهەمەکشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی تردا وەزارەتی کشتوکاڵ زیاتر بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بازاڕێکی گونجاو فەراهەم بکرێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان و داهاتێک وەچنگ خاوەن بەرهەم و جوتیاران بکەوێت تا لەم ڕێگەیەوە بتوانن بژێوی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەم بارودوخە قورسەی ئابوریدا دابین بکەن...
*ئابوریناس