فەرەنسا .. هەوڵی سەرپەرشتی کردنی بەرەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست
September 3, 2020
وتار و بیروڕا
پاش رێکەوتنی سایکس پیکۆ لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بو دابەش کردنی رۆژئاوای ئاسیا و میراتی دەولەتی عوسمانی، هەرچەندە فەرەنسا لایەنێکی ئەو پیلانە بوو، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بەریتانیا براوەی یەکەمە لەو رێکەوتنە، لە دواییشدا فەرەنسا نەیتوانی ئەو ڕۆلە ببینی لە ناوچەکەدا کە چاوەرێی دەکرد، بە پێچەوانەوە بەریتانیا توانی زیاتر رۆل ببینێت و هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ و بەهێز بکات و رێکەوتنی سایکس پیکۆ زیاتر بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بینیت و رگ و ریشالەکانی زیاتر بخاتە ناو ناوچەکەوە.
بۆیە فەرەنسا هەوڵی دەدا بە سیاسەت و ستراتیجیەتێکی جیاواز بێتەوە بۆ ناوچەکە، لە گۆڕینی معادلاتی سیاسی و جوغرافی بە پێچەوانەی نەخشەی سایکس پیکۆ، بۆیە هەولی ئەوەی دەدا ڕۆلی لەگەل ئەو لایەن و نەتەوەکانی ناوچەکە هەبیت کە زەرەمەند بوونە لەو رێکەوتنە، زەرەرمەندی سەرەکیش لە ناوچەکەدا گەلی کورد بووە.
واتا فەرنسا پشتیوانی بەرەی دووەم بکات لە دژی سایکس پیکۆ و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا، لە دواییشدا کەمکردنەوەی هەژمونی بەریتانیا و لە بەرامبەر دا پێگەی خۆی بەهێز بکات.
سەرهەڵدانی باشوری کوردستان و کۆڕەوە ملیۆنیەکەی باشترین دەرفەت بوو بۆ فەرەنسا تا بتوانێت پلانی خۆی جێ بە جێ بکات، ئەوە بوو ڕۆلی کارێگەری هەبوو لە دەرکردنی بریاری ژمارە ٦٨٨ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێڵی ٣٦ کە تایبەتە بە قەدەغە کردنی فرینی فرۆکە چەنگیەکانی عیراق و پاراستنی باشوری کوردستان.
کە واتا دۆستایەتی فەرەنسا بۆ کورد و هەڵوێستی نەگۆڕی فەرمی حکومەتی فەرەنسا لە پشتیوانی کورد هەر وا لە پۆشایی نەهاتووە، بەلکو فەرەنسا مەرامی سیاسی خۆی له پشته.
دەرفەتی دووەم کە بۆ فەرەنسا هاتە پێش تەقینەوەکەی بیروت بوو، دەرفەتێکی باش روخسا کە فەرەنسا بە شێوەیەکی فراوانتر و بەهێز تر پەرە بە پلانەکانی خۆی بدات.
لوبنان وەکو وڵاتێک کە دەستهەڵاتی حزبواللەی بەسەر دیارە، حزبواللەش وەکو کلکێکی ئێران لە ناوچەکە، ئێرانیش وەکو ئامرازێک بۆ بەریتانیا لە پاراستنی سایکس پیکۆ و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، ئەمە وای کرد کە فەرەنسا هەوڵ بدات زیاتر ڕۆل ببینێت. پشتیوانی فەرەنسا بۆ گەلی لوبنان لە دژی دەستیوردانی حزبواللە و هەژمونی ئێران، هاوشێوەی پشیوانی کردنە لە کورد لە دژی سایکس پیکۆ.
بەم شێوەیە و بە پشتیوانی وڵاتانی تری ئەوروپا کە هاوسۆزن لەگەل کورد و ئەو دۆخەی بەسەر لوبنان داهات، فەرەنسا دەتوانێت رابەرایەتی بەرەیەکی نوێ بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
هەر بۆیە سەرۆکی فەرەنسا زۆر بەگەرمی هاتۆتە ناو دۆخەکەوەو دەیەوێ هەر چۆنێک بیت معادلاتی ناوچەکە بگۆریت.
لە لوبنان هەولی چاکسازی و دامەزراندنی حکومەتێک دەدات دور لە دەستهەڵاتی حزبواللە.
لە عیراق هەوڵی بەهێز کردنی حکومەتی کازمی و گەیشتن بە رێکەوتنێکی بنەرەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا کز کردنی گروپە شیعەکانی سەر بە ئێرانە و برینی دەستی ئێرانە لە عیراقدا.
ئەوە جگە لەوەی کە فەرەنسا مەرامی تری تێدا هەبیت، وەکو پەیمانی لۆزان و ئایندەی تورکیا لە ناوچەکە.
ئەو دوو خالە، زۆر گرنگن بۆ فەرەنسا، پێش ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگ بن وەکو بەشێک لە سیاسەتە گشتیەکەی ئەمریکا لە ناوچەکە.
بۆ فەرەنسا ئاسایی کردنەوەی دۆخی لوبنان و رێکەوتنی بەغدا و هەولێر، واتا لە ناوچونی سایکس پیکۆ ، نەمانی ڕۆلی بەیتانیا، بە پێچەوانەوە زیاد بوونی هێزو دەستهەڵاتی فەرەنسا وەکو سەرپەرشتیاری بەرەیەکی نوێ لە ناوچەکە.
بێ گومان ئەو پلانەی فەرەنسا بە بێ هەرێمی کوردستان و ڕۆلی کورد سەرناگریت، هەر بۆیە پێویستە لەسەر کورد ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو و خۆیان لەگەڵ بگونجێنن کە کارتێکی ترە لە قازانجی کورد، تا رادەیەک کاریگەری لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبیت و نەخشە رێگای ئایندەی بۆ دیار دەکات.