خواست و داواکارییەکانی خەڵکی و بەدەنگەوەھاتنی حکومەت

خواست و داواکارییەکانی خەڵکی و بەدەنگەوەھاتنی حکومەت
خۆپیشاندانی شوفێرەکانی بارھەڵگرەکانی زاخۆ و داواکارییە رەواکانیان ھەر زوو بووە خەمخۆری ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی زاخۆ و بەرنامەو کاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، ئێمەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی بەھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران و یەکە ئیدارییە خۆجێیەکان و ھەموو نوێنەرانی دیکەی خەڵکی زاخۆی دەلال کە لانگەی شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان بووەو لەشەڕی داعش دا زیاتر لە ١٢٠ شەھیدیان داوە، بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی داواکارییە رەواکانیان دەکەین و ھەروەکو چۆن داوا دەکەین کە داواکاریی و رەخنەو گلەییەکانیان بەشێوازێکی مەدەنی و دوور لەتوندوتیژی پێشکەش بە نوێنەرەکانیان لە سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانیان لەپەرلەمان و یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە بکەن، ھەرواش داوا لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین رێوشوێنی بەپەلە و خێرا بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بگیرێتەبەر، بەتایبەتی کە لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە کارکردن بۆ بەدەستھێنانی ھەلی کارو باشکردنی بارودۆخی بژێوی ژیان لە ریزبەندی پێشەوەی کارەکان دەبێت، ھەرواش بوو رێزداران نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ھاتنە سەر ھێڵ و گوێبستی داواکارییەکانیان بوون و دڵنیاشم دوای گوێگرتن لەھەموو لایەک بڕیاری پێویستی لەبەرژەوەندی شوفێرەکانی زاخۆ دەدرێت ، لەلایەکی دیکەوە لەم دۆخە ھەستیارەی کە ھەردوو کەرتی تەندروستی و ئابووریی لە دنیادا پێیدا تێپەڕ دەبێت و لێکەوتەکانی کۆرۆنا زیانی گەورەی بە ھەلی کار و بژێوی ژیانی خێزانەکان گەیاندووە، ھەربۆیە دەبێت بەجیا لەیاسا پەیڕەو کراوەکان بیر لەوە بکرێتەوە چۆن خەڵکی خۆمان بخەینەوە سەر کارو دۆخی بازاڕ و کار ئاسایی بکرێتەوە و رێوشوێنی خۆپارێزی و تاکپارێزی توند بکرێت، بڕیاریشە پەرلەمانتارانی پارتی و بەھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکا پەیوەندارەکان و بەرپرسانی یەکە ئیدارییە خۆجێیەکان ھەوڵی بونیاتنانی پارکێکی گەورەو پێشکەوتووی لۆرییە بارھەڵگرەکان بدرێت بۆ ئەوەی سوود و قازانجی بۆ شوفێرانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ئەم پارکە گەورەیە دەبێتە ھۆی بەدەستھێنانی سەدان ھەلی کار و پێشکەوتنی دەروازەکە و بەدیھێنانی خواست و داواکارییەکانی شوفێرانی لۆرییە بارھەڵگرەکانی زاخۆ.
پارتی و جەماوەر دوو ھاوکێشەی تەواوکەریی یەکترن و ھەمیشە پارتی لەپێناو ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵکی دا قوربانی داوە، داستانەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و شەڕی داعش و شەڕی پارێزگاریکردن لەقەوارەی کوردستان شاھیدی ئەو راستیەن، مێژوو شاھیدی ئەو راستیەیە پارتی چی قوربانی و شەھید و سازشێکی کردووە لەپێناو گەلەکەیدا ، لەرۆژە سەخت و ھەستیارەکاندا لەبەرپرسیارێتی ڕای نەکردووەو ھەمیشە خەمخۆری پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ھاوڵاتیان بووە، ئەوەتا لەگەرمەی شەڕی پارێزگاریکردن لەخاک و گەلەکەی دژ بەتیرۆرستان و ھێرشی دوژمن بەرگریی سەختی کردووەو بەسەدان رۆڵەی لەکادیرو پێشمەرگەو لایەنگرانی شەھید بوون، ھەربۆیە لەم زەمەنەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و دوژمنکارییەی دەرھەق بەگەلی کوردستان و قەوارەکەی دەکرێت پارتی شانی داوەتە بەری و خەمخۆری دابینکردنی پێداویستی و موچە و قوتی خەڵکە ، راستە کەموکورتی و گرفت و کێشە لێرەو لەوێ ھەیە بەڵام پارتی لەپێناو راستکردنەوەی ھەڵەکان سەرقاڵی چاکسازیی و باشکردنی دۆخەکەیە ، بەنا بەخواو بەپاڵپشتی گەلەکەی رۆڵەکانی بارزانی بارودۆخەکە تێپەڕ دەکەن و لەرۆژە سەختەکان دەربازمان دەبێت. ئەوەی دەمێنێتەوە نارەزایەتی و گلەیی خەڵکە کە ھەندێک جار خۆپیشاندانی لێدەکەوێتەوە ، ئێمەی پەرلەمانتارانی پارتی کە لەسەر بنەمای وتەکەی سیموبلی نەتەوەیی گەلی کوردستان ( شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاریی میللەتی خۆی بێت ) پەروەردە کراوین، بەردەوام لەنزیکەوە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەسەر کەموکورتیەکان دەکەین. ئەوەی دوێنێ شەو لەزاخۆ روویدا داواکارییەکی رەوای خەڵک بوو بۆ بەدەستھێنانی ھەلی کارو گەڕانەوەی مافەکانی شوفێرەکانی بارھەڵگرەکان لەزاخۆ، ھەر دوابەدوای خۆپیشاندانەکە و کەوتنەوەی توندوتیژی راستەوخۆ لە ئۆفیسی زاخۆ وەکو پەرلەمانتارانی پارتی کۆبووینەوەو تاوتوێی داواکارییە رەواکانی خەڵکمان کرد.. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی داواکاریی رەوای خەڵک و ناڕەزایەتیەکان بڕەوێنینەوەو نوێنەری راستەقینەی دەنگدەرو خەڵکەکەمان بین و مێژووش سەلماندویەتی خەڵکە خۆشەویستەکەی پردی دەلال ھەرگیز لەدەوری بارزانی باوک و بارزانی سەرکردە دوور ناکەونەوە چونکە دەزانن کێ خەمخۆریانەو کێ خواست و داواکارییەکانیان بەواقیعی دەکاتە کردار، ھەرچەندە گومرگی برایم خەلیل دەروازەیەکی سیادییە و زۆربەی کارەکانی کەوتۆتە ژێر دەستی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو خەڵکی بەشەرەف و خەباتگێڕی زاخۆ راستەوخۆ بڕیای بووێریان داو بڕیاردرا گۆڕەبانێک بۆ لۆرییە بارھەڵگرەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەھەماھەنگی لەگەڵ شوفێرەکانی لۆرییە بارھەڵگرەکانی دیوی باکوری کوردستان کارەکان رێکبخرێتەوەو ھاتنی لۆرییە بارھەڵگرەکانی تورکیا نەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بەکارو گوزەرانی شوفێرەکانی زاخۆ.








پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان
Top