پارتی ئەو چیا پۆڵایین وسەركێشەیە داگیركەران و خۆفرۆشانی هەڵدێراوە ..
August 17, 2020
وتار و بیروڕا
لە رۆژگارێك نەتەوەی كورد پێویستی بەپارتیك هەبووە بۆ ئەوەی بیكات بەپێشڕەوی خۆی بۆ ڕزگاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر رێنوێنی سەركردەی كاریزمایی مێژووی كورد مستەفا بارزانی هاتە بوون . پارتی دیموكراتی كوردستان، لە قۆناغێكی گەشی مێژووی سیاسی و شۆڕشگێڕیی گەلەكەمانە كە بارزانیی نەمر لە هەلومەرجێكی هەستیاردا، بەسوود وەرگرتن لە هزر و تواناكان، گەلی كورد لە حزبێكی دیموكراتخوازی نیشتیمانیدا، بەرەو ئامانجە نەتەوەییەكان كۆكردەوە.
پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی و بە بڕوایەكی قووڵ بە چەمكگەلێكی وەك دیموكراسی و ئازادی و بەیەكەوەژیان و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ دەستی بە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و میدیایی و كلتووری كرد و، سەرجەم سنوورەكانی بڕی و تێكۆشەران و دڵسۆزانی گەلەكەمانی لەیەك شاڕێگەدا كۆكردەوە كە ئەویش ڕێگەی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكان بوو.
پارتی لەو كات و سەردەمەدا هاتنەدی خەونی لەمێژینەی گەلێكی زوڵم لێكراو بوو، لە گۆڕنانی خەیاڵە نەزۆكەكانی دوژمنانی سەرسەختی گەلی كوردستان بوو. لەو ڕۆژە پرشنگدارەدا هاتنە دامەزراندنم وەكو پارتی دیموكراتی كورد لەسەر دەستی باوكی ڕۆحی مستەفا بارزانی ئەزمونێكی كەم وێنە بوو لە مێژووی سیاسیانەی گەلی كورد دا. بوونی پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتیی وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كاروانی خەباتی نەسرەوتن و تێكۆشاندا، هەروەها زەرورەتێكی مێژوویی بوو لەو سەروبەندەی كۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهان بۆ بەدیهێنانی خواست و ئاواتەكانی گەلەكەمان لە گەیشتن بە گشت مافە ڕەواكانی ، پارتی هەڵقوڵاوی كولتووری شۆڕشگێڕیی كوردایەتی و ڕەسەنایەتی بوو، لە ئانوساتێكی زۆر پێویست هاتە كایەوە و ڕابەرایەتیی گەلی كوردستانی كرد لە سەردەمی پاشایەتیی ئێڕاقدا و دواتریش ڕابەرایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی كورد، كە سەرەتایەكی مەزن بوو لە بەتواناكردنی گەلی كورد بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان و مەشخەڵی خەبات و بەرخودانی هەڵگرت و لەو رێگەیەیشدا بە درێژاییی كاروانی تێكۆشانی هەزاران شەهید و قوربانی داوە بۆ پاراستنی كیان و هەبوون و شكۆداریی نەتەوەیی گەلی كورد و كوردستانییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداریی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانەوە هەروەها لەم یادەدا جارێكی دیكە بەڵێن و سۆز بە خوێن و گیانی پاكی شەهیدان و گەلەكەمان دراو و جەخت لەوەكرایەوەكە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر بە ڕێبەرایەتیی سەرۆكی خۆشەویستمان (سەرۆك مەسعوود بارزانی) كە ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانیمانە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانەكانمانن و دابینكردنی ئارامی و ئاسودەیی بۆ هاووڵاتیان .
ئەو قوتابخانەیە لە هەلومەرجێكی زۆر ناسكی وەك ئەو ساتەوەختەی كە نەتەوەی كورد پێیدا تێدەپەڕی لەتاریكی و بندەستی دوژمنان ، وەك چەخماخەیەك بۆ بەرگری كردن و مانەوەی ناوی كورد و پێداویستیەكی سەردەمیانە لەنێو گەلی كورد پارتی دیموكراتی كوردستانی تیا ڕاگەیەنرا و بە حیكمەتی گەورە و دووربینی و گیانی خەبات و بەرخودانی بارزانیی نەمر بوو كە پارتی كردە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەكەمان و پارێزەری ماندوونەناسی پێناسەی نەتەوەییمان، لەو كاروانەشدا گەلێك هەورازو نشێوی بەخۆیەوە دی، بەڵام بەهیمەتی قوتابیانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و بازووی بەهێزی پێشمەرگە قارەمانەكان و خۆڕاگری جەماوەرەكەی بەسەر هەموو كۆسپەكاندا سەركەوت و دوژمنی ڕووڕەش كرد و لە سەركەوتنیش هیچ كات مەغرور نەبووە و لە شكستیش هیچ كات نائومێد نەبووە و لەكاروانی قوربانیدانیشدا هەزاران شەهید بوونە سەروەری ئەم پارتەو بەردەوام بووە تا گەیشتن بە كۆتا لووتكەی ئامانجەكانمان..