کۆرۆنات ھەیە!؟

کۆرۆنات ھەیە!؟

وەتێ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین سەری ھەڵداوە؛ ڕۆژانە گۆڕانکاری بە سەر زانیاری و داتا و تەنانەت زاراوەکان دادێت. ئەوە بوو سەرەتا ناویان لێنا؛ (کۆرۆنای نوێ = novel Coronavirus)، دواتر لە (١١⁄٠٢⁄٢٠٢٠ز) ناوی ڤایرۆسەکەیان کردە (ڤایرۆسی کۆرۆنا - سارس ٢) و لە (٢٢⁄٠٢⁄٢٠٢٠ز) ئەو نەخۆشییەی بە ھۆی ئەم ڤایرۆسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت ناوی لێنرا؛ (کۆڤید ١٩). وە دوایێ؛ لە مانگی ئادار و تەواوتر لە (١١⁄٠٣⁄٢٠٢٠ز) دوای ئەوەی ڤایرۆس و نەخۆشییەکە پەلی لۆ جوگرافیای دوور نا و ھەموو سنوورەکانی بڕی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تووشی بوون و زێدەتر لە (٤٠٠٠) کەس بەھۆیەوە مردن؛ ئەوا: ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئەم نەخۆشییەی بە دەرد (pandemic) ناساند. ئەوجا ئەم ڤایرۆسە دەگەل ئەوەی نوێیە توانای تێزانەوە و تەنینەوەی یەکجار زۆرە و لۆشی ھەیە تۆ تووشی ڤایرۆسەکە ھات بیت و بەس نەبووبیتە (نەخۆشی کۆڤید ١٩). لە ھەنووکەدا جیاکردنەوەی ئەوەی، کە: تووشی کۆرۆنا بوویت یان نەبوویت؛ ئەوا: قەت موھیم و گرنگ نییە!؟! بەڵکو گرنگەکە، ئەوەیە: ئەرێ تووشی (کۆڤید ١٩) بوویت!؟ وە ئەگەر تووشبوویت، ئەوا: ھیچ دیاردەکانی (کۆڤید ١٩)ەت لە سەر وەدیار کەوتووە یان ھەر (کۆڤید ١٩)ەیە و بەس..
* ژمارەی تووشبووان: ئەم ڤایرۆسە بەوە لە ڤایرۆسەکانی بەرەبابی خۆی جودا دەکرێتەوە؛ واتا: لەو شەش جۆرەکەی تر چونکە ئەوە حەفتەم ڤایرۆسە لەم بەرەبابە نەخۆشی و پەتا دروست بکات! بەوە جیا دەکرێتەوە؛ کە: توانای تەنینەوە و تێزانەوەی یەکجار زۆرە! کاتێک کەسێک تووشی ئەم ڤایرۆسە دێت؛ ئەوا: لە بەینی (١ - ١٤) ڕۆژی دەوێت (بەزۆری، لە ٣ - ٧ ڕۆژە) ھەتا نیشانەکان وەدیار دەکەوێت. ئەوجا لێرەدا؛ کەسەکە کوو بڵێی قاسیدی ڤایرۆسەکەیە و ئەگەر خۆپارێزی نەکەن، ئەوا: بڵاوەی پێدەکات. بڕۆننێ:
ئەگەر کەسەکە و عەوام خۆ نەپارێزن، ئەوا: ھەر تووشبوویەک لە ڕۆژێکدا بەلایەنی کەم سێ کەس تووش دەکات.... وە ئەگەر کەسە تووشبووەکە گەڕۆک بێت؛ ئەوا: لۆی ھەیە ڕۆژانە دە کەس تووش بکات (super spreader).. ئەوجا ھەتا پێنج ڕۆژان کەسەکە ھەر عەلەمی لێ نییە؛ واتا: نایەتە ڕایێ نەخۆشە و زۆربەی کات ملەی دەکات. مانای وایە ڕۆژی دووەم دە کەسەکە سەت کەسی تووش دەکەن و ڕۆژی سێیەم ھەزار و دوایێ دە ھەزار و ھەتا حالەتی یەکەم دەدۆزرێتەوە گەیشتییە سەت ھەزار، ئەوە لۆ یەک نەخۆش!؟! ئەدی ئەگەر ژمارەکە زۆر بێت!!!
* نیشانەکان: نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە (کۆڤید ١٩) لە سەرەتادا ھەتا ڕادەیەک وەک یەکن، لۆ نموونە: نەخۆش ھەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە ھەر ھەستیشی پێ نەکردییە و ھاتوو ڕۆیی و ھەشە ماوەکی کورت نەرمە تایەک و کەمێک سەر ئێشە و داوەشانێکی کەم ئەمەش چونکە بەرگری لەشی بەھێز بووە. وە (٨٢٪)ی ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا بوون لەمجۆرەیە و بەبێ ھیچ زیانێک لێی دەرچوون.
ھەرچی ئەوەی دەمێنێتەوە؛ ئەوا: ڤایرۆسەکە لێی تووند کردوون و بووەتە (نەخۆشی کۆڤید ١٩) و نیشانەگەلی تووندتری لە سەر بەدیار خستوون و لێرەشدا حالەتی نەخۆشێک دەگەل ئەویدی جودایە بەڵام بە زۆری نیشانەی وەکو: سەرئێشان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، تەزی پێداھاتن، ئازاری جومگە، ئازاری چاو و چاو سۆربوونەوە، کۆخە، بەین تەنگی، کاپێچ بوون، زگ ئێشە، زگچوون، نەمانی ھەستی تام و بۆن، داوەشان و بێتاقەتی، بەرسیسکە و نزگەرە. نیشانە لە پێست، وەک: پنتی سۆر لە دەست و قاچ دەگەل خوران و ئازار، شان ئێشان و گیان ئێشان. نەخۆش، دەڵێت: قەلبم کووترایە و لە کوردەواری ھەر کەس؛ گۆتی: تیفۆم ھەیە ئەوا لە ئێستادا وا حلێب دەکرێت کۆرۆنایەتی!!؟
ئەوجا مەرج نییە ئەم نیشانانە ھەمووی ھەبێت؛ ھەیە ھەندێکی ھەیە و ھەشە زۆربەی ھەیە. ئەوجا کاتێک کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە بوو؛ وە گەیشت بە (نەخۆشی کۆڤید ١٩)؛ ئەوا: بەگوێرەی تووندی نەخۆشییەکەی و نیشانەکانی دەکرێت بە سێ جۆرەوە:
ا. سووک (Mild): ئەو جۆرانە کۆخەیەکی وشکی تووندییان دەبێت دەگەل تای زۆر و داوەشان و داھێزران بەڵام بەینی تەنگ نییە و ڕێژەی ئۆکسجینی دەناو خوێندا لە (٩٤٪) زیاترە و ئەگەر ئەشیعە و تیشکی سینی لۆ بکرێت خاوێن و نۆڕماڵە.
ب. مامناوەند (Moderate): کۆخە و تا و قەلب ئێشان و تەنگەنەفەسی دەبێت، وە ئەگەر پشکنینی ڕێژەی ئۆکسجینی لۆ بکرێت ڕێژەکە لە (٩٤٪) کەمترە و لە ئەشیعە قان و ھەوکردنی دەبێت.
ج. تووند (Severe): کەسەکە بەینی زۆر تووند دەبێت و دەوبەشکەی پێ دەکەوێت، ھەناسەدانی زۆر دەبێت، ڕێژەی ئۆکسجینی دادەبەزێت و لە ماوەیەکی کەمدا ھەوکردنی سییەکان لە ئەشیعەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
د. زۆر تووند (Critical): ئەوانەن کە لۆ مانەوەیان و ھەناسەدان پێویستییان بە ئامێری ھەناسەدان دەبێت یان ماک و ئاڵۆزی تووندتری لەسەر وەدیار دەکەوێت.
* دیاریکردن:
ا. گومان (Suspected Case): لە ھەنووکەدا ھیچ کەس نییە ھەڵاوێرد بکرێت، وە بگۆترێت: کۆرۆنات نییە!؟ مادام لە کۆمەڵگەیەک دەژیت؛ کە: ئیعلانی بوونی کۆرۆنای تێدا کراوە، ئەوا: لە گوینە ھەتبووبێت نەتزانی بێت یان ئەگەر لە خانەوادەکەت کەسێکی تووشبوو ھەبوو بێت یان کۆنتاکتت دەگەل نەخۆشێک کۆڤید بوو بێت یان لە شوێنی کار ھاوڕێیەکت تووشی کۆڤید ١٩ بوو بێت. ئەوا؛ ئەگەر دەگەل ئەوانە دوو یان زیاتر لە: نیشاکانی وەک:
١. تا یان نیشانەکانی نەخۆشی کۆئەندامی ھەناسەدانییان ھەیە.
٢. ئەشیعە یان تیشکی سینی سییەکان: قان و ھەوکردنی ھەبێت.
٣. خوێن: لە پشکنینی خوێن خڕۆکە سپییەکان کەم یان نۆڕماڵ بێت و لیمفە خانەکان کەم بێت.
ئەوجا ئەگەر دوو نیشانەت لەمانەی سەروەوە ھەبێت یان ھەر سێ نیشانەکانت وێکڕا ھەبێت، دەگۆترێت: مەزەندە و گومانت لێدەکرێت: تووشی کۆرۆنا بوو بیت (Suspected Case).
ب. سەلمێنراو (Confirmed Case): ئەوانەن، کە: دوای ئەوەی نیشانەکانییان ھەیە بە پشکنین چ لە دەردراوەکان یان لە خوێن دەردەکەوێت؛ کە: ڤایرۆسەکەت ھەیە.
* چارەسەر: ھەر کاتەک پزیشک نەخۆشێکی لۆ ھات؛ وە زەینمان لۆ تووشبوون بە کۆرۆنا چوو، ئەوا: دەبێت بزانرێت بەس کۆرۆنایە یان بووەتە (کۆڤید ١٩). وە ئەگەر بووەتە (کۆڤید ١٩)؛ ئەوا: ھیچ دیاردەکانی پەیوەندیدار بە (کۆڤید ١٩)ی لەسەر دەرکەوتووە چونکە لۆ زانین؛ کۆرۆنا ھەتا ھەنووکە ھیچ چارەسەر و ڤاکسینی نییە!؟! ئەوە یەک دوو ڕۆژە لە وڵاتی ڕووسیا دەنگۆ ھەیە بەس ھێشتا چ لە گۆڕێ نییە!؟ نەخۆشی (کۆڤید ١٩) چارەسەری بەگوێرەی دیاردەکان دەگۆڕێت؛ ئەوانیش:
١. کۆڤید ١٩ بە سووکی (Mild): کەسەکە نیشانەکانی ڕشتەی ھەناسەدان یان ڕشتەی کۆئەندامی ھەرسی ھەیە؛ وە لۆی ھەیە لە پیرەکان و ئافرەتی دووگیان بە نیشانەی نادیار و ناڕوون بێت.
٢. ھەوکردنی سییەکان (Pneumonia): لۆی ھەیە یان ڤایرۆسەکە شۆڕ بوو ببیتەوە ناو سییەکان و تووشی ھەوکردنی کرد بێت یان ڤایرۆسەکە ڕێگای لۆ بەکتریا خۆش کرد بێت و سییەکان ھەوییان کرد بێت. لێرەدا؛ ئەگەر ھەوکردنەکە:
ا. سادە و خەفیف بوو: لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت.
ب. تووند: تای زۆر بوو، ھەناسەدانی زیاد بوو و دەوبەشکەی وێ کەوت بوو و ئۆکسجینی لە ناو لەش دابەزی بوو چارەسەر دەبێت لە خەستەخانە بێت.
٣. بریندار بوونی سییەکان (ARDS): لێرەدا دوای یەک حەفتە دەست پێدەکات و نەخۆش دەچێتە چاودێری چڕ.
٤. ژەھراویبوون (Sepsis): نەخۆش خوینی ژەھراوی دەبێت و ھۆشی بەخۆیەوە نامێنێت و پشووی تووند دەبێت و دەوبەشکەی وێ کەوی، وە ئۆکسجین دە ناو لەشدا ڕێژەکەی دادەبەزێت.
٤. شۆک (Septic Shock): دەگەل نیشانەکانی ژەھراویبوون نەخۆش ئەندامیدی پەکی دەکەوێت و فشاری خوێنی دادەبەزێت.
ھەر وەک دەبینین، کە: حالەتی (نەخۆشی کۆڤید ١٩) لە کەسێکەوە لۆ یەکێکیدی دەگۆڕێت، وە مەرج نییە چارەسەری ھەموو نەخۆشەکان وەکو یەک بێت.
* دەرس: کۆرۆنا ئەگەر بەو شێوە تەنینەوە و تێزانەوەی نەبێت؛ ئەوا: ھیچ مەترسی نییە! کۆرۆنای ووشتر (مێرس) لە ساڵی (٢٠١١ - ٢٠١٣ز) ئەگەری مردن بە ھۆیەوە (٣٠ - ٥٠٪) بوو بەڵام (کۆڤید ١٩) ئەگەری مردن ھەتا ھەنووکە لە بەینی (٣ - ٥٪)یە!! لۆیە؛ ئەگەر ڕێنماییەکان پیادە بکەیت؛ ئەوا: ئەگەری تووشبوونت کەمە.
لە ساڵی (١٩١٨ز) کە پەتای ئینفلەوەنزای ئیسپانی بڵاو بووەوە، ئەو کات پێنج سەت ملیۆن کەس تووشی ھات؛ کە: دەیکردە (١⁄٣)ی ھەموو دانیشتووانی ئەو کاتی سەر گۆی زەوی و لەو ژمارەیە پەنچا ملیۆن کەس بە ھۆیەوە مردن، بەس (٢⁄٣)ی دانیشتووانی ئەو کات تووش نەبوون. لێرەدا، ھەڵبژاردنەکە لە دەست خەڵکە و کیھەت دەوێت ئەو ھەڵبژێرە !!!
Top