پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک

پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک

زانستی پزیشکی زانستێکی گەلەک بەرفراوانە! پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی کەت کەت تاکەکانی کۆمەڵگەوە ھەیە؛ ھەر لۆیە: دەبێت ھەموو دەمێ باس بکرێت و ڕوونکردنەوەی لەسەر ھەموو بەشەکانی بدرێت. ھەموو پزیشکێک زیرەکە، وە ھەر پزیشکێک لۆ ئەوەی لە پیشەکەی سەرکەوتوو بێت دەبێت سێ سیفەتی گرنگی ھەبێت؛ ئەوانیش: نھێنی پارێز (کاتم ئەسرار) بێت و ڕاستگۆ (سادق) بێت و دەستپاک (ئەمین) بێت. دەنا لۆ زیرەکی ھەموو زیرەکن!
ئەوجا وەنەبێت ئەم زانستە کاردانەوەی دەوروبەر و کۆمەڵگەی لەسەر نەبێت!؟ نا، نا... ھەموو ئاکار و ڕەفتار و قسە و ئیدیۆم و دەستەواژە و فەرھەنگ و بۆچوون و سیاسەت و ئابوری و بیر و بیرکردنەوەکانی ناو کۆمەڵگە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لە سەر شێواز و چۆنیەتی پیادە کردن و پێشکەوتنی پزیشکی دەبێت! ھەر لۆیەشە؛ سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی زیاتر پابەند دەبێت لەوەی، کە: چ سیستەمێکی پزیشکی و چۆن و چەند لە ناو کۆمەڵگە و لە لایەن دەسەڵات فەراھەم دەکرێت و پیادە دەکرێت. ھەر کاتێک دەسەڵات و حکومەت لاواز بێت یان تێچوونەکان دابین نەکرێت یان دەسەڵاتی تەنفیزی لە ھەر کۆمەڵگایەک لاواز و ڕووتەر بێت؛ ئەوا: سیتەمی تەندروستی و زانستی پزیشکییەکەی لاواز دەبێت و تەنانەت زۆر جار تەندروستی لۆمە دەکرێت؛ کە: لۆ وەکی پێویست کارا نییە. لە لایەکیدییەوە لەو کۆمەڵگەیانەی؛ کە: دیکتاتۆر و زاڵم حکومییان دەکەن و چاو سۆرکردنەوە و خۆمێڕ کردنەوە لە میللەت ھەیە؛ ئەوا: دیسان قسە و باس و چەواشەکاری لە سەر تەندروستی و پزیشک دێتە گۆڕێ و تەنانەت جار ھەیە؛ کە: پزیشک بە قەساب و کەسی خراپ وێنا دەکەن ئەمەش بە ھۆی ئەوەی خەڵک نووسکەی لێبڕاوە و چاوترسێن کراوە و تۆقێنراوە.
یەکێک لە چاکترین ڕێگاکان لۆ ئەوەی پزیشک و نەخۆش پەیوەندی تۆکمەیان ھەبێت و ھەرچەند سیستەمی تەندروستی لاواز بێت یان پەنا لۆ لاواز کردنی ببردرێت؛ ئەوەیە کە: کار لەسەر باشتر کردنی لێک تێگەیشتنی نێوان پزیشک و نەخۆش بکرێت.. بەوەی:
ا. متمانە: ھەموو شول و ئیشێک پێویستی بە بوونی متمانە دەکات؛ لۆ ئەوەی پزیشک و نەخۆش تەواو تێک بگەن و ئیشەکەیان سەرکەوتوو بێت... دەبێت ھەردووک متمانەی تەواوییان بە یەکتری بکەن.
ب. زمان: ھەموو دەم دەبێت پزیشک بە زمانێکی ڕوون و پاراو دەگەل نەخۆش قسە بکات و بێ پێچ و پەنا و تەنانەت ھەندێک جار دەبێت پەنا لۆ ووشەی ڕاست و ڕەوان ببات. ھەر لۆیە؛ پزیشکان دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدەن و تەنانەت خوێندنەوەی دەرەکییان زۆر بێت..
ج. ڕاستگۆیی: نەخۆش و پزیشک دەبێت دەگەل یەک ڕاستگۆ بن؛ وە نابێت ھیچ شتێک دەربارەی نەخۆشییەکەی لە پزیشک بشارێتەوە، ھەتا پزیشکەکە زانست و بیر و بۆچوونەکانی لۆ دیتنەوەی نەخۆشی نەخۆشەکە بەکار بھێنێت.
د. نەشاردنەوە: زۆربەی جار بە ھۆی ئەو بارودۆخە ناھەموارانەی میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو پێیدا تێپەڕیووە؛ ھەتا ڕادەیەک لە ڕووبەڕوو کەسایەتییەکی شەرمنی ھەیە و توانای ئەوەی نییە، کە: نەگات بە ئەنجام یان نەتیجە ھاوار و ناڵەی دەرببڕێت یان ناڕازی بوونی خۆی بەیان بکات..ئەوجا ئەوە لە چاوپێکەوتنی پزیشکیش دەبینرێت.
ھ. دووڕاکی: کەسایەتی زۆربەی کەسەکان جا چ بە ھۆی سادەیی یان پاکی یان ساویلکەیی یان کەمی ڕۆشنبیری بێت؛ ئەوا: دوو ڕاکییە! بە جۆرێک بێ ئەوەی تەواو لە قسە و گوفتار و دەنگەکان وورد بێتەوە یەکسەر بەگوێیدا دەچێت و باوەڕی پێدەکات. زۆر جار بە مەبەست یان ڕێکلام پێت پیرۆزی و ئایین و نەتەوەیی و پرسی نیشتیمانی بەکار دێت ئەمانە ھەموو دەگەل بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لەگەل نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروست وا دەکات میللەت لە بڕیارەکان دوو ڕاک بێت.
و. پاک و خاوێنی: ھەر کەسێک، کە: دەچێتە سەردانی پزیشک دەبێت گرنگی بە پاک و خاوێنی خۆی بدات.. داخەکەم لە کۆمەڵگای کوردەواری دوای نەخۆشییە درێژخایەنەکان باووترین نەخۆشییەکان بە ھۆی پیس و پۆخلی تووشی ھاووڵاتییان دێت.
* مافی نەخۆش لە سەر پزیشک: ھەر کەسێک سەردانی پزیشکی کرد؛ وە دوای تەواو بوونی چاوپێکەوتنەکە، ئەوا: نابێت یەکسەر پڕ لۆ دەرمان بدرێت بەڵکو دەبێت چەند قسە و ھەنگاوێک بکات؛ ئەوانیش:
١. دیاریکردن: نەخۆش دەبێت داوای تەشخیس و دیاریکردنی نەخۆشییەکەی بکات و بڵێت؛ ئەرێ دکتۆر تەشخیسی نەخۆشییەکەم چییە!؟ یان، بڵێت: چیمە!؟ ھەر کاتەک تەشخیس نەزانرا؛ ئەوا: دەبێت قەڵەم دابنرێت و ھیچ نەنووسرێت.
٢. عیلاج مەعلوماتی: ھەر کاتەک تەشخیسی نەخۆشی خۆت زانی؛ ئەو کات نەخۆش دەچێت لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو زانیاری تەواو لە سەر ھەموو لایەنی نەخۆشییەکەی بزانێت و ڕێکارەکانی چارەسەری تەواو شارەزا بێت.
٣. پلانی چارەسەر کردن: دوای زانینی نەخۆشییەکەی و وەرگرتنی مەعلومات و زانیاری؛ ئەوجا پزیشک و نەخۆش وێکڕا دادەنیشن و بڕیار لە سەر باشترین ھەڵبژاردەکان دەدەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت؛ کە: چارەسەری نەخۆشی بە گوێرەی حالەتی نەخۆشییەکە و تەندروستی گشتی و تووندی نەخۆشییەکە و گیرفان و باری دارایی و بوونی دەرمان بڕیار لە سەر چارەسەرکردن دەدرێت.
٤. چارەسەری:
ا. مەرج نییە ھەموو نەخۆشییەک دەرمانی بووێت بەڵکو ھەیە بەبێ دەرمان چارەسەر دەکرێت... لۆ نموونە؛ نەخۆشی گەنم دەگەل نیشانەی زۆر دروست دەکات بەڵام چارەسەر کردنی بە خۆ دوورگرتن لە گەنم و بەروبوومەکانی گەنم دەبێت.
ب. دەرمان: لێرەدا؛ پزیشک و نەخۆش دەبێت تەواو دەیەکتری بگەن و ھەموو جورعە و جەم و پێش و پاش نانی و چۆنیەتی بەکارھێنانی دەرمان و کاردانەوە لاوەکییەکان باس بکرێت. داخەکەم، لە کوردستان بە ھۆی زۆر ھۆکارەوە گەلی ئێمە بەڕێژەکی زۆر دەرمان بەکار دەھێنن...
٥. چاودێری: کاتێک دەرمانێک لۆ نەخۆشی نەخۆشێک دەنووسرێت، ئەوا: نەخۆشەکە چاودێری دەکرێت لۆ زانینی ئەوەی چەندە مفا لە چارەسەرییەکان وەردەگرن، ھەروەھا ئەگەر نەخۆشییەکەی درێژخایەن بوو بزانرێت چەندە نەخۆشییەکەی بەرزەفت و کۆنتڕۆڵ بووە.
لێرەدا؛ دەبینرێت کە: بینین و دانیشتنی نێوان پزیشک و نەخۆش یەکجار نییە! وە ھەروەھا بە ھۆی ئەوەی پەیوەندییە دەبێت ھەردووک یارمەتی یەکتری بدەن و ھەردووک لۆ چارەسەر کردن ماندی ببن؛ ھەتا تاکە ڕێگای چارەسەرکردن دەدۆزنەوە.
Top