گومان

گومان

کاتێک گومان زاڵ دەبێت بەسەر ھەموو بیر و ھۆش و ھزری ئادەمیزاد باوەڕ ون دەبێت، ھەموو بیرەوەرییە جوانەکان لەناو دەچن، ڕاستیەکان دەشێوێن و خۆشییەکان تاڵ دەبن، جوانیەکان ناشرین دەبن، ناخ و دەروون ئازار دەدرێت.
واتا مێشک لە بیرکردنەوەدایە ئایا ڕاستییەکان لە کوێن؟!! کە ئەمەش دۆزەخێکە بۆ دڵ و دەروون. مرۆڤ لەم کاتانەدا ناتوانێت بە ئاشتی و ھێمنی بژی، تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت و ھەندێ جار بێ خەوی. کەواتە بۆ ڕزگار بوون لەم دڵ تەنگییە باشتر وایە مرۆڤ ھێمن بێت، وردەکاری بکات و ھۆشیار بێت بە مافەکانی مرۆڤ. گیانی لێبوردەیی و ئاستی ڕۆشنبیری زۆر گرنگە بەرز بێت لەپێناو مرۆڤایەتی و خۆشگوزەرانی ڕاستەقینە.
گومان چەند جۆرێکی ھەیە:
جۆرێکیان ئاساییە و ھەموو مرۆڤێک لەناخیدا ھەیە بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکان و ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی.
جۆرێکی تر ھەیە دەبێت بە بەشێک لە کەسایەتی ئادەمیزاد، کە ئادەمیزاد ھەست بە قورسی دەکات لەکاتی تێکەڵاو بوون لە کۆمەڵگە و بە ئاسانی ڕێک ناکەوێت. بێ باوەڕە بەرامبەر چواردەوەر، ترس زاڵە بەسەریدا لە دەربڕینی نھێنیەکانی ڕووداوەکان بە جۆرێکی تر لێک دەداتەوە.
جۆرێکی تر ھەیە نەخۆشییە، کە مرۆڤەکە بە بەردەوامی لە وەھمدا دەژی, وا ھەست دەکات بە بەردەوامی گێچەڵی بۆ دەنرێتەوە و ڕووداوەکان وەک خۆی نابینێت.
بۆ ئەوەی ئادەمیزاد ڕزگاری بێت لەم ھیلاک بوونی دەروونییە بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەتوانێت دەرگای دڵە پڕ خەمەکان بکاتەوە و برینە پڕ ئازارەکان ساڕێژ بکاتەوە.
چونکە ھەڵبژاردنی بێدەنگی و بەردەوام بوون لەسەری لەوانەیە لە داھاتودا پەشیمانییەکی بێ چارەسەر ئەنجامی بێت، بەڵام لەوانەیە بە گفتوگۆیەکی ھێمنانە ساڵەکان بکرێنە چەند ساتێکی کەم، میلەکان بکرێنە کورترین ڕێگا و داخە قەتیس ماوەکان بکرێنە بەختەوەری و خۆش گوزەرانی.
کاتێک کە گومان لە ڕەوشتی کەسێک دەکرێت بێ ئەوەی لە ڕاستی ھۆکارەکان و پاڵنەری ھەڵەکان بکۆڵرێتەوە بڕیاری توندی بەسەردا دەسەپێنرێت، چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ھەندێ جار بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بێ گوێدانە لایەنی دەروونی و فیکری و ناووناوبانگ، بیر ناکرێتەوە کە لەوانەیە ھەموو گومانەکان ھەڵە بێت.
ھەزاران تاوانی دەروونی و جەستەیی دەرھەق بە ئادەمیزاد دەکرێت لەپێناو گومانی بێ بناغە.دەبا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین.
با کۆمەڵگەکەمان ڕۆشنبیرتر بکەین بەمافە ئازادەکانی خۆیان لە چوارچێوەی خوڕەوشتە کوردییە ڕەسەنە جوانەکەی خۆمان، وەک گوێم لێ بووە و ھەمیشە باس دەکرێت لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا دراوسێکان، خزم وکەسو کار، ھاورێکان و ھەموویان کوڕ و کچ، ھەمیشە ناو و ناوبانگی یەکتریان پاراستوە، ئەی ئەوان بۆ گومانیان نەبوو؟ ئەی ئێمە ڕۆڵەی ئەوان نین؟
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە کەس بێ ھەڵە نییە تەنھا خوای پەروەردگار نەبێت، با ھەنگاو بنێنن لە پێناو مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەیەکی دروست و تەندروست و پێشکەوتوو خواز.
Top