کۆچی گەنجان

کۆچی گەنجان

مەسەلەی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان لەھەرێمی کوردستاندا لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە پەیدا بوو، بەڵام لەپاش پرۆسەی رزگارکردنی عێراق، ئەم دیاردەیە کۆتایی پێھات، بگرە زۆرێک لەو کۆچبەرانەی، کە کوردستانیان بەجێ ھێشتبوو، جارێکی تر گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵا ئێستا جارێکی تر سەریھەڵداوەتەوە.
کۆچکردن بریتییە لە جێھێشتنی خاک وخەڵک و نیشتیمان کەتیایدا دەژی، بەرەو خاک وخەڵک ونیشتیمانێکی تر بە ئامانج و مەبەستێکی دیاری کراو و نیەتێکی پێشوەختە لەبەر ھۆکار و بەربەستی جۆراو جۆرەوە.
د. شاکر مستەفا پێناسەی کۆچی واکردوە"جوڵەیەکی فراوانی کۆمەڵێکی فراوانی دانیشتوانە لەناو وڵاتەکەی یان وڵاتێکی ترکۆچ کردن ھەیە وەرزیە بۆ دەستخستنی ئاو و لەوەڕ، ھەشیانە یەکجاری بێت بەھۆی کارەساتی سروشتی وگۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان یان جەنگ یان لەپێناو ئاستی بەدەستھێنانی بژێوێکی چاکتر"ئیڤریت لی" دەڵێ گۆڕینی ھەمیشەیی یان نیمچە ھەمیشەیی شوێنی( evert leer) بەڵام نیشتەجێ بوونە بەچاوپۆشی لەدووریی ڕێگەو بێ ئاوڕدانەوەش لەوەی کە کۆچ کردنە ئازادانەیەیان بەزۆرەملێیەیان ناوخۆییە یاخود نێودەوڵەتییە.
دکتۆر عەلی عەبدلڕەزاق چەلەبی دەڵێت: کۆچکردنی دەرەکی بریتییەیە لە ژمارەیەک لە تاکەکەسانی کۆمەڵگە بەگوێزانەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر بەمەبەستی بەدەستھێنانی کار یاھەڵاتن لەچەوسانەوە, یا بەدوادا گەڕانی ھەلی چاکتری ژیان و ھیتر.
لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەی ھەریم, ماوەیەکە ھەڵمەتیکی فراوان بۆ ڕێگاکانی کۆچ کردن دەستی پێ کردوە، کە ئەمە لە دەر ئەنجامی ئەو بێ ئومیدیە کە رووی کردوتە خەڵکی کوردستان و گەنجان بە تایبەتی بە ھۆی ئەو ھەموو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی کە وای کردوە ژیان لە کوردستاندا لەسەر ستایلی نۆرمالی خۆی لابدات و مرۆڤ تیدا ھەست بە خۆشگوزەرانی نەکات و رو لە ئایندەیەکی نا روشن و لێڵ بکات بە ئومیدی دروست کردنی ژیانیکی شیاوتر لە شوینکی دیکەی جیھان, ئەمە لوتکەی ئەو بێ ئومیدیە کە گەنج چارەنوسی خۆی دەکاتە مەترسیەوە لە پیناو بە جیھیشتنی کوردستان.
ناوەڕۆکی بابەتەکە کۆچکردنی گەنجە کە بە مەترسی گەورە دادەندرێت لەسەر پێکھاتەی ووڵات، چونکە گەنج بە سەرچاوەی ھیز و تونا و داھێنان دادەندریت، ئەگەر توشی بێ ئومیدی و داڕووخانی دەروونی ببێتەوە، ئەوا کێشە و گرفتی نەخوازراوی لێدەکەویتەوە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو و بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوا دەبینین گرنگیەکی تایبەت بە چینی گەنجان دەدرێت. لە ھەموو بوارەکان پردی متمانە لەنێوان دەسەڵات و ھاووڵاتیان ھەیە، بەپێچەوانەوە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات ئەو متمانەو گرنگیە بەدی ناکرێ.

ھۆکاری کۆچی گەنجان لە ھەرێمی کوردستان:

١-قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان لەمووچەو بودجەو گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان.

٢-بێکاری و دەستنەکەوتنی کار.

ئەم پێداویستییە بنەڕەتییەی کە ھەموو گەنجێک ئاواتی بۆ دەخوازێت .

٣- ناڕۆشنی لە داھاتوویەکی پڕشنگدار ..

٤- نائومێد بوونی گەنجان لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی حکومەت و دەزگاکان و حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکان و کۆی کایە سیاسی و کارگێڕییە.

٥-ڕێگادان ودەرگاکردنەوە بۆ وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ھەندێک وڵاتی ئەوروپییەوە بە ھەر ھۆکارو بیانوو ئەجێندای تایبەت بەم وڵاتانەوە بێت، ھاندەری زیاتری کۆچکردن بوون .

٦- چاولێکەری و کاریگەری کۆچی گەنجان لە وڵاتانی تر.

٧- فەرامۆشکردنی گەنجان و گوێ نەگرتن لێیان.
وتەیەکی پێشینان ھەیە دەڵێ ھەر شوێنێک ئارامی و دادپەوەری تێدا بەرقەرار بوو ئەوا ئەو شوێنە لە ھەموو ڕوویەکەوە بە پیت و بەرەکەت دەبێت. بەمانا زانستییکەی جەنگ و ناسەقامگیری سیاسی دەبێتە ھۆی داڕووخانی ئابووری و دەرکەوتنی ھەژاری و نەخوێندەواری و دواکەوتنی کۆمەڵگا، ئاسانە بڵێین کە لە بارێکی ئاساییدا دەبوایە کۆمەڵێک ھەنگاوی جددی بھاوێشترانایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەی کۆچکردنی بە کۆمەڵە. گەنجی ئەم وڵاتە، وە بە گشتی کۆچبەر، کاتێک لە ھەموو روێکەوە تەنگەتاو دەکرێ، ناکرێ بە ھەندێ راگەیاندنی گشتی و قسەی جوان باوەڕی پێ بھێندرێ کە وڵاتی خۆی بەجێنەھێڵێ. حکومەت پێویستە بە کردار کۆمەڵێک ھەنگاو بنێ. لە لایەکی ترەوە ھەنگاوی بەکردار و جددی زیاتر یوتۆبیایە تا واقیع لە ژیانی سیاسی ئەمڕۆی باشووری کوردستاندابگونجێ،چەند ھۆکارێکی ئەرێنیش ھەن کە خەڵکی ئارەزوو کۆچ یاخود سەفەرکردنی بۆ دەکات ئەوانیش;
“گەران بەدوای زانست و لێکۆڵینەوە و بەخششی خوێندن و بە دەستھێنانی خەون و داھێنان لە بوارەکانی جیاکانی زانست، ئەمانە ئەو ھۆکارانەن کە دەبێت دەسەڵاتەکان کاری بۆ بکەن و گەنجی پێ ئاشت بکاتەوە بە بەژداری کردنی لە ئاوەدانکردنەوەو بەرەو پێشبردنی وڵات و ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە وڵاتەکەی.
لەتیف ھەڵمەت دەڵێت:

" ئەگەر نەخشەی ھەموو جیھان تێکدەنەوە
ئەگەر زەوی وەک لۆکە شیکەنەوە
کە سنووریان کێشایەوە دووبارە
ھەر دێمەوە بۆ ئەم شارە
ھەر کوردستان دەکەمەوە بە نیشتمان

مستەفا کامیل دەڵێت: " نیشتمان پەروەری ھەستێکە، تا ئازارەکانی نیشتمان گەورەتر بن و ، نەھامەتییەکانی زیاتر بن ، ئەویش زیاتر کوڵ دەسێنێت".
Top