کارەساتی بینا سووتاوەکەی سیروان

کارەساتی بینا سووتاوەکەی سیروان
ئەمڕۆ(۲۰۲۰/۸/٦) یادی کارەساتێکی دڵتەزێنە کە بە دەستی ڕژێمی ئێران ئەنجام درا و، جینۆسایدێکی بێ بەزەیيانە بوو دەرحەق بە ژمارەیەک لە هاووڵاتی کوردی بێ تاوان لە سیروان ،
بە درێژایی مێژوو نەتەوەکەمان ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی و کارەسات بووەتەوە، کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا وێنەیان کەمە، ئەم کارەساتەش یەکێکە لەوانەی کە نموونەی جینۆسایدی کوردە. ئەم کارەساتە لە (۱۹۸٦/۸/٦) لە سیروان ڕووی دا، لە ئەنجامی تۆپبارانی کوێرانەی سوپای ئێران بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤانە، ئەوکات لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران بوو، خەڵکی دڤەری هەورامان بۆ پاراستنی گیان وحاڵیان ڕوویان کردە ئەم بینا کە قوتابخانەیەکی تەواونەکراو بوو لە ناحیەی سیروان نزیک هەڵەبجە، کە نزیکەی (۳۰۰) خانەوادە تێیدا خۆیان حەشار دابوو، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون، بەڵام بەداخەوە دەستی نامەردانەی سوپای ئێران گەيشتە ئەوێيش و لە ئەنجامدا پتر له‌ (۲۰۰) هاووڵاتی سڤيل و بێ دیفاع شەهید بوون و دەیان برینداريشى هه‌بوو.
کارەساتەکە چۆن ڕووی دا؟ له‌ ناو حەوشەی بیناکە ژمارەیەکی زۆر بەرمیلی نەوتی هاووڵاتیانی تێدا بوو، تەنيا یەک دەرگاشی هەبوو، لە بەردەم دەرگاکەش ئۆتۆمبێلێک وەستابوو، بەدیاریکراوی لە کاتژمێر (۱۱)ى پێش نیوەڕۆ کاتێک کە یەکێک لەو تۆپانەی کە لە سەرکەلەوە واتە لە سەرشاخەکانی سنوورەوە دەهاوێژران بەر حەوشەی بیناکە کەوت و بەرمیلە نەوتەکان گڕیان تێ بەر بوو، کە ئاگر بە بەرزی بیناکە کە دوو نهۆم بوو بەرز بوویەوە و هەموو بیناکە یەک پارچە گڕدەگرێت و شۆڕتی کارەباش ئاگره‌كه‌ به‌تينتر ده‌دات، به‌ جۆرێك وەک ڕۆژی حەشری لێ دێت و ئەوەی کارەساتەکەی گەورەتر کرد، گڕگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بوو کە بەردەرگاکەی گرتبوو، کە ئەوەشی ڕزگاری بوو بە سووتاوی لە ژێر سەیارەکەوە دەردەچوون، هەندێکیش بە گڕی ئاگرەوە دەهاتن و خۆیان دەکێشا بە سەیارەکەدا و پاشان شەهید دەبوون.
لەو کارەساتەدا ئەوانەی بە چاوی خۆیان بینیویانە، دەڵێن: مرۆڤ و ئاژەڵ کە لەوێدا بوون، بە یەکەوە دەسووتان و لاشەکانیان لەیەکتر جیا نەدەکرانەوە، یان چەند کەسێک کە ئێستا لە ژیاندا ماون، لە نهۆمی دووەمەوە خۆیان فڕێ داوە تەخوارەوە، پاشان کەمئەندام بوون و بێ چارەسەر ماونەتەوە.
چیرۆکەکانی ئەم کارەساتە ناخ هەژێنن، بە نموونە چیرۆکی کاک ئیسماعیلی خەیات کە کاتێک ویستی بڕوات شه‌ش لە ئەندامانی خانەوادەکەی کە لە ژوورەوە بوون، ڕزگاریان بکات، خۆيشی نەهاتەوە و سەرجەمیان شەهید بوون. کاک کۆچەر مولوود کە ئەو کات منداڵ بووە، کاتێک دەیشۆن و کفنی دەکەن و دەیبەنە گۆڕستان تا ئەسپەردەی بکەن، لە ناوکاو زیندوو دەبێتەوە، کە بە هۆی دووکەڵەوە وای لێ هاتبوو، کە خۆشبەختانە ئێستا لە ژیاندا ماوە و خۆی بۆی دەگێڕامەوە و دەیوت تا دوو ڕۆژ هەر ماستیان دەکرد بە قوڕگمدا و منیش هه‌ر ڕەشایيم هەڵدەهێنایەوە. بۆ خۆشمان لە خانەوادەکەمان براگەورەکەم شەهید بوو، دایکم بریندار بوو، داوتر بە هۆى سەختی برينه‌كه‌ى و ئازارێکی زۆرەوە شەهید بوو. باوکم بە برینداری رزگاری بوو، کوڕی خاڵم شەهید بوو، مامێکم بریندار بوو، چەندین خزم کەسمان لە دەست دا، بە تەنيا لە (نارنجڵە)ى گوندی ئێمە لەو کارەساتەدا (۳۲) شەهیدمان داوە. چەندین چیرۆک و ديمه‌نى دڵته‌زێنى ديكه‌ هەبوون، دایک ومنداڵ لە ئامێزی یەکتردا پێکەوە بە سووتاوی هێنرانە دەرەوە، بەندە وتەبێژی کەسوکاری شەهیدەکانم،
بە پێی یاسا نێودەوڵەتیيەکان هەرکۆمەڵە مرۆڤێک بێ تاوان لە شوێنێکدا پێکەوە کۆمەکوژ کران، دەچێتەخانەی جینۆساید، لەلایەکی ديكه‌وه‌ پێم وابێت ئەگەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە رووى نه‌دابايه‌، ئەم کارەساتە گەورەترین کارەسات بوو لە سەرئاستی هەڵەبجە و سلێمانیيش. لە کۆتايیدا سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی ئەم شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی کوردوکوردستان .
Top