کێ دکتۆرە!؟!!!

کێ دکتۆرە!؟!!!

لە ھەموو کتێبە پزیشکییەکان ھاتووە؛ کە: پزیشکان دەگەل ئەوەی بە خۆیان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی چارەسەر دەکەن بەڵام ھیچ بەتەنگ باری تەندروستی خۆیانەوە نیین!؟ ئەوەی بارودۆخەکە خراپتر دەکات؛ ئەوەیە کە: زۆر کات پزیشکەکە بە خۆی تەشخیسی خۆی دەکات و ھەر بەخۆشی دەرمان لۆ خۆی دەنووسێت و ڕاوێژ و پرس بە پزیشکێکیتر ناکات. ئەوجا شایەدی ھیچ کەسێک لۆ خۆی وەرناگیرێت و تەنانەت کەس بەدۆی خۆی ناڵێت ترشە!!!! لۆیە؛ پزیشکەکە تەندروستی و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.
لە ئێستادا؛ کە: کۆرۆنا ھەیە ھەندێک جار ئەوە بە زەقی دەبینرێت!؟ کابرا؛ دێت: باسی ھەموو شت دەکات، چییە دکتۆرە!؟ تەنانەت پەیدا بووە ڕێنمایی بەکار ھێنانی دەرمانیش لۆ خەڵکی ڕوون دەکاتەوە؟ چییە نەخۆش ملەی دەکات یان نەیەتە خەستەخانە!؟ ئەوەی لەبیر چووە؛ کە ھەموو دەم: (دەرمان ژەھرە، تا پێویست نەبێت بەکار نایەت)!! چونکە کەسێک تەواو نەخۆش بێت؛ ئەوا: دکتۆر پێی بڵێت وا بکە، وا دەکات. لێرە نەخۆش قسەکییان ھەیە؛ دەڵێن: بڵێ ئەو (....) بخۆ، دەخوات.
ھەر کەسەک کۆرۆنای گرت؛ ئەوا: مەرج نییە پێویستی بە دەرمان بێت چونکە کۆرۆنا ھەتا ئەمڕۆ چارەسەری نییە و تەنانەت ڤاکسینیشی نییە!!! بێ لەوەش (٨٢٪)ی ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دێن ھیچیان ناوێت و بەخۆیان چاک دەبنەوە. دەمێنێتەوە (١٨٪)یەکە ئەویش بەگوێرەی تووندی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و ڕێژەیەکی کەم لەو بڕە پێویستی بە چارەسەری و دەرمان و ئامێری دەستکردی ھەناسەدان دەبێت و بەزۆریش ئەوانەن؛ کە: ماک و ئاڵۆزی نەخۆشییەکەیان لە سەر وەدیار کەوتووە بەو مانایە چارەسەرییەکە لۆ ماک و ئاڵۆزییەکانە نەک ڤایرۆس و نەخۆشییەکەی.
میللەت دەبێت لە لەخۆوە بەکار ھێنانی دەرمان بەدوور بێت و ھەروەھا دەبێت بزانێت؛ کە: کێ دکتۆرە!؟ گرفتی ھەرە گەورەی کوردەواری لە کۆن و نوێ ئەوەیە؛ کە: نازانێت کێ دکتۆرە!؟ ھەر لۆیە؛ لە کاتی بڵاو بوونەوەی دەرد و نەخۆشی لەمجۆرە و نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی و نەبوونی ھۆشیاری دروستی و نەزانینی کێ دکتۆرە؛ ئەوا: ھەرچی قسەک لە ڕاگەیاندن (بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەلیکتڕۆنی) بگۆترێت یەکسەر وەری دەگرێت و پیادەی دەکات لە ئەنجامدا لە قەلێ دەبێت و ھەم لە کۆتر!!! دەچێت دەرمان بەکار دەھێنێت و ھیچ مفای لۆ نابێت و بەڵکو ئەگەری دەرکەوتنی کاردانەوە لاوەکییەکانی دەرمانەکەشی لەسەر زۆر دەبێت بەمەش تەندروستی و کات و ئابووری خۆی بەفیڕۆ دەدات و لۆشی ھەیە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە.

* ڕێگاکانی لەخۆوە بەکارھێنانی دەرمان:

ا. ڕاگەیاندن: قەت نابێت بە ڕێگای ڕاگەیاندن (بینراو، بیستراو، بینراو، نووسراو) دەرمان وەربگیرێت. ئەم ڕێگایانە لۆ بڵاو کردنەوەی زانیاری و ھۆشیاری دروستییە و مەرجیش نییە ھەرچی بڵاو بۆوە مانا ڕاست بێت بەڵکو زۆر لە گوینە چەواشەکاری بێت و تەنانەت بەمەبەست و لۆ بەلا ڕێدا بردنی کۆمەڵگا بێت.

ب. کەسەکە پرس ناکات و بەخۆشی دکتۆر نییە! بەس پێشتر نیشانەیەک یان نەخۆشییەکی ھەبووە و چووەتە لای دکتۆر و ئەو کات دەرمانێکی دراوەتێ و پێی چاک بووەتەوە ھەنووکە ھاتووە دەرمانی گۆرینێ بەکار دەھێنێتەوە بەمەزەندەی خۆی ھەمان نەخۆشییە قەدیمەکەی ھەیە. ھەشە لەوەش ھەش وەسەرترە! کوو؟ ئەندامێکی ماڵەوەیان یان دەر و جیرانێکی لە کۆن یان لە ئێستادا چووەتە لای پزیشکێک و لۆ نیشانەیەکی نەخۆشییەک دەرمانێکی لۆ نووسییە و ئەویش ھەمان نیشانەی لەسەر وەدیار کەوتییە و دێت دەرمانەکە بەکار دێنیت.
ئەوجا جاری واھەیە نەخۆشی ئێمە سەواد و خوێندەواری نییە!؟ کەسێکیدی، کە: خیندەواری ھەیە دێت ئەو دەرمانە دەداتە نەخۆشەکە و لێرە ئەوە بە تاوان حلێب دەکرێت.

ب. نۆڕینگەی لاکۆڵانان: وەرگرتنی دەرمان لە نۆڕینگەی لاکۆڵانان دەچێتە خانەی لەخۆوە بەکار ھێنانی دەرمان و ھەروەک ئەو نموونەی پێشووترە؛ کە: خیندەوارێک دەرمان بداتە نەخویندەوارێک و بێگومان تاوانە و نابێت ھیچ کەسێک لە نۆڕینگەی لاکۆڵانان دەرمان وەربگرێت و بخوات.

ج. دەرمانخانە: دەرمانخانە نابێت دەرمان لۆ نەخۆش بنووسێت!؟! لێرەش دیسان دەچێتە خانەی لەخۆوە بەکارھێنانی دەرمان و لێرەش تاوانە!! دەبێت نەخۆش چوو بێتە لای پزیشک و ئەو نەخۆشەکەی بینی بێت و دوای تەواو فەحسکردن پزیشکەکە بەگوێرەی ڕێنماییەکان چارەسەری لۆ بنووسێت و بە گوێرەی ڕەچێتەی پزیشک دەرمان بدرێت. ئەگەر وا نەبێت؛ ئەوا: تاوانە.

* دەرئەنجام: دەگەل زیاتر بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا دەبێت ھەوڵ و کۆشش چڕتر بکرێتەوە لەوەی ھەم ھۆشیاری دروستی بڵاو بکرێتەوە بەشێوەیەکی گشتی و ھەم زانیاری و ئامۆژگاری دەربارەی ڕێگاکانی بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا و نیشانەکانی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی و چۆنیەتی کەمکردنەوەی چوونی خەڵک لۆ دامەزراوە تەندروستییەکان چونکە ئەم نەخۆشییە چێڕە درێژ و مزیڕە و مەرج نییە دەگەل ئەو بەر بڵاوەییەی ھەموو پێویست بکات سەردانی خەستەخانە بکەن. ھەروەھا ڕێگا نەدرێت چیدیتر لیستی دەرمان بەناوی چارەسەری کۆرۆنا بڵاو بکرێتەوە... وە بەتایبەت تەلەفزیۆنەکان ئەم چەشنە بەرنامانە دەبێتە ھۆی تێکدانی زیاتری ھەوڵ و کۆششەکانی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا، ھەروەھا زێدەتر لە خۆوە بەکارھێنانی دەرمان و دەرکەوتنی کاردانەوە لاوەکییەکانی دەرمانەکە و ژیان و تەندروستی و کات و دارایی کەسەکە بەفیڕۆ دەڕوات. بەڵکو ھەموو ھەماھەنگ بین لە خۆپاراستن لەم دەرد و نەخۆشییە و خەڵکیش دەبێت بزانێت؛ کە: زانیاری لە کێ وەردەگرێت و دەبێت بزانێت، کە: کێ دکتۆرە!
Top