ئیرادەی بەهێز بۆ كوردستانێكی بەهێزتر ..
August 5, 2020
وتار و بیروڕا
یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە، ئەوا یەك ساڵەی بە سەر تەمەنی ئەم كابینەیەدا تێپەڕی، حكوومەت بەشێكی زۆری هەنگاوەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بوو، جێگەی ئومێد و دڵخۆشین كە زۆر ژیرانە و بوێرانە رووبەرووی قەیرانەكان بووەتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، كابینەی نۆیەم هەنگاوی باشی لە بواری چاكسازییشدا ناوە
جێبەجێكردنی ئەم یاساییە هەر لە چاكسازیی مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازەكان كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ئێستا چاكسازی پێی ناوەتە قۆناغێكی گرنگەوە، ھەر بۆیە بەشێك لەوانەی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ چاكسازیدا یەك ناگرێتەوە، كەوتوونەتە دژایەتی و دروستكردنی كۆسپ لە پێش پرۆسەكه و تەنانەت هاوڵاتیانی كوردستانیان لەبارەی یاسای چاكسازی و پرۆسەكەوە چەواشە دەكەن بە زانیاریی نادروست و هەڵە، بەڵام خۆشبەختانە ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی زۆربەی تاكی كورد زۆر فراوانتر و رۆشنتر بووە لەوەی بڕوا بەوان بكە.
هەنگاو و بریارەكانی چاكسازی، سەخت و قورسن بۆ حكوومەتی كوردستان ، بەڵام بەھۆی بەھێزیی ئیرادە لە بریاردان دەست بە جێبەجێكردنی كرا و بەرەو پێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە دیوە، بێگومان بەدڵنییەوە لە ئەنجامدا حكوومەت هەموو ئەو گوشارە داراییە زۆرەی لەسەر كەم دەبێتەوە و فەرمانبەرانیش شایستەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە و جۆرێكیش لە دادپەرەوەری دێتە دی، لە ھەمان كاتدا دەرچووانی دیكەی كۆلێژ لێی سوودمەند دەبن، ئەمە جیا لەوەی ئەو پارەیەی كە دەگەڕیتەوە بۆ گەنجینەی حكوومەت، جا كەم بێت یان زۆر، لە بواری دیكەی خزمەتگوزاریدا خەرج دەكرێت.
رەنگە لە ئێستادا بەخێرایی هەست بە ئەنجامەكە نەكرێت ، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا بە پشوودرێژی بە ئاقاری سەركەوتنی و پێشكەوتنی زۆر دەڕوات و بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز دێتە دی، قازانجەكانی لە داھاتوودا دەبیندرێت، ئەوەش دەستكەوتێكی تر دەبێت و دەخرێتە سەر خەرمانی سەركەوتنەكانی ئەم كابینەیە و هەروەها حزبە پێكهێنەرەكانی و خەڵكی كوردستان بەگشتی.
بەدڵنییاییەوە رەنگە كەسان ولایەنگەلێك مەرامی زۆریان هەبێ لە دژایەتیكردنی پرۆسەی چاكسازی و بەرژوەندییە شەخسی و تایبەتییەكانیان بكەوێتە مەترسییەوە ،بەڵام بەرژوەندی كوردستانیان لە هەموو بەرژوەندییەكی تر گرنگتر و لە پێشترە.لە كۆتاییدا ھەموویان دەكەونە بەر حوكمی یاسا و ئەو پرۆسەیە كە شكۆی زیاتر و ئومێد بۆ خەڵكی كوردستان دەگەڕێنێتەوە. چونكە نەیارانی چاكسازی ناتوانن هەتا سەر، رێگری بكەن لە بریارێك كە خواستێكی سەرەكیی گەل بێ.سەركەوتنی چاكسازی، سەركەوتنی هەموو خەڵكی كوردستانە، دڵنیاین لەوەی مادام پشتیوانیی خەڵكی كوردستانی لەگەڵدایە، سەر دەكەوێت.