کۆرۆنا و دەرمان!!!

کۆرۆنا و دەرمان!!!

ئەگەر وەک چاودێر لە عیادە و سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری بیت ئەوا یەکەم خاڵی زەق کە لۆت دەردەکەوێت ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە زۆر دەرمان بەکار دەھێنن و ماوەیەکە ڕۆژ نییە خەڵکانێک نەبینین، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەرمان بەکار دەھێنن!؟ تەنانەت ھەیە گورچیلەی ئەزیەت داوە تەنانەت ھەیە تووشی پەککەوتنی گورچیلە بووە و عادەتەن گورچیلەک تووشی پەککەوتن بێت ئەوا: ڕجوع بوونەوە نییە و بڵێین چاک دەبێتەوە.
لەمێژە، گۆترایە: دەرمان ژەھرە تا پێویست نەبێت بەکار نایەت. ڕۆژانە خەڵکی ئێمە بە چەند ڕێگایەک و بەشێوەی نازانستی دەچن دەرمان دەخۆن و بەکاری دەھێنن!؟ ئەوەی سەیرە؛ کە: و.تەندروستی و نە پارێزگا و نە دەسەڵات ھیچ بەتەنگ ئەو مەسەلەیەوە نییە و بەڵکو ھەروەک ھاندان ھانی ئەمجۆرە دیاردانەش دەدات.
کۆرۆنا، کە: بە ھۆی ڤایرۆسێکی نوێ تووشی مرۆڤەکان دەبێت و ئەوەی ھەتا ئەمڕۆ ھیچ چارەسەر و ھیچ ڤاکسینی نییە!!! وە ھەروەھا ئەوەش ڕوون بۆتەوە؛ کە: (٨٢٪)ی خەڵک زۆر بە سووکی تووشی دێن و ھەشە تووشی دێت و ھەر ھەستیش بەوە ناکات؛ کە: تووشی ھاتووە. ئەم ڤایرۆسە ھەتا ھەنووکە ئەگەری مردن بە ھۆیەوە بە بەراورد بە ڤایرۆسی سعودیە (ڤایرۆسی ووشتر = مێرس) ئەگەری مردن بە ھۆیەوە لە (٣٠٪) بوو بەڵام بە ھۆی ئەم ڤایرۆسە ھەتا ھەنووکە (٤.٠٩٪) تێنەپڕاندووە.

* ماک و ئاڵۆزی: ھەر کەسێک تووشی نەخۆشییەکی تادار، ھەروەک پەتای ھەڵامەت تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەری ماک و ئاڵۆزی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیدی دەگۆڕێت بەگوێرەی بەرگری لەش و تەندروستی و تووندی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و بڕی ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت. لەو ماک و ئاڵۆزییانە:

ا. ماکە سەرەتاییەکان:

١. ھەوکردنی سییەکان (viral pneumonia): لۆی ھەیە ڤایرۆسەکە لۆ ناو سییەکان شۆڕ ببێتەوە؛ ببێتە ھۆی تووشبوونی سییەکان بە ھەوکردن (viral pneumonia)، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگی مردنە لە زۆربەی دەردەکان.
٢. ماکی کەمتر:
یەک: ھەروەک ھەوکردنی ماسولکە (myositis)؛ کە تیایدا گشت ماسولکەکان تووشی ھەوکردن و ژان و ئازار دێت و نەخۆش دەڵێت گشت قەلبم دێشێت و ئازارم زۆرە! ھەندێک جار کەسەکە شەوتایەکی زۆری دەبێت. حالەت ھەیە؛ کە: دەگەل ماسولکە ئێشان ئەگەری دەرکەوتنی پەلە و لیری لە سەر پێستی ھەیە و تەنانەت لۆی ھەیە پشتە چاویشی ئەستوور بێت. ئەگەریشی ھەیە؛ کە: ئەگەر ماسولکەکان تێکبشکێنرێت؛ ئەوا: بە ھۆیەوە کەسەکە گورچیلەی تووشی گرفت بێت (rhabdomyolysis).
دوو. نەخۆشی ڕایس (Reyes syndrome): لێرەدا فەرمانی مێشک و جەرگ تێکدەچێت، وە کەسەکە لەشی دادەھێزرێت و ھیچ تاقەتی نابێت و دادەوەشێت.
سێ. ھەوکردنی ماسولکەی دڵ یان پەردەی دڵ (myocarditis or pericarditis): کە زۆر جار کەسێک تووشی ئەم ماک و ئاڵۆزییە بێت؛ ھیچ ھەستی پێ ناکات مەگەر دڵی تووند بێت یان دڵە کووتەی ھەبێت. کەسەکە؛ وا دەزانێت کە چاک بۆتەوە و دەچێت غار دەدات و تووشی ناڕێکی لە لێدانەکانی دڵ دێت و کەت و مۆت دەبێت.

چار. ژەھراویبوون (toxic shock syndrome): زۆربەی کات ئەم حالەتە بە ھۆی بەکتریاوە دەبێت بەڵام لۆشی ھەیە؛ کە: ڤایرۆس تووشی بکات. لە نیشانەکانی؛ تای زۆر، سەرئێشە و تەزی بە قەلبی داھاتن، گەروو کڕانەوە و کۆخە. نەخۆشەکە تەواو نەخۆش دەردەکەوێت و لۆی ھەیە زگچوونی ھەبێت، گێژبوون و سەرسووڕان و بەین تەنگی و جاری واھەیە نەخۆش دەبوورێتەوە.
پێنج. نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار (CNS Disease): ھەروەک ھەوکردنی مێشک یان ھەوکردنی پەردەی مێشک.

٣. گەشکە: لە ھەندێک لە منداڵان بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی لەش و تا دەبێتە ھۆی گەشکە و فێ لێھاتن.

ب. بەکتریا تێدان (suppurative complications): ھەوکردن بە ڤایرۆس کەشەکە لۆ بەکتریا تێدان خۆش دەکات؛ لەوانەیە: ببێتە ھۆی ھەوکردنی سییەکان بە ھۆی بەکتریا (bacterial pneumonia)؛ یان ھەوکردنی گوێی ناوەڕاست (otitis media) یان ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت (Sinusitis).

ج. تیر بوونی نەخۆشیتر (worsening comorbid conditions): تووشبوون بە ڤایرۆس لۆی ھەیە؛ کە: نەخۆشی درێژخایەنیتر تووند و قورستر بکەن و بەرزەفت نەکرێن. لەو نەخۆشییانە؛ وەکو: ڕەبۆ، ڕەشبوونی سییەکان و پەککەوتنی دڵ و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە.

* کۆرۆنا و دەرمان: کۆرۆنا ھیچ چارەسەری نییە و ھیچ ڤاکسینیشی نییە! تاکە ڕێگای گرنگی دوور بوون لێی بریتیە لە پیادە کردنی ھەنگاوەکانی خۆپارێزی... قەت نەکەیت، کە: بە ھۆی ڕاگەیاندن (بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەڵیکتڕۆنی) یان بە قسەی ئەم و ئەو ھیچ دەرمانێک بخۆیت. لۆی ھەیە لە یەک ماڵدا دوو کەس تووشی کۆرۆنا بێن و یەکێکیان پێویست بێت دەرمان بەکار بھێنێت و ئەویتر پێویست بە ھیچ نەکات. ھەموو دەم ئەوەو وەبیر بێت؛ کە: دەرمان ژەھرە و تا پێویست نەبێت بەکار نایەت. ھەروەھا نووسینی دەرمان بەس پسپۆڕی پزیشکە و قەت لە پزیشک بترازێت نەکەیت دەرمان بە قسە و ڕای کەس بخۆیت.
Top