دۆڕان یان بردنەوە!؟

دۆڕان یان بردنەوە!؟


ھەرچەندە لە ئێستادا خەڵک مژوڵی کۆرۆنایە و بە ھەموو پێوەرێک (نەخۆشییە درێژخایەنەکان)یان وەبیر نەمایە!؟ لە ئەم ساڵدا (٢٠٢٠ز) ئەگەر سەیری ئامار و داتاکان بکەین؛ کە: لە نیوەی یەکەمی (٢٠٢٠ز) تۆمار کراوە لەگەل بوونی زۆر تێبینی؛ کە: بە ھۆی قورمتێنە و قەدەغەی ھاتووچۆ و نەمانی متمانە بە کەرتی گشتی و نەمانی لە گیرفانی خەڵک و...ھتد. دەگەل ھەموو ئەمانە؛ ھەر لە بەرواری (٠٥⁄٠١⁄٢٠٢٠ز) ھەتاکو (٠٩⁄٠٧⁄٢٠٢٠ز) ژمارەی ئەو کەسانەی کە (دەفتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان)یان لۆ کرایە و بەتایبەت دەفتەری تایبەت بە (نەخۆشی سووکەری) بریتی بووە لە (٦٥١) کەس! وە ئەو کەسانەی دەفتەری نەخۆشی درێژخایەنی تایبەت بە نەخۆشی (زەخت و دڵ) کراوە؛ لە بەرواری (٠٥⁄٠١⁄٢٠٢٠ز) ھەتا (١٩⁄٠٧⁄٢٠٢٠ز) بریتی بووە لە (٢٥٦) کەس.
ئەوە لە کاتێک بووە؛ کە: خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت خوا پێداوان نایەن بۆ کەرتی گشتی و تەنانەت ئەو دەرمانانە بەکار ناھێنن؛ کە: حکومەت دابەشی دەکات. ئەمەش زۆر ھۆکار وایکردووە؛ کە: واقیعەکە بە ئەمڕۆ بگات و ئەم چەشنە بیر کردنەوە و ڕەفتارانە لە لایەن ھاووڵاتی و نەخۆش پیادە بکرێت. لە ئێستادا تاک و لۆق دەنا خڕ ھاووڵاتییان کاتێک دێتە سەر باسی ئەو حەب و دەرمانانەی لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی تایبەت بە نەخۆشی درێژخایەن دابەش دەکرێت بە (گێچ یان گەچ)ی ناو زەد دەکەن بەو مانایەی؛ کە: باوەڕییان بە کوالێتی و جۆری دەرمانەکە لەق بووە و ھەندە نییە!؟؟
ئەوجا دەگەل ئەم چەشنە بیر و بۆچوونە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دارایی و ئابووری ھەنووکەی کوردەواری و چەند جارێک بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ و گۆشەگیر بوونی تەواوی خەڵک بە ھۆی نەخۆشی کۆرۆنا و مانەوە لە ماڵەوە دەگەل ھەموو ئەمانە (٦٥١) کەس سووکەری (٢٥٦) کەس زەخت و دڵ ڕێژەکی مەترسیدارە و دەبێت دەسەڵات و حکومەت کار بکات لۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگا ئاگادار بکاتەوە؛ کە: ئەو دوژمنەمان ھەیە و زۆر بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕوو لە زیاد بوونە!؟ ئەم ژمارەیەش ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان نییە!؟! چونکە نەخۆشی (سووکەری) یان نەخۆشی (زەخت) نەخۆشیی ماتن و درەنگ خۆ نیشان دەدەن و جاری وا ھەیە کەسەکە ھەر نایەتە ڕایێ کە ئەم نەخۆشییانەی ھەیە یان ڕکەی دەکات و ملەی لە خواردنی دەرمان و تەشخیس دەکات. ھەروەھا بەشێکیتریش لە خەڵکی ھەن؛ کە: نایەنە خەستەخانەی حکومەت، ئەوانیش: دەوڵەمەند و خوا پێداوەکانن و بەس سەردانی عیادە و نۆڕینگە خسووسییەکان دەکەن و ناویان لەو لیستە تۆمار نەکراوە.
ئەم نەخۆشییانەی سەدەی بیست و یەک زیاد بوونییان لە ھەر کۆمەڵگایەک زیان و مەترسی لۆ سەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا و دەسەڵات ھەیە!! مانای دۆڕاندنی ئایندەی میللەت و کۆمەڵگایە. ناکرێت ئەو ژمارە مەترسیدارانە ھەبێت و خۆمانی لێ کڕ بکەین!؟ بەڵکو دەبێت لە سەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا و دەسەڵات و حکومەت بەرنامەڕێژی بکرێت ھەتا پلانێکی تۆکمە ھەبێت لۆ ئەوەی بەر لەو بەربڵاوەیەی ھەر دوو نەخۆشی (زەخت) و (سووکەری) بگیرێت و ھیچتر بەو شێوەیە بڵاوەی لێ نەکات.

* ئامار:
ساڵی (٢٠٢٠ز) ساڵێکی ئاسایی نەبوو؛ وە لەبەر کۆرۆنا کەس بەری وەبەر نەخۆشیدی نەبوو!؟

ا. لە سەرەتای ئەم ساڵ لە بەرواری (٠٥⁄٠١⁄٢٠٢٠ز) ھەتا (٠٥⁄٠٧⁄٢٠٢٠ز) ناوی (٦٥١) کەس نووسراوە؛ کە: سەرەتا ژمارەی تۆماری (٢٢٦٨٥)ە و ئەو کات نەخۆشەکە نێردراوەتە بنکەی تەندروستی (محمد باجەلان) و دوا نەخۆش ژمارەی تۆماری (٢٣٣٣٦)ە و ژنێکە و دەفتەری نەخۆشی درێژخایەنی بۆ کراوەتەوە ناردراوەتە بنکەی تەندروستی (کوردستان).

ب. نەخۆشی زەخت و دڵ: لە بەرواری (٠٥⁄٠١⁄٢٠٢٠ز) ھەتا (١٩⁄٠٧⁄٢٠٢٠ز) ناوی (٢٥٦) نەخۆش تۆمار کراوە؛ کە: سەرەتا ژمارەی تۆماری (١١٤٨٤)ە و دوا نەخۆشیش ژمارەی تۆماری (١١٧٤٠)ە..

* زەنگێکی مەترسیدار: لێرەدا ئەم ژمارانە دەگەل ئەوەی بە کەمی حسێب کراوە و بەس ناو جەرگەی ھەولێرێیە! وە ھەمووشی نییە!؟ بەڵام دەگەل ھەموو ئەمانە مانای وایە؛ کە: ئەم نەخۆشییانە لە کۆمەڵگای ئێمە مشەیە!! ئەگەر لە ھەوڕۆ وەخۆی نەکەوین، ئەوا: زۆر بەھرە و توانا و کەس و ئەندامی چالاک و کارا و وەبەرھێنەری میللەتی کورد لە دەست دەدەین و ئایندە دەدۆڕێنین. ئەوجا پێویستە ھەموو ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین؛ کە: دەتەوێت بدۆڕێنین یان ببەینەوە!؟ کار و پلان و پڕۆژەمان لۆ ئایندە بەگوێرەی ئەم دۆڕان و بردنەوە بێت! بەس دۆڕان یان بردنەوە...
Top