گەلی كورد ژیانی سەربڵندی بە پاشكۆبوون وبێگانەپەرستی ناگۆڕیتەوە ..
August 1, 2020
وتار و بیروڕا
ئێمەی گەلی كورد نەتەوەیەكی ڕەسەن و خاوەن دیرۆك و زمانی تایبەت بە خۆمان نین ، خاوەن جوگرافیاییەكی فراوان ،ژینگە و سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندیین لە گشت بوارەكاندا .
ئێمە خاوەن سەركردەی بڵیمەت و كوردپەوەر و نیشتیمانپەوەرین ، خاوەن چەند شۆرش و راپەرینین .. خاوەن خەباتگێر و جەنگاوەر و پێشمەرگەین ، خاوەن گەلێكی فیداكار ، دڵسۆزین ..ئەوەی لە مێژووی كورددا هەیە لە هیچ نەتەوەیەكی تردا بوونی نییە.كوردبوون تاوان نییە، بەڵكو شانازییە، بەڵام بۆ كەسانێك كە قوربانییان دابێت بۆ نیشتمان، هەمیشە پاڵپشتی كوردستان بووبن لەهەر قۆناغێكدا ئەگەر دۆخی خەڵكەكەشی نالەبار و نائارام بووبێت، بەجۆرێك تێڕوانین و هزریان ئەرێنییانە بووە، هەمیشە بە ئومێدەوە تاماشاكەری ڕووداوەكان بوون، هەستی نیشتمانپەروەرییان هێندە بەرزەفڕ بووە، هیچ بیانوویەك ناهێننەوە بۆ لەدەستدانی ئەو ئایدۆلۆجیا و فكرەیە، چونكە لەوە گەیشتوون نیشتمانت نەبێت ژیانیش نابێت.
بەڵام جێگەی داخە كە ، هەموو كوردێك پێی ناگوترێت كورد، لەبەرئەوەی لەناو كوردان هەمیشە كەسانێك هەبوون هەستی نەتەوەییان پێ نەبەخشراوە لە بوونەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان كار بكەن بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندییە كەسییەكانیان ئاوێتەی بەرژەوەندی گشتی بكەن بەمەبەستی بەدیهاتنی مەرامەكانیان تا ئەوكاتەی نیشتمانیش بدۆڕێنن. ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت لەم هەرێمەدا لەڕووی مێژوویییەوە حاڵەتێكی ئاسایییە، چونكە لەگەڵ بوونی كورد ئەم جۆرە زادە و بیركردنەوانە هەبوون و بەردەوام دەبن، بەڵام لە مێژوودا بەخیانەتكار و خۆفرۆش ناوزەد كراون.
بۆ ئەوەی نەوەی ئێستە لە مێژوودا بەر نەفرین نەكەون و بەبێزراوی ناو نەهێنرێن لەئایندەدا، زۆر گرنگە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان بكەن وەك خۆیان نەك بكەونە ژێر تەوژمی تەخوین و یەكتر قبووڵ نەكردن كە لە ئێستادا بووەتە دیاردە و هەركەسێك بیروڕای نەگونجا لەگەڵ ئەویتر، ئەوە دووچاری پەلامار و تەشهیركردن دەبێتەوە، ئەوەش سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامەڵە و سیاسەتە نەرێنییانەی دەیانەوێت بكرێتە كولتوور و دابونەریت كە ماوەی چەند ساڵێكە بەرنامەڕێژیی بۆ كراوە لەلایەن كەسانێك كە جگە لە بەرژەوەندیی كەسیی، هیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر نیشتمانفرۆشی و خودفرۆشیش بێت.وەك ئەوانەی كە بە چەند كاتژمێرێك نیوەی خاكی كوردستان یان فرۆشت یان ئەوانەی بە چەند كاتژمێرێك ویستیان كوردستان رادەستی دوژمنان بكەن، ئان ئەوانەی گاڵتەیان بە چارەنووسی كوردانی باكوور و رۆژئاوایی كوردستان كرد .
هەموان باش ئاگاداری دۆخی ناوچەكەو عێراقین كە راستەوخۆ كاریگەرییان لە سەر هەرێمی كوردستان بووە بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە ، هەروەها ئەو پەتا جیهانییە كە كاریگەری نەرێنی لە سەر ئاستی جیهانی لێكەوتۆتەوە و كوردستانیش لە هێلی پێشەوە جەنگ و سركەوتوونە بە سەر ئەو ڤایرۆسەدا ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە دوژمنان و كۆیلەكان چاویان بە سەركەوتن و پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنەیەت و خۆفرۆشان هەمیشە بەرژەوەندییە كەسییەكان دەبێتە هاندانیان بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدەن و بیانگەوجێنن، ئەگەر وا نییە، فەرموون واز بهێنن لە بەرژەوەندی كەسی و بێنەوە ناو گەل، ئەوكات چی دەڵێن هەمووان لەگەڵتانن. لە ئێستادا ، ناحەزان لە رێگەی تۆمەت بەخشین و تابووری پێنجەم بەرامبەر بە گەل و نیشتیمانەكەی خەریكی گەوجاندن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكن، هەمیشە بەناوی نیشتمان و بوونی گەندەڵی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەڵكدان كە تا ڕادەیەك ئەم كارەیان سەركەوتوو بووە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هەمیشە ئەوانە دۆڕاو بوون كە كەمینە بوون و ویستوویانە سەربكەون بەسەر زۆرینەدا، بۆیە، بەدڵنییاییەوە كوردبوون شانازییە و بەهەموو كەسێك نابەخشرێت بە تایبەت ئەوانەی كە هەمیشە خۆیان بە خزمەتكار و كۆیلەی دوژمنان دەزانن