واتای چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی

واتای چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی
وەک تێبینی کراوە تاوەکو ئێستا گشت ئەو ھاوڵاتیانەی کە وەک فەرمانبەرن لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکیان وەرگرتووە لە مانا و مەفھومی فەرمانبەرایەتی گشتی تێنەگەیشتوون، ھۆکار گەلێکی زۆر ھەیە لە پشت ئەو ناڕوونیەی واتای چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی. ئەگەر بە ڕێژە ئامارێک وەربگرین لە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەت زۆربەی ھەرە زۆری فەرمانبەرانی خاوەن بڕوانامەی کارگێری کار و بەشەکانی تری پەیوەست بە ئەرکی کارگێری-ین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی ھەرە زۆری ئەو چینەی فەرمانبەران زانیاریەکی بنچینەیی و گشتگیریان نیە لەسەر خزمەتی شارستانی و چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی، کە ئەمەش دەرئەنجامی سیستەمی خوێندنی زانکۆیە، کە ڕێژەیەکی کەم لە زانکۆکان وانەیەکیان ھەیە کە پەیوەست بە واتای چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی، کە دەکرێ ھەر ھیچ نەبێت وانەیەکی پراکتیکی لەسەر ڕاژەی شارستانی و ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت لە بەشەکانی پەیوەست بە کارگێری ھەبێت و بخوێندرێت.
ئەگەر ئێمە بە مێژووی دەولەتان و ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوام دان و گرفتی سیستەمی کارگێریان ھەیە دابچینەوە ، بۆمان بەدیار دەکەوێت سەرچاوەی مرۆیی بە بەردی بناغەی سیستەمی کارگێری دادەنێن ، چونکە لەدیدی ئەوان وڵات ناتوانێت کار بکات و بەردەوام بێت لە کار کردن بەبێ پشت بەستن بە ڕەگەزی مرۆڤ، وە لە ھەمانکاتدا باری یاسای و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووری ڕێ و شوێن و ئاڕاستەی فەرمانبەران دەستنیشان دەکات. لە ڕاستیشدا واتایەکی پر مانا ھەیە بۆ چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی کە دەڵێت ( ھاوڵاتی کە بوو بە فەرمانبەر ئەبێ جیاواز بێت لەگەل ھاوڵاتی ئاسایی، چونکە ڕێک وەک سەربازێک ئەبێت بۆ سیستەمی حوکمڕانی، قەرزاری دەوڵەتە بە بیر و ھەست وە دەبێت بڕوای بە سیستەمی حوکمڕانی و دەوڵەت ھەبێت، دەبێت بە ھەست و توانایەوە کار بۆ سەرکەوتنی دەوڵەت بکات، لە ڕاستی فەرمانبەر خاوەنی خۆی نیە بەڵکو موڵکی دەوڵەتە).
واتای چەمکی فەرمانبەرایەتی بە شێوەیەکی گشتی پۆلین کراوە بەسەر دوو واتای جیا، واتای ئەوروپی، واتای ئەمریکی. واتای ئەوروپی بریتیە لە "واتای فەرمانبەرایەتی گشتی وەک خزمەتکردن، بە بۆچوونی فەرەنسیەکان فەرمانبەر ملکەچی سیستەمێک دەبێت کە ئەو لایەن نیە لە دانانی وە مافی تاوتێکردینی بنەماکانی حوکمی فەرمانبەرایەتی گشتی نیە، وە فەرمانبەر ئەرک و مافی جیاوازە لە ھاوڵاتی تر، بۆچوونی ئینگلیزەکان وەک فەرەنسیەکان سیستەمی فەرمانبەریاتیان بەتاڵە، ھەمیشە بە فەرمانبەری گشتی دەڵین خزمەتکاری تاج، لە ئەڵمانیاش فەرمانبەر دەبێت پابەند بن بە خزمەتکردن بە لەخۆ بوردەیی. ھەرچی واتای ئەمریکیە دەڵێت فەرمانبەرایەتی گشتی پیشەیە، لە دیدی ئەوان فەرمانبەرایەتی (امتیازیکە) بە فەرمانبەر دەدرێت و ئەمەش قەلغان نیە بۆ دەربازبوونی لە کاررایەکانی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن کە بیەوێت لە دژی فەرمانبەر ئەنجامی بدات وە ئەو مافەی بە فەرمانبەری ئەمریکی دراوە پێ ی دەوترێت چاکە. لەم واتایانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە فەرمانبەرایەتی گشتی لە ھەموو وڵاتانی پێشکەوتوو بریتیە لە کۆمەڵە پسپۆریەکی شەرعی کە فەرمانبەر بەکاری دێنێت بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندی گشتی وە بەھیچ شێوەیەک لە شێوەکان بە مافێکی تایبەت داناندرێت بۆ فەرمانبەر بە ئارەزووی خۆی دەستکاری بکات.
ئەگەر بێت و باس لە واتای فەرمانبەرایەتی گشتی لە عێراق بکەین ئەبێ بگەرێنەوە بۆ سەردەمی مەدەحەت پاشا کە والی عێراق بوو، کە لەسەردەمی ئەو ھەندێک رێکخستنی کارگێری ئەنجام درا، پێش ئەو لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان سیستەمی حوکمرانی دیکتاتۆریەت و دەربەگایەتی پەیرەو دەکرا. لە ٢١ی ئابی ١٩٢١ کە یەکەم حکومەتی عێراق دامەزرا،بە پێ ی چەند یاسایێک واتاو مەفھومی چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتیان دیاری کرد، چونکە لەو کات زۆربەی فەرمانبەران لە دام و دەزگاکانی عێراق کەسانی بیانی بوون، کە دوای ئەو ماوەیە لە ساڵی ١٩٢٩ یەکەم یاسای ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت دەرچوو کە بە پێ ی مەفھوومی ھەمان یاسا فەرمانبەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەمەزرا، یاسای ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٦٩ لە ساڵی ١٩٣٦ دەرچوو کە یاسای ساڵی ١٩٢٩ ھەڵوەشاندەوە، ئەم یاسایە تاکو ساڵی ١٩٩١ کاری پێ دەکرا و بە یاسای ژمارە ١٤ساڵی ١٩٩١ ھەلوەشایەوە و یاسای ژمارە ١٤ ساڵی ١٩٩١ لە ساڵی ٢٠٠٨ ھەموار کرایەوە. ھەر بۆ مەبەستی ڕێکخستنی چەمکی فەرمانبەرایەتی گشتی لە ساڵی ١٩٣١ یەکەم یاسای ڕاژەی شارستانی دەرچوو پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ یاسای ژمارە ٦٣ یاسای ساڵی ١٩٣١ ھەڵوەشاندەوە، بە ھۆکاری ھەبوونی کەم و کوری لە ساڵی ١٩٥٦ یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە ٥٥ دەرچوو کە بە یاسای یەکگرتوو دادەنرا جگە لە سوپا و دادوەری ھەموو کەرتەکانی دەگرتەوە. پاش شۆرشی ١٤ی تەمووز لە دەرئەنجامی گۆرینی سیستەمی حوکمرانی لە پاشایەتی بۆ کۆماری بڕیاری گۆرینی زۆربەی یاساکان درا بە مەبەستی گونجان لەگەل سیستەمی حوکمرانی، کە یەکێک لە یاساکان بریتی بوو لە یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ی ١٩٦٠ کە یاسای ژمارە ٥٥ ساڵی ١٩٥٦ ھەڵوەشاندەوە وە تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت وە زۆربەی بڕگەکانی ھەموارکراوە و بە یاسای ھەموارکراوی ژمارە ٢٤ی ساڵی ١٩٦٠ دەناسرێت و کاری پێدەکرێت لە سەرناسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
بە پێ ی دەقە یاسایەکان فەرمانبەرایەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پیشەیە کە پێ ی دەوترێت پیشەی فەرمانبەرایەتی، بەڵام ئەم پیشەیە جیاوازە لە پیشەکانی تر چونکە ئامانجی ئەم پیشەیە بەدیھێنای بەرژەوەندی گشتی و سوودی گشتیە، وە یاسادانەری عێراقی فەرمانبەرایەتی گشتی وەک خزمەتکردن داناوە، فەرمانبەر لە عێراق لەژێر سیستەمێکی سەرۆکایەتی دایە و وە مافەکانی پارێزراوە لە سیستەمی دەسەڵات. کەواتە سەرچاوەی مرۆیی داینەمۆی بەگەرخستنی سیستەمی حوکمرانیە و کەم تەرخەمی فەرمانبەر کاریگەری دەبێت لەسەر ئەدای جێبەجێکردنی کارنامە و پرۆگرامی حکومەت، بۆیە پێویستە پێش ئەوەی بیر لە ژێرخانی ئابووری و کشتوکال و بابەتەکانی تر بکەینەوە، با پەیڕەوێک و یاسایەک ھەبێت کە ژێرخانی مرۆیی بنیاتبنێتەوە، ئێمە ئێستا ژێرخانێکی مرۆیی لە چەشنی پێشمەرگەکانی ئەیلولمان پێویستە کە لە برسان خاکیان دەخوارد بەڵام نەیاندەفرۆشت، زانکۆکانیش بەرپرسیاریەتیکی گەورەیان لەسەرە بۆ ھەمان مەبەست، چونکە ناکرێ کەسێک ھەڵگری بڕوانامەی باڵا بێت و یەک دوو واتای چەمکێکی وەھا نەزانێت و فەلسەفەش بە نیشتماندۆستان و خزمەتکارانی دەوڵەت بفرۆشێتەوە. بیرۆکەیەی جوانی رۆژئاوای ھەیە کە دەڵێت " فەرمانبەران لە ھەر ڕۆژگارێک وە لەناو ھەر نەتەوەیەکی پێشکەوتوودا دارودەستەی حکومڕانین، چاک بوون یان گەندەڵی حوکمرانی بەندە بە چاکبوون و گەندەڵی فەرمانبەران".





* ماستەر لە کارگێری کار
Top