هەرێمی كوردستان ئومێدی هەموو كوردانە ..
July 25, 2020
وتار و بیروڕا
گەلی كورد وەك هەر نەتەوەیەكی سەر ئەم زەمینە خەباتی كردووە قوربانی داوە لە پێناو بە دەستهێنانی خەونەكانی و دوای چەندین ساڵ چەوسانەوە لەلایەن ڕژێمە یەك لە دوایەكەكانی عێراق و ئەنفال و كیمیاباران و خاپوركردن و وێران كردنی گوند و دێهاتەكانمان و تەعریب كردن و ڕاگواستنی بە زۆرە ملێ، هتد...
دواجار گەلی كوردی خێر لەخۆنەدیو ماندو و شەكەت لە بەردەوامی دان بەخەبات و قوربانیدان لەبەهاری 1991لە ڕاپەڕینێكی سەرتاسەری جەماوەری كوردستان، بۆ ڕزگاربوون لە ژێر دەستەیی و چیتر قبوڵ نەكردنی ژیانی كولەمەرگی دژی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ ڕاپەڕی و خەباتی پێشمەرگە و خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان ئاوێتەی یەكتر بوون و ڕژێمیان لە سەر خاكی پیرۆزی كوردستان بە دەرنا و تەپڵی سەركەوتن لە هەموو شوێنێكی كوردستان لێدراو خاكی كوردستان پاك كرایەوە لە دوژمنێك كە هەموو جۆرە مردنێكی لە سەر ئەم گەلە تاقی كردەوە بۆ سڕینەوەی گەورە و بچووكی خستنە ژێر خاك و زیندە بەچاڵی كردن.
لەگەڵ هەموو ئەو تەنگژە و پێشهاتانەی كە ڕووی لە ناوچەكە كردووە, بەرپرسیاریەتی گەورەی پێوستە، وەك لایی هەمووان روون وئاشكرایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە و لە قۆناغە هەستیارەكاندا زۆرترین بەرپرسیاریەتی بە ئەستۆگرتووە ،، هەرێمی كوردستان لە كە لە سێ هێزی سەرەكی تێدا هاوبەشن كە ئەگەر بیانەوێ حكومڕانیەكی باش بكەن و لە بۆسەدا نەبن بۆ یەكتر, دەتوانن دەستكەوتی باش بەدەست بێنن و زۆر لەكێشەكان چارەسەر بكەن كە جێگەی نیگەرانی خەڵكە و ئەوكات جۆرێك لە متمانەش بۆ هاووڵاتیان و پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانیش دەگێڕتەوە, بەتایبەت ئەگەر لایەنە هاوبەشەكانی حكومەت دوور بكەونەوە لە ململانێ و دەستێوەردان لە كاروباری حكومەتدا و لێ بگەڕێن كە سیاسەتی هەرێم حكومەت بەڕێوەی ببات بەو پێیەی حكومەت نوێنەرایەتی هەموو خەڵك دەكات.
بۆ ئەوەی حكومەتی نوێ بتوانێ حوكمڕانیەكی راستەقینە بكات و وێڕای دەستەبەركردنی كەشێكی ئازاد و لەبار و ئارام بۆ هەمووان, پێویستە چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچی و كەموكوڕیەك نەكات و بێ سڵەمێنەوە لە پەرچەكردار و گوشاری لابەلا یاسا بەسەر هەموو لایەكدا لە سەرتاسەری كوردستان بێ جیاوازی جێبەجێ بكات و ڕێگە نەدات هیچ سەرپێچیەك دێزە به دەرخۆنە بكریت, تاكو حكومەت لە ئاست خواستەكانی ناوخۆ و روەداوەكانی دەرەوەدا بێت.
جا بۆ ئەوەی هیوا و متمانە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و گۆڕانكاری و جیاوازی بەدی بێت پێویستە هەموو لایەنەكان و لە ناو لایەنەكانیش مزایدەچی و هەرزەسیاسیەكان بیر لەداهاتوو بكەنەوە, چونكە تەبایی و سەقامگیری سیاسی و ناوخۆی بۆ ئەم قۆناغە لە هەموو شت بۆ كورد گرنگترە و دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ساڕێژبوونی برینەكان و گەڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكان, نەخاسمە كە پێشبینی دەكرێ باهۆزێكی گەورە ڕوو لە ناوچەكە بكات و ئەگەر كورد ئەزموون لە ڕابردووی تاڵی خۆی وەربگریت و دوور دابەشبوون بە یەكدەستی كار و سیاسەت بكات، دەكرێ بە باشی سوود لە هەلومەرجە نوێیە وەربگیریت.
چونكە ئەگەر ئەم جارە لە هەر ئەگەرێ كە لە داهاتوو دێتە پێش دەرفەت لەدەست بدرێ كورد وەك نەتەوە تووشی شكستێكی مێژوویی مەترسیدار دەبێت. قورسی ئۆباڵەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان, چونكە تەنها پارچەی كوردستانە كە خاوەن پێگەی فەرمیە لە ئاست ناوچەكە و جیهان مامەڵەی لەگەل بكرێ. بۆ ئەمەش دەكرێ لایەنەكان لەبری دژایەتی سوود لە ئەزموون و سەنگینی پارتی لە سیاسەت وەربگرن, پارتیش هەر بە پشوودرێژی كار بۆ كۆدەنگی سیاسی و نیشتمانی بكات.