قەیرانی کەميی خوێندنەوە لە هەرێمی کوردستان
July 22, 2020
وتار و بیروڕا
سەرەتا هەروەک هەموومان دەزانین، بابەتی خوێندنەوە بابەتێکی هەستیار و بەرهەمدار و گرنگە بۆ گشت نەتەوە و میللەتانی جیهان، چونکە خوێندن و خوێندنەوە ڕێگایێکی باشە بۆ فراوانکردنی گەنجینەی زانست و زانیارییەکانمان، هەروەها قوتابخانەیێکە بۆ زاناکرن و تێگەیاندن و ڕۆشنبیرکردنی گشت چینەکانی کۆمەڵگه و دەتوانم بڵێم؛ مامۆستایێکی دلسۆز و بەوەفاشە بۆ ڕزگارکردنمان لە چنگی نەفامی و نەخوێندەواری.
گەربێت و پێناسەیێکی خوێندنەوە بکەین، دەتوانین بڵێین: خوێندنەوە بریتیيە لە زانیاری وەرگرتن لەو کتێب و دەق و ئهو نووسراوانەی کە ڕۆژانە لێی ورد دەبین و دەیخوێنینەوە، ئەمەش کە لە ڕێی دەقێکی نووسراو، یا چاپکراو، کە بە ئامادەکراوی دێتە پێشمان.
هەروەک هەنگ چۆن شیلەی گوڵەکان دەمژێ، مرۆڤیش بە هەمان شێوە لە ڕێگای خوێندنەوەوە فێری زانست و زانیاری دەبێت و سوودێکی یەکجار زۆری لێوەردەگرێت.
بێگومان من یەکەم کەس نیم کە لە دەرگای ئەم بابەتەم دابێ و ڕەنگە دواکەسیش نەبم، بەڵام ئەم بابەتە ئەوەندە گرنگە بۆ کۆمەڵگهی ئێمە لەئێستادا پێویستە بە دەیان بابەت و وتاری لەسەربنووسرێت و چەندین توێژینەوەش لەسەری ئەنجام بدرێت، هەربۆیە منیش ویستم بابەتێک لەم بارەیەوە بنووسم و بە چەند دێرێکەوە بیخەمە بەردەستی خوێنەران.
بۆچی لە کوردستان خوێندنەوە لەقەیراندایە؟
بەداخەوە لە کوردستانی خۆماندا پڕۆسەی خوێندنەوە لە قەیرانێکی زۆر قوولدایە و دەمێکە ئێمە بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنین. هەرچەند هیچ داتا و ئامارێکی دەقیمان لەبەردەستدا نییە کە بزانین پڕۆسەی خوێندنەوە لە وڵاتی خۆماندا لە چ ئاستێکدایە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئێمەی قەومی کورد لە ڕیزی پێشەوەی ئەو میللەتانەین کە کەم گرنگی بە خوێندن و خوێندنەوە دەدەن.
گەربێت و بێینە سەر ئەسڵی بابەتەکە بۆمان دەردەکەوێت لێرەدا زۆر هۆکاری جۆراوجۆرهەن کە دەبنە بەربەست لەبەردەم تاک بۆ ئەوەی ببێت بەکەسێکی خوێنەر و زانا و دانا، هەندێ لە هۆکارە سەرەکيیەکان کە کاریگەریيێکی ڕاستەوخۆیان هەیە، لەوانە: (زۆربەکارهێنانی ئينتڕنێت لەلایەن تاک، بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵاتیەکان، چوون بۆ کافێ و سەنتەرەکان، کەميی ڕۆلی ڕێكخراوەکان، دانەمەزرانی قوتابی لە دوای کۆتایيهێنان بە پڕۆسەی خوێندن). هەروەها لەبەر نەبوونی بژێوی ژیانێکی شایستە و ڕاگوێزان و دەربەدەری و سەختی و نەهامەتيیەکانی ژیان، نەریتی خوێندنەوە لە کۆنەوە لە باوباپیران پشتاوپشت بۆ ئێمە نە گوازراوەتەوە، تاوەکو ببێت بە کەلتوورێک بۆ ئێمەی تاکی کورد، بەڵکو هەتا کۆتایيەکانی سەدەی ڕابردووش خوێندن بە زمانی بیانی و بە لێدان و زەبروزنگ بووە.
ئەمانەی کە لەسەرەوە باسم کردن هەموویان لە لایێک، لەلایێکیتر لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گلۆبالیزەیشن وا خەریکن لاشەی کتێب بەخاک دەسپێرن !
کێ بەرپرسە لەم قەیرانە زانستییە...؟
ڕەنگە خوێنەر گلەیی ئەوەی هەبێ، کە بۆچی بابەتەکەم بە زۆری وشەی "قەیرانی" تێدا بەکارهاتووە، بەڵام ئەمە ڕاستیێکی حاشاهەلنەگرە کە بابەتی کەم خوێندنەوە لە کوردستان لە سنووری دیاردەی خۆی دەرچووە و، چووەتە ناو چوارچێوەی قەیرانەوە، قەیرانێک کە هەموومان لێی بەرپرسیارین، ئەڵبەتە کۆمەڵگه بەگشتی بەرپرسیارە لە پێشخستن وپەرەپێدانی ئەم سێکتەرە گرنگە، بەڵام بەشێوەیێکی دیاریکراو و بەتایبەتی؛ دایکو باوکان(خێزان) و مامۆستایان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن وە ڕێخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەتایبەتتر هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا،، ئەمانە هەموویان ئەرکی سەرەکیيانە کە گرنگی بە پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن و خوێندنەوە بدەن لە کوردستان، زیاد لەمەش دەبێ ئاستی مەعيرفی و ڕۆشنبیريی تاک بەرز بکەنەوە و لەم قەیرانە قووڵەى دەربێنن... واته لەمەودوا پێویستە خوێندنهوه لەم وڵاتەی خۆمان بە کەلتووربکرێت، چونکە ئاستی پێشکەوتن و زانستی و ڕۆشنبیريی هەر نەتەوەیێک، بەندە بە ئاستی زانست و زانیاريی ئەو میللەتەوە، بێگومان ئەمهش بە ڕێگای خوێندن و خوێندنەوە بەدى دێت.