جینۆسایدی بارزانییەکان
July 21, 2020
وتار و بیروڕا
جینۆسایدی بارزانییەکان، یەکێکی دیکەیە لەو تاونه گهوره و کۆشتارانەى کە لە لایەن حکومەتی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی ئەنجام درا، کە ئەمجارە لە ئاکامدا زیاتر لە 8000 پیاوی سڤیلی بارزانی ئەنفال و کۆمەڵکۆژ کران .
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 بۆ دابڕانی خەڵک له هێزهكانى پێشمەرگە و هاوکاری نەکردنیان، حکومەتی بەعس شاڵاوی تەرحیلکردنی خەلکی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانى، بەتایبەت خێزانە بارزانییەکانى بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق چڕتر كرد .
حکومەت پاش نیزیکەی پێنج ساڵ خێزانە بارزانییەکانی بۆ کوردستان گەڕاندنەوە و لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکان نێشتەجێیانى کرد .
ئەوکاتە ماوهى سێ ساڵ بوو کە عێراق تووشی شەڕ لە گەل ئێرانی دراوسێ ببوو، هەمیشەش لە هێزى بارزانییەکان دەترسا .
ئەوە بوو لە قوناخی یەکەم 31/7/1983 لە بەرەبەیانییەکی زوو ئۆردوگاکانی (قوشتەپە - بەحرکە - دیانا ) بە دەبابە و هەزاران سەرباز گەمارۆ دران و هەموو كوڕ و پیاوانى بارزانی لە تەمەنی 15تا 90ساڵیان دەستگیر كردو، بە ئۆتۆمبێڵى نهفهرههڵگرى سهربازى بەڕەو چارەنووسەکی نادیاریان بردن. پاش چەندین قوناخی ديكهى ئەنفالی بارزانییەکان، خۆدی سەدام حوسێن، ديكتاتۆر و سەرۆک کۆماری ههميشهيى عێراق لە وتارێکی تەلەفزیۆنی بارزانیەکانی دستگیرکراوى بە خائین ناو برد و، بێ شهرمانى گوتى: ((ڕەوانەی جەهەنەممان کردن) كه کە ئاماژەیەکە بە لەناوبردنیان !!
شایانی وتنە بە پێی ههندێ زانیاری پتر له 8000بارزانی لە بیابانەکانی عەرعەر و سەماوەی باشووری عێراق (نزیک سنووری عەرەبستان) کۆمەڵکۆژ کراون و، تاکو ئێستاش تەنیا پاشماوەی هێسک و پرووسك و جلوبهرگى 500شەهیدی ئەنفال دۆزراونهتەوە، کە به شكۆ و ڕێزه بۆ کوردستان گەڕێندراونهتهوه و، لە سەر چیای شیرین لە دەڤەری بارزان لە گوڕستانی تایبەت بە ئەنفالی بارزانییەکان نێژراون .
دەڤەری بارزان لە باشوورى كوردستانه كه به (هەرێمی کوردستان) ناو دهبردرێت و سهر به عێراقى فيدڕاڵه، كه دهکەوێتە نێوان وڵاتانی عێراق و ئێران و تورکیا، دەڤەرێکی شاخاوی و سەختە و زیاتر لە 120ساڵە مەڵەندی شۆڕش و بەرخۆدان بووە و، هەمیشە لە لایەن دۆژمنانەوە هێرشی کراوەته سەر و بە تۆپ و دهبابه و فڕۆکەی شهڕكهر و دەیان هەزار سەرباز، پهلامارى ئهو دهڤهره دراوه و، سووتینراوە و کاوليان كردووه و خەڵکەکەشی ئاوارە و تەرحیل کراون .