تمەنی ئێرانی سەرمایەدارانی کوردستانی ئیفلاس کرد!

تمەنی ئێرانی سەرمایەدارانی کوردستانی ئیفلاس کرد!

فشارە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا دێت باری دارایی ئێران بەرەو خراپتر دەبات، بە جۆرێک بەرهەمهێنان کەم بووەتەوە و دراوی وڵاتیش کە (تمەن)ـە ڕووەو دابەزین هەنگاوی بەردەوامە.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە زۆريی کڕیار و خواستی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە لە سەر تمەنی ئێرانی، بە جۆرێک سەرمایەدارانیش لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو پارەیەکی زۆری دۆلاریان بەو دراوە بێ بەهایە گۆڕیوەتەوە، ئەمەش زیانی گەورەی پێ گەیاندوون، چونکە ڕۆژ دوای ڕۆژ تومەن بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە بەهای لەدەست دەدات.
بۆچی سەرمایەدار و خەڵکی باشووری کوردستان تمەن دەکڕن؟ وەڵامی ئەمەیان زۆر ڕوونە، سەرمایەدار بەبێ بەدواداچوون و پرس و ڕا بە کەسانی شارەزا بۆ مەبەستی قازانج پارەیەکی زۆریان گۆڕیوەتەوە بە تمەنی ئێرانی بەو خەیاڵەی کە لێدوانەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕاست دەردەچن، کە گوایە ئەمە کاتییە و تێدەپەڕێت، بەڵام وانەبوو! ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریکی زیاتر لە دوو ملیۆن و 250 هەزار تمەنە کە لە مێژووی ئەو وڵاتە تمەن نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
چینی دووەم کە تمەن دەکڕن، ئەو خەڵکە خووگرتووەن کە ساڵانە ئەگەر دوو جار نەبێت، جارێک سەردانی ئێران دەکەن، تایبەت بۆ چارسەری نەخۆشیيەکانیان، یان بۆ گەشتی جۆش و خۆشی و کات بەسەر بردن، ئەوە جگە لەو خەڵکەشی کە بۆ کڕینی شتومەک دەچنە ئێران.
ساڵی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌مساڵ بةراورد بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و دراوه‌ ئێرانییه‌ نرخى زياتر له‌ 50% دابه‌زیوه‌، شرۆڤه‌كارانی بازاڕه‌ داراییه‌كانیش ده‌ڵێن به‌های تمه‌نی ئێرانی به‌ره‌و داكشانی زیاتریش ده‌ڕوات.
ساڵی 2018 كاتێك ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوه‌كی كشایەوە و سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، بۆیە نرخی تمەن بەراورد بەوكاتە 88% بەهای خۆی لە دەست داوە. ئەو کات هەر دۆلارێك بە سێ هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا، كەچی ئه‌مڕۆ بە 25 هەزار تمەنە.
Top