گەلی كورد قۆناغی سەختتری تێپەرٍاندووە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەكان ..
July 20, 2020
وتار و بیروڕا
بەدرێژایی مێژوویی دوور و نزیكی خەبات و تێكۆشان لە پێناو سەربەستی و رزگاری خاك ، هەردەم داگیركەران ویستیان ئەوە بووە تا گەلی كورد و نیشتیمانەكەی ژێر دەست بێ ،، چونكە نەیارانمان هەردەم چاویان لە سەروەت وسامانی ئەم نیشتیمانە بووە دەیان ساڵە جگە لە بەتاڵانبردنی لە هەمانكاتیشدا ، لە دژی خۆمان بۆ كرٍینی چەك و دواتر بۆ قرٍكردنمان بەكاریان هێناوەتەوە ..
كوردستان دوای دەیان ساڵ خەباتی چەكداری و شۆرٍش و راپەرٍین بۆ یەكەمین جار بووە خاوەن پەرلەمان ، حكومەتی خۆی و لەوكاتەوە هەنگاوەكانی بۆ خەباتی شارستانی و ئاوەدانی و گەشە پێكردنی وڵاتە وێران و دواكەوتووەكەی كە رژێمە یەك لە دوای یەكان هیچ كات گرنگیان پێنەدابوو ، دەستپێكردوو و هەنگاویی گرنگ و سەركەتووانەش بۆ ئەم مەبەستە هاویشتووە تا بە ئێستا ..
بەڵام وەك دیارە ، داگیركەران ودوژمنان ناتوانن و چاویان بە سەركەوتن و پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت ، هەر ئەو هۆكارانەشن كە وایانكردووە ، بەردەوام نەیاران كاریان لە سەر دروستكردنی كۆسپ و بەربەست كردووە و یانیش لە رێگەی بەكارهێنانی هەندێك تاقم و گروپ لە نێو خۆیی كوردستان یانیش لە رێگەی بۆردۆمان و هێرشی سەربازی هەرٍەشە لە كوردستان بكەن یانیش پیلانگێری و گەڵەكۆمەكی و رێككەوتنامەی نهێنی هاوبەش گرێبدەن بۆ ئەوەی رێگری لەو سەركەوتن و پێشكەوتننامەی كوردستان بگرن ..
بەرپرسەكانی عێراق نادادپەروەر و گەندەڵیشن، سەرەڕای ئەوەی چاویان بە پێشكەوتنی كوردستان هەڵنایەت ، لەگەڵ ئەوەشدا مافی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستانە كە داوا دەكەن لەپێناو ئەوەی چیدی مافەكانیان زەوتنەكرێت و پێشێل نەكرێت. لەپێناو پاراستنی ئەو ئەزموونەی بەخوێنی هەزاران لە شەهیدانی شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی خەڵكی كوردستان بەدیهاتوون , بۆیە ئەركی هەموو لایەكمانە رێگەنەدەین ئەوانەی چاویان بەئازادی و ئارامی كوردستان هەڵنایەت داهاتووی میللەتەكەمان رووبەڕی نەهامەتی و ماڵوێرانی بكەنەوە.
گەلی كورد ، ڕۆژانی زۆر سەختتری لەو ڕۆژە سەختانەی ئێستا بەڕێكردووە، ئێستاش دۆخەكە تێدەپەڕێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لە پیلانی ناحەزانی كوردستان تێگەیشتوون، بەتایبەت ئەوانەی چاویان بە دەستكەوت و پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێ گورز لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بدەن و ئەو وڵاتەش فیداكارانی هەیە كە پارێزگاری لە ئەزموون و دەستكەوتەكانی خۆی دەكات.. دەسەڵاتدارانی بەغدا بەشیعەو سوننەوە، بو شۆڤێنی و چاویان بەگەشەكردن و لەسەرپێ وەستان و دەستكەوتەكانی هەرێم هاڵنایەت. مانەوە لەگەڵ عێراق و چاوەڕێی بەدیهێنانی مافەكانمان جگەلە خۆخەڵەتاندن هیچی دی نییە..
بۆیە، هەموو ئەو جموجۆڵانەی ئێستای دەوروبەرمان ، جگە بەرژوەندی ئابووری ، ئەو سێ وڵاتە و شكست و گوشار نێو خۆییەكانیان و هەوڵدان ئەگەر پێیان بكرێت بۆ گوشار خستنە سەر حكومەتی كوردستان بۆ بە دەسهێنانی ئیمتیازی ئابووری و داگیركاری و دەستێوەردان هیچی شتێكی تر لە خۆ نابینێت كە لە ماوەی رابردوو ، چەندین هەوڵی بێهودە دراوە و بێ ئەنجام ماونەتەوە ..