خەبات و قوربانیدانی بارزانی و رەنگدانەوە لەسەر مانەوەی کوردو ناسنامەکەی

خەبات و قوربانیدانی بارزانی و رەنگدانەوە لەسەر مانەوەی کوردو ناسنامەکەی

پێشەنگ بوونی پارتی و بارزانی لە ناو گوڕەپانی سیاسی عێراقی و کوردستانیدا، ھەر وەک ماوەیەک پێش ئێستا بینیمان چۆن لە پڕۆسەی دەنگداندا چ بۆ پەرلەمانی عێراق و چ بۆ پەرلەمانی کوردستان وەک حزبی پێشەنگ زۆرینەی دەنگی جەماوەریان بە دەست ھێنا، ئەمە ھەروا و لە خۆرا نییە کە گەلی کوردستان متمانە بە پارتی و بارزانی دەدەن لە پڕۆسەکانی دەنگداندا، بەڵکو ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەی کە لە پارتی و بارزانیدا بەرجەستەن لە ڕووی کوردایەتیەوە وایکردووە بە حزبی سیاسی پلە یەک بمێنێتەوە و لە ڕیزبەندی یەکەم دا بێت.

شایانی باسە سەروەرییەکانی پارتی وبارزانی زۆرن و ناتوانرێت لە کورتە وتارێکدا ئاماژەیان پێ بکرێت، لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لەو سەروەریانە دەکەین کە پارتی و بارزانی تۆماریان کردووە، ئەویش لە ھەر دوو قۆناغی خەباتی چەکداری و شارستانی دا بە کورتی، بارزانی باوک بەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو ڕەوشی سیاسی ئەوسای خوێندنەوەیەکی لۆژیکی و ئەقڵانی بۆ کردبوو، کورد وەک نەتەوە لە بێ ھیوایی نقوم ببوو، ھەستی نەتەوایەتی تا ئاستێکی زۆر داتەپی بوو، بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ١٦ۍ ئابی ١٩٤٦ز کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی کورد بوو لە پێناو یەکڕیزی و تەبایی دا، توانی ھەستی کوردایەتی لای تاکی کورد لەماوەیەکی کەمدا بەھێز بکاتەوە و بێ ھیوایی بڕەوێنێتەوە، ھاوکات ئومێد بگەرێنتەوە بۆ کورد لە دژی نەخشەو پیلانی داگیرکاران کە لە ھەوڵی لە نێو بردنی کوردو ناسنامەکەی بوون بۆ ھەتا ھەتایە.

بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبی کاتێک کە زاڵ بوو بە سەر (عەبدولکەریم قاسم) ساڵی ١٩٥٨ز قاسم پاشگەز بوویەوە لە بەڵێنەکانی خۆی کە گوتبووی "کوردو عەرەب ھاوبەشن لە نیشتیمانی عێراقیدا لە بەندی سێی دەستووری کاتی ئەوسای عێراق"، دوای ھەوڵێکی زۆر لە لایەن جەنابی بارزانی باوکەوە لە پێناو چارەسەری ئاشتیانەدا، بەڵام بێ سوود بوو ڕژێمی قاسم پەلاماری کوردستانیدا و بارزانی باوکیش بۆ پاراستنی کورد وکوردستان شۆڕشی مەزنی ئەیلولی بەرپاکرد ١٩٦١ز، کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٤ساڵ لە نێو ململانێی سەخت و دژواری نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بەردەوام بوو، توانی لە ١١ۍئازاری ١٩٧٠ ز، گەورەترین سەروەری لەو ئان و ساتە نالەبارەدا تومار بکات.

ساڵی ١٩٨٧ بەرەی کوردستانی بە ھەوڵ ھیممەتی کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد دروستکرا، کە دواتر ڕەنگی دایەوە لەسەر جەماوەری کوردستان و بووە ھۆی سەرکەوتنی باشوری کوردستان بەسەر دەزگا چاپلوسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ و ڕاماڵدرێنران لە سەرتاسەری باشووری کوردستاندا، ھەروەھا لە ڕووبەڕوو بوونەوەی شەڕی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی پارتی و بارزانی بە ھەموو ھێزو توانایەکیانەوە بەرگریان لە کوردو خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و ئوستوڕەی داعش و پەلامارەکانی حەشدیان تێک شکاند و مەرامی نەیارانی کوردیان زیندە بە چاڵکرد.

بابەتەکەم لێرەوە بەم شێوەیە کوتایی پێدێنم کە پارتی و بارزانی بە ھۆی بەرگریکردن لە کەرامەتی کوردو کوردستان و وەک حزبێکی سیاسی تێکوشەر خاوەن سەرۆک و سەرکردایەتییەکی خەمخور و خۆ بە خاوەنزان و ھەڵگری بیروباوەڕی کوردایەتی بووە، لە ھەموو قۆناغەکاندا جێی باوەڕو متمانەی خەڵکی کوردستانەو ھەر بە پێشەنگیش دەمێنێتەوە.
Top