چاکسازییەکەی حکومەت و متمانەی خەڵک

چاکسازییەکەی حکومەت و متمانەی خەڵک

پڕۆژە گرینگ و نوێیەکەی حکومەتی نوێ واتا کابینەی نۆیەم بەبێ دوودڵی گلەیی ڕۆژانەی زۆربەی تاکەکانی کوردستانە بەڵام لێرە پرسیارێکی گرینگ هەیە ئەویش بۆچی لەکاتێکدا گلەیی دەکەن لەهەمان کاتدا متمانە بەجێبەجێ کردنی ناکەن وەڵامی ئەم پرسیارە بە چەند دێرێک دەخەمە ڕوو هاوکات چەند پێشنیارێک هەن کە سەرخستەی پڕۆژەکە دەبن.

من وەک رۆژنامەوانێکی بواری ئابووری ئەم پێشنیارە دەردەبڕم و دەمەوێ ھەڵوەستەیەک بکەم لەسەر بابەتی موچە، لە دروستبوونی کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدان بڕیاری جۆراوجۆر دەرکراون، ڕەنگە بەشێکیان لەبەرژەوەندی خەڵک و بەشێکیشی پێچەوانەی بەرژەوەندی و خواستی خەڵکی بێت بەڵام تا نووسینی وشەکانم نەتوانراوە دڵسۆزی و بڕوای هەموو خەڵک بەتەواوەتی بەدەست بێت، ڕەنگە بەشێکی خەڵکی متمانەیان هەبێت بە چاکسازییەکەی حکومەت بەڵام زۆرینە نییە چونکە زۆربەی کات بڕیارەکانی حکومەت کاتی بوون و بۆ هەمووان نەبوون نزیکترین نموونەش کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە کە ڕۆژانە گوێم لە دەیان فەرمانبەر بووە دەڵێن ئەگەر بڕیارەکە بۆ هەمووان بێت ئێمەش باکمان نییە و لەگەڵ حکومەتین.

کاتێک بەرپرس و پلە باڵاکان جگە لە خانوو و ئۆتۆمبێل و شۆفێر و پاسەوان مووچەیەکی زەبەلاح وەربگرن بۆ ئەوان لەسەدا پەنجا هیچ بایەخێکی نییە، بۆیە سەرکەوتنی هەر بڕیار و ڕاسپاردەیەکی حکومەت لەوەدایە کە لە بەرپرس و پلەباڵاکانەوە دەست پێ بکرێت وەک پێشنیار دەکرێ ژمارەی پاسەوان کەمبکرێتەوە و بەرپرس خۆی خانوو و ئۆتۆمبێلی هەبێت نەک هی حکومەت بڕیاری جاکسازی دەبێ بەسەر بەرپرسانی پلە باڵا و تاک تاکی فەرمانبەر و هاوڵاتی بەبێ جیاوازی حزب و ئایین و چین و توێژ و کەسایەتی و خێڵەکی جێبەجێ بکرێن.

زۆربەی ئەو بڕیارانەی حکومەت لە ڕابردوو دەریکردوون جێبەجێکردنی مانگێک تاوەکو سێ مانگ بووە تا ئەمڕۆش بڕیاری جام ڕەشکردنی ئۆتۆمبێل و جگەرەکێشان لە شوێنی گشتی و تا دوا داواکاری حکومەت خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیانی بۆ خودی تاک خۆیەتی بەڵام زۆربەی تاکەکان بەبای خەیاڵیشیان نایەت و پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نابن.

دوا دێر ئەوەیە کە حکومەت کاتێک بڕیارێک دەدات دەبێت خاوەن بڕیار بێت لەجێبەجێکردنیش گشتگیر بێت بۆیە دڵنیام ئەگەر بڕیارەکان گشتگیر بن ئەوە مووچەخۆرێک مووچەکەی ٧٠٠ هەزار دینار بێت بە ٥٠٠ هەزار دیناریش ڕازییە ئەگەر مانگانە لەکاتی خۆی وەریبگرێت.
Top