سایکۆلۆژیای ماستاوکردن !
July 16, 2020
وتار و بیروڕا
ماستاو وەکو خۆی ئەچێتە خانەی خواردنەوە. بەڵام لە ڕووی مەجازیەوە بە مانایەکی دیکەی وەکو خەسڵەت و ڕەفتار بەکاردێت. ماستاوکردن واتە مەرایکردن و ملکەچ بوون خۆبچووککردنەوە لە بەرامبەر کەسێک کە دەسەڵاتی کارگێڕی یان سەروەت و سامان و ھێزی ھەبێت، ئەمەش بۆ بەرژەوەندی یان دەستکەوتنی شتێک یان ترسان ویان فێربوون و ڕاھاتنە. ماستاوکردن یان ھەرناوێکی دیکە ڕەنگە لەھەر وڵاتێک و نەتەوەیەک شتێکی دیکە بێت بۆ پانکردنەوە. مێژووی دەستەواژەی ماستاوکردن زۆر کۆن نییە لە کۆنەوە بۆ ئەم مەبەستە پانکردنەوەیان بەکاردەھێنا. لە شرۆڤەی دەروونی بۆ کەسی ماستاوچی ئەم ڕەھەندانە دەگرێتەوە:
١- ھەندیک لە دەروونزانەکان دەڵێن: کەسی ماستاوچی( پانکردنەوە) بۆ پەروەردەی خێزان دەگەرێتەوە، کە پەروەردەیەکی توندو خۆسەپێنەر بووە، دەرفەت بە منداڵ نەدراوە بە ئازادی گوزارشت لە بۆچوونەکانی بکات کەسێکی دیکە بەسەریدا زاڵبووە، ھەمیشە بۆ بە دەستھێنانی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەبێت گوێرایەلی ڕەھای باوک بێت، ئەمە خالێکی جەوھەریە لە دەروونزانی کە بەھەمان ستایل منداڵەکە لە گەورەیدا کەسایەتیەکی بچووکراو گۆشەگیرو ترساوی دەبیت و بەردەوام واھەستدەکات کەسێک لە سەرووی ئەو ھەیە لەو باشترە ئەمەش پاڵنەرێک دروستدەکات کە حەزی لە ماستاوکردن بێت.
٢- ھەندێکی دیکە دەیبەنەوە سەر ھەستکردن بە کەمی گرێی (کێماسی) بەردەوام بە دوای کامڵبوونی کەسایەتی دەگەڕێت و ناتوانێت لەم گرێ دەروونییە دەرباز بێت، بۆیە زیاتر حەزیان بە پاشکۆیەتی و گوێرایەڵی ڕەھاییە. ئەمانە بە جۆرێک لە ماستاوکردن شارەزان و زمانی تایبەتیان ھەیە بۆ خۆ بردنە پێش ئەم جۆرە کەسانە بەرژەوەندی تایبەتی یان دەستکەوت وایان لێی دەکات وەکو پاڵنەریک بۆ قەرەبوو کردنەوەی ھەستکردن بە کەمی.
٣- تیۆری چەپاندن: ئەم جۆرانە لەسەردەمی منداڵیەوە زۆر سەرکوت و خەفە دەکرێن بەردەوام لە لایەن خانەوادە و ھاورێیەکانی دەستەمۆ دەکرێن. ئەوا وەکو وزەیەکی پەنگ خواردوو لە ناخیدا دەمێنێ. ئەم جۆرە کەسایەتیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان ھەموو جۆرە توندوتیژیەک و ناپاکی ھاورێیەتی بەکاردەھێنن بۆ ماستاوکردن تا بگەنە حەزە ماسۆشیزمەکانیان( بە ئازاردانی کەسی دیکە چێژ وەردەگرن ).
٤- ڕمەکی ھەندێک لە دەروونزانەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە کەسایەتیە ڕمەکیە ( غەریزیە ) بەدەست خۆیان نییە لە نەستەوە ( لاشعور) کۆنترۆل دەکرێن. کەسێک ئەگەر بووە بەرپرس یان باڵا دەستبوو لە ڕووی ھێزو پارەو کورسی وەکو سێبەر دەبن، ئامادەن ھەموو شتێ تەنانەت لەسەر حسابی کەرامەتی خۆیان ماستاو دەکەن ئەو کاتە ھەست بە ئیسراحەت و چێژ دەکەن. بەڵام سیفەتی ئەو جۆرە کەسایەتییە ئەوەیە ئەگەر کەسەکە لەو پلەو پایە نەما بەھەموو شێوەیەک دژایەتی دەکات بە ڕاست و چەپ بە خراپ باسیدەکەن بۆ ئەوەی دووەم و سێیەم و ئەوانی دیکە کە دێنە سەرکورسی خراپتر دەکات، لە ماستاوکردن ئەمانە ماستاوچیەتی یان سیاسەتی پانۆلۆجی بەشێکە لە کەسایەتی ھەمیشەیان.
٥- دەروونزانی ڕەفتاری: کەسێتی ماستاو چیەتی وەکو نەخۆشی ڕەفتاری سەیردەکەن. دەڵێت ئەوانە نەخۆشن کەموکوری لە ڕەفتاریان ھەیە. ھەست بە تێربوون ناکەن و پێداویستیان بۆ جێبەجێنەکراوە، ھەست بە بێبەشبوون دەکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکێ دواتر شڵەژانێکی توند و ئەگەر ئەو حاڵەتە بەردەوام بوو ئەوا دەبێتە خەمۆکی و ڕەفتاری دەگۆرێت و بە دووای تێربوونی پیداویستیەکان دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئارامگیری دەروونی بەدەست بھێنیت بۆیە پەنا بۆ حاڵەتی پاشکۆیی و کۆیلەیی دەبەن لە ڕێگەی ماستاوکردن. ئەمەش بەڕەھایی نا ڕەنگە نەخۆشی ڕەفتاری ھەندێکیان بیر لە خۆکوشتن یان گۆشەگیری یان ھستریایی دەکەنەوە نەک پاشکۆیی. لە کۆتاییدا خەسڵەتی ماستاوکردن زیاتر لە کۆمەڵگەی خەفەکراو و قەدەخەکراوی ئازادییەکان ھەیە، کە ڕژێمێکی دکتاتۆر بوونی ھەیە. لەو شوێنەی ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینە ھەیە ماستاوکردن نییە، چونکە کەس پێویستی پێ نییە، ھەر کەسەو شایستە و ماف و ئەرکی خۆی دیاریکراوە، ماستاوکردن و سیاسەتی پانکردنەوە نەخۆشیەکی غەریزی، دەروونی، ئەقڵی و سێکسی و کۆمەڵایەتییە.