پاراستنی سیستەمی بەرگری لەش

پاراستنی سیستەمی بەرگری لەش

بەرگری لەش دەزگایەکە کە کۆمەڵێَ کردار و زیندەچالاکی ئەنجام دەدات لەلایەن ھەندێ ئەندام و خانە و تەنۆلکە لەناو لەشی زیندوو لەپێناو پاراستنی مرۆڤ بە تووشنەبوون بە گەلێک نەخۆشی جۆراو جۆر و ژەھرو تەنە نامۆکان، ئەم سیستەمە چالاکە ھەڵدەستێت بە ناسین و ناسینەوەی ھۆکاری نەخۆشی و گرفت وەکو میکرۆب و ڤایرۆس و تەنە نامۆکان پاشان بەرەنگاربونەوە و لەناوبردنیان، بۆیە پێویستە ئەم سیستەمە بەھێز بێت و بە بەردەوامی ئاگاداری بین، ئەمەش بە چەند ڕێگایەک دەبێت لەوانە:
یەکەم : شێوازی ژیانی تەندروست ئەمەش زۆربەی توێژەرەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی چەند شێوازێکی بەڕێوەبردنی ژیان ھەیە ھۆکارە بۆ بەھێزکردنی بەرگری لەش لەوانە:
١. پاک و خاوێنی: پاک و خاوێنی و شووشتنی دەستەکان بە بەردەوامی ھۆکارە بۆ پارێزگاری کردن لە بەرگری لەش .
٢. جگەرە کێشان و نێرگەلە: بەچەند شێوازێک جگەرە کێشان و نێرگەلە زیان دەگەیەنێت بەبەرگری لەش، ھەر بۆیە واز ھێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلە یەکەم ھەنگاوە بۆ ڕێگانەدان لە زیان گەیاندن بە بەرگری لەش .
٣. خۆراک: زۆر گرنگە پەیڕەوی یاساوڕێسای خۆراکی تەندروست بکرێت لە میوە و سەوزە و دانەوێڵەکان کە دەوڵەمەند بێت بە بەھای خۆراکی تەندروست کە ڕێژەکان بە پێی تەمەن و باری تەندروستی مرۆڤ دەگۆڕدرێت , بۆ نمونە لە مرۆڤی پێگەیشتوودا ڕۆژانە: ڤیتامین سی پێویستە ( ٩٥- ١١٠ ) ملگم وەربگرێت، ڤیتامین دی پێویستە (٤٠٠-٦٠٠) ( (IU=International Union واتا (١٠-١٥) مایکرۆگم وەربگرێت , زنک پێویستە ( ٧-١١) ملگم وەربگرێت , ھەروەھا کەم بەکارھێنانی ئەو خۆراکانەی کە پڕن بە چەوریە تێرەکان، لێرەوە جێگای خۆیەتی بڵێن زۆربەی خۆراکە کوردەوارییەکان دەوڵەمەندن بە بەھای خۆراکی تەندروست .
٤. تیشکی خۆر: مرۆڤ پێویستە لە ڕۆژێکدا (١٥ -٣٠) دەقیقە بچێتە بەر خۆر بە ڕەچاو کردنی ستوونی خۆر و وەرزەکان .
٥. ئاو: لەشی مرۆڤ نزیکەی ٧٠% ی لە ئاو پێک دێت بە تێکڕایی گشتی، پێویستە ڕۆژانە بڕێکی باش ئاو بخورێتەوە کە کەمتر نەبێت لە ٨ پەرداخ کە ڕۆڵی باشی ھەیە لە بەرزکردنەوەی بەرگری لەش .
٦. وەرزش: پێویستە ڕۆژانە بەپێی تەمەن و باری تەندروستی پەیڕەوی وەرزش بکرێت، چونکە وەرزش دەبێتە ھۆی چالاک کردنی سوڕی خوێن.
٧. پاراستتنی کێشی تەندروست: زۆر گرنکە ئاگاداری کێش ببین بە بەردەوامی کە تووشی کێش زۆری یان کەمی نەبین .
٨. پارێزگاری لە پەستانی خوێن: زۆر گرنگە پارێزگاری لە پەستانی خوێن بکرێت و بەتەندروست بھێڵرێتەوە و دوورکەوتنەوە لە ھەرشتێک ھۆکار بێت بۆ بەرزبوونەوەی خوێن .
٩. مەی نە خواردنەوە: مەی خواردنەوە ڕۆڵی ھەیە لە کەم کردنەوەی بەرگری لەش .
١٠. خەوی گونجاو: خەوی گونجاو بەپێی تەمەن ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەھێزکردنی بەرگری لەش، بەتایبەتی خەو لەشەواندا .
١١. پێکەنین و دەورووبەری کۆمەڵایەتی گونجاوو کەشی ئارام و دوور لە بیرکردنەوەی نەرێنی: پێکەنین ڕۆڵی باشی ھەیە لە بەرزکردنەوەی بەرگری لەش، توێژەرەکان دەڵێن ١٠ دەقیقە پێکەنین کاریگەری بەھێزی ھەیە لە پاراستنی بەرگری لەش و چالاک کردنی سووڕی خوێن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا، پێکەنین وا دەکات بەرگری لەش بە تەندروستی بمێنێتەوە چونکە پێکەنین دەبێتە ھۆی کەم دەردانی ئەو ھۆرمۆنانەی کە کاریگەری نەرێنیان ھەیە لەسەر بەرگری لەش بۆیە پێویستە رۆژانە مرۆڤ پێبکەنێت .
١٢. دڵەڕاوکێ و خەم: دڵە ڕاوکێ و خەم و خەمۆکی ھۆکارە بۆ دابەزینی سیستەمی بەرگری لەش.
١٣. ھیلاکی بەردەوام و بێ حەوانەوە: کەڕۆڵی ھەیە لە دابەزینی سیستەمی بەرگری لەش بۆیە پێویستە مرۆڤ حەوانەوە بدات بە جەستەی.
١٤. ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکیە خولیەکان: ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییە خولیەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە پارێزگاری کردنی مرۆڤ لە باری تەندروستی نەخوازراو.
دووەم: بەپێی ڕێنمایی پزیشکی دەکرێت تەواوکەریان پشتیوانی خۆراک لەڕێگای ھەندێ دەرمان بدرێت بە مرۆڤ بۆ پاراستن و بەھێز کردنی سیستەمی بەرگری لەش .
کەواتە خۆپاراستن لە چارەسەرکردن باشترە، ئەمەش دەکرێت بە بڕیاردان لە ھاوکاری کردنی بەرگری لەش بۆ بەردەوامی ژیان و دوور لە دڵەڕاوکێ.
• مامۆستای زانکۆ
Top