بەمنداڵی خەونی گەورەی من داھێنانی شتێکی وەکو ئۆڕانیۆم بوو

بەمنداڵی خەونی گەورەی من داھێنانی شتێکی وەکو ئۆڕانیۆم بوو

بە منداڵی کە بۆ فارسەستان دوور خرابووینەوە، خەونی گەورەی من داھێنانی شتێکی وەکو ئۆڕانیۆم بوو، کە مادام ماری کوری دایھێناوە بۆ مرۆڤایەتی لە جیھان و وامدەزانی خەونی ھەرە گەورەم کە کیشوەرێکی سەربەخۆ پێک بێت بەناوی "کوردستان" وەک عەرەبستان و ئەفغانستان و پاکستان...ھتد، بێت مسۆگەرە.
ئێستا کاتێک کە دەبینم، کۆمەڵێک لە دروێشانی بەدواکەوتەی کوردە شێخێکی مۆدێرنی کۆپی شێخانی عەرەبستانی، دەفەکانی دروێشان دەگۆڕێت بە شمشێر، تەور، داس و نەشتەر و حسابی پووشکەش بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناکات وخۆسەپێنەرانەن، بێ بەرپرسیارانە و دوور لە ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێسا سنوورشکێنن ومەترسیدارن بۆ تەندروستی وئاسایەشی گشتی، ئیتر چ جێگای شانازی بمێنێتەوە لەو دڵەی کە زیاتر لەپەنجا ساڵە بەو ھیوایە ترپەکانی بەردوامە!.
سۆفیگەرایی، خۆی نموونێکی جوانە لە یەکتاپەرستی ولە کاتێ زکرکردندا دڵ خۆی خاڵی دەکات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خوای گەورە وھیچ شتێک لە نێوانیاندا بوونی نابێت وبەھێزترینە لەوکاتەدا. واتە ھەمان خاڵی میتافیزیکی یاخود ھاوچەشنی یۆگایە یاخود خەڵوەتکردن لەگەڵ خودا.
بەڵام ئەوەی کە ئەوکەسانە بە شمشێر وداس وتەور ھاتنە سەر شەقامەکانی کوردستان، ھێنانی ھێمای تووندوتیژی وکەلتووری عەرەبی بوو نەکو خۆشەویستی ومێھرەبانی ومرۆڤدۆستی. ئەوە دوور لە ویستی خواوەندمان.
پێشموایە پەروەردەی چەندین ساڵەی کوردستان کە لە ڕوانگەی دیموکراسی ئاراستەی منداڵان وگەنجان کراوە بەفیڕۆ چووە، با مامۆستایان ئەوە بزانن کە دەبێتە تڕاوما، واتە پێکدادانێکی دەروونی دەخاتە سەر دەروونی منداڵ ومێرمنداڵەکان، بەو شێوە دوو جیاوازییە لەنێوان فێرگە و کرداری سەر شەقام. واتە بانێک و دوو ھەوا.
لە ساڵەکانی پێش ١٩٧٤ و پێش کۆچڕەومان بۆ ئێران، لە سەنگەسەر دروێشانی دراوسێمان بە شەوان زکریان دەکرد، لەم کاتەدا منی منداڵ ئەو قیژە کردن وشمشێر وەشاندن وشووشە کرۆشتن وسەربڕینی مرۆڤ ودواتر دانانەوەی و چاککردنەوەی لام بووە بە تڕاوما وئێستاش جاریوایە بە ھۆی وەھمی ئەو تراژیدیایە وخورافاتە لەخەو ڕادەچڵەکێم.
Top