کۆمەڵگە و کۆرۆنا

کۆمەڵگە و کۆرۆنا

دەگەل ھاتنی ھەر دەرد و ئافاتێک ئەوا دەگەل زانینی ئاستی ڕۆشنبیری گشتی تاکەکان و کۆمەڵگا و ئاستی ھۆشیاری دروستی کۆمەڵگا و یەکە بە یەکەی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەوا: گوزەران و شێوازی ژیان و بارودۆخی دەروونی کۆمەڵگاکە و کەت کەتی تاکەکان دەزانرێت؛ ئەوە جگە لە زانینی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ووڵاتان و ھەموو کۆمەڵگاکان. ھەروەھا کاردانەوەی لە سەر بواری ئەندازیاری و پێکھاتەی شار و شارەوانی شارەکان دەبێت؛ ھەر لۆیە: لۆ ئایندە ئەو ئەندازیارانەی کە بەرپرسیارییەتی دانانی ماستەر پلان و نەخشەی شار و ووڵاتییان لە ئەستۆیە؛ وە ھەروەھا ئەوانەی نەخشەی خانوو و ماڵەکانیشمان دادەڕێژن دەبێت دەورە و خولی ھۆشیاری دروستی و تەنانەت خولی تەندروستی لۆیان بکرێتەوە؛ کە: چۆن نەخشە و خەریتەی خانوو و ماڵەکانمان دابڕێژن بەجۆرێک؛ کە: ھەم لایەنی تەندروستی لەبەر چاو بگرن و ھەم لە کاتی بوونی ئافات و دەردیش بە جۆرێک بێت؛ کە: ئاستەنگ بێت لەبەر دەم بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکان.
لە مێژە؛ لای خۆمان درک بە خراپی ئاڕچیتێکتەری شارەکانمان کراوە! بە جۆرێک ھیچ ئەوە ڕەچاو نەکراوە؛ کە: وا دروست بکرێت ھاووڵاتی ناچار بکرێت؛ کە ھەر چ نەبێت لۆ کارێکی بچووکیش بێت بەلایەنی کەم یەک چارەگ سەعات بە پێ ڕێ بکات. لە لایەکیتریش دەبێت ھەموو یاساکانی ھاتووچۆیش لۆ ئەوە بێت؛ کە: ھەمدیسان ڕەچاوی ئەوە بکرێت و خەڵک ھان بدرێت کە بەپێ ڕێ بکرێت.
لە لایەکیدیشەوە؛ ھاتنی ھەر دەرد و ئافاتێک دەبێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی دید و بۆچوون و تەنانەت ھەندێک بەھای کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵک بە جۆرێک دیتمان؛ کە: خەڵک لە کاتی گرد بوونەوە و کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان خۆ لە یەکتری دوور دەگرن! وە تەنانەت دەست و دەوێ یەکدیش ماچ ناکەن.

* کوردەواری و کۆرۆنا: لە سەرەتای ھاتنی کۆرۆنا کۆمەڵگەی کوردەواری بە ھۆی زۆر ھۆکارەوە دابەش ببوو تەنانەت ھەبوو ھەر فشەی پێدەھات؛ ھەشبوو تەراق (تەڵاق)ی دەخوارد، کە: کۆرۆنا درۆیە و یەکێکە لەو ئاین و ئۆینانەی کە وەتێ وەتێ دەگەلی دەکرێت؛ ھەشبوو حکومەتی تاوانبار دەکرد، کە: لۆ ئەوەی وا دەکات کە مووچە نەدات. لەو قوناغەدا بەس پزیشکان و دەستی کاری پزیشکی ھەنگاوەکانی خۆپاراستنیان پیادە دەکرد؛ وە دەگەل ژمارەیەکی کەم لەو کەسانەی ئاستی ھۆشیاری دروستییان باش بوو.
ئەو سەین و بەینە وا مایەوە! ھەتا دوو ڕووداو ڕوویدا؛ ئەوانیش:
١. وەفات کردنی یاریزانی بەناوبانگی عێراقی (ئەحمەد ڕازی)! کە خەڵک و عەوام؛ گۆتییان: ئەرێ ئەم دەرد و ئافاتە وایە!؟! خۆ ئەحمەد ڕازی ھەموو شتێکیان لۆ دەکرد! ئەدی کوو بەم نەخۆشییە گیانی سپارد؟ دیارە ئەم ئافەت و دەردە مەترسیدارە و ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە!؟!
٢. زیاد بوونی ژمارەی تووشبووان و زیاد بوونی ژمارەی مردووان بەم نەخۆشییە! بە جۆرێک لە ئێستادا لە عێراقدا ئاستی ڕێژەی مردن لە (٤.١٪)ی تێپەڕاند و بەمەش خەڵکێکی زۆر زەرەری پێکەوت و (ماران گەستیش لە گووریسی دەترسێت)! لۆیە؛ ھەموو ئەوانە ھاتنە ڕیزی ئەوانیدی و دەوری ھەبوو لەوەی؛ کە: زیاتر ڕێکارییەکانی خۆپارێزی پیادە بکرێت و خەڵک گوێڕایەڵی ڕێنماییەکان بێت.
بەمە دەبینین؛ کە: خەڵک کاردانەوەیان لۆ ئەم پەتایە بە تێپەڕ بوونی کات و بەگوێرەی ئاستی بژێویان و ئاستی ڕۆشنبیریان و ئاستی ھۆشیاری دروستییان جودا بووە!؟! ئەوەی کە زۆر بەرچاوە لە سەرەتا بەس سیاسییە پلە باڵاکان و دەوڵەمەندە قەبەکان و کادیرانی پزیشکی و تەندروستی گرنگییان پێدەدا بەڵام دوای ئەم قۆناغە تازە دەوڵەمەندەکان و سیاسییە گچکەکان و ئەندامانی حزبەکان ھاتنە ڕایێ، کە: کۆرۆنا یێ گەمەی نییە! چونکە پێش ئەو کاتە زۆر لەوانەی؛ کە: گوایە حزبیین و سیاسەت دەکەن دەھاتنە ناو ئاپۆڕای خەلک و عندەک دۆنەکیان دەکرد و خەڵکیان سارد دەکردەوە تەنانەت لە بەغدا ئەندامی پەرلەمان ھەبوو پزیشک بوو دەیگۆت: کۆرۆنا مەترسی نییە!؟؟!
لە ئێستادا خەڵک زۆرتر گوێ بە ڕێنماییەکان دەدات و تەنانەت ئەو قسەیەش لە ناو خەڵک یان نەماوە یان کەم دەبیسترێت کە دەگۆترا: ئەرێ دکتۆر بڕوات بە کۆرۆنا ھەیە!؟

* کۆرۆنا و دەرسەکان: کۆرۆنا زۆر ڕاستی لۆ وەدەرخست دەربارەی زۆر لایەنی ژیان بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی تەندروستییەوە ھەبێت لۆمە گرنگە و ئاماژەی پێدەدەین!

ا. کۆرۆنا سەلماندی کە ئێمە گرنگییەکی ئەوتۆ بە لایەنی تەندروستی خۆمان نادەین و ھیچ کاتێک دامەزراوە و ژمارە و کواڵێتی و جۆر و بڕی دامەزراوە تەندروستییەکان وەکی پێویست نەبووە!!؟
ب. کۆرۆنا لۆی سەلماندین؛ کە: لە دروستکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان ھۆکارێ لۆکاڵی لەبەر چاو بگیرێت نەک بەشێوەی چاولێکەری بێت.
ج. کۆرۆنا سەلماندی؛ کە: مەرج نییە ھەموو کات لۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی دەرمان پێویست بێت! بەڵکو زۆر نەخۆشی ھەیە؛ کە: دەتوانرێت بە بێ دەرمان چارەسەر بکرێت و تەنانەت ئەو دەستەواژە زێڕینەی وەبیر ھێناینەوە؛ کە: (دەرمان ژەھرە؛ تا پێویست نەبێت بەکار ناھێنرێت).
د. کۆرۆنا گرنگی ڕێکخستنی ژیان و خاوێن و باوێنی نیشان داین! پێشتر، لە (ڕۆژی جیھانیی دەست شووشتن) ئەوە باس دەکرا؛ کە: ساڵانە پێنج ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیھاندا بە ھۆی (نینۆک) و (دەست نەشووشتن) گیانیان لە دەستدەدا.
ھ. کۆرۆنا گرنگی ژینگە و دەوروبەری مرۆڤی لۆ دەرخستین؛ گۆتی: کە گۆڕان لە پلەی گەرمی و کەشوھەوا و ژینگە ژیان و تەندروستیتان دەگۆڕێت و مەزەندەش دەکرێت؛ کە: ھەتا گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی و کەشوھەوای جیھاندا ڕوو نەدات؛ ئەوا: لەناو چوونی تەواوی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاناگەیەندرێت.
و. کۆرۆنا یارمەتیدەر بوو، وە بەیەک دەنگ داوای لە ھەموو مرۆڤایەتی کرد؛ کە: لەمەو دوا مرۆڤ بن! ژیان و گوزەران و تەندروستی مرۆڤێکیتر دەبێت زۆر لات گرنگتر بێت چونکە ھەموو لە سەر ئەم ھەسارەیە دەژین و لۆی ھەیە ھەر مەترسییەک لۆ سەر ژیان و تەندروستی ئەو بێت؛ ئەوا: بە ھەمان شێوە ژیان و تەندروستی تۆش بخاتە مەترسییەوە.

* دوا پەیام: کۆرۆنا ھیچ چارەسەری نییە و ھیچ ڤاکسینی نییە! باشترین ڕێگا بریتیە لە پێشگیری کردن لە تووشبوون بە کۆرۆنا بە ھۆی: (دەست شووشتن؛ دەمامک؛ دەستکێش؛ دوور بوون لە یەکتری؛ نەچوون لۆ شوێنی قەرەباڵغ و تەسک و ئەو شوێنانەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تێدا خڕ دەبنەوە؛ لە ماڵ مانەوە....ھتد).
Top