ئایا قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان له‌ ساڵی نوێى خوێندن دەگەڕێنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن، یان بە شێوەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبن؟

ئایا قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان له‌ ساڵی نوێى خوێندن دەگەڕێنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن، یان بە شێوەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبن؟

ئەمە پرسیارێکە ڕەنگە ڕۆژانە بە خەیاڵی هەر تاکێک لە ئێمەی قوتابیان و مامۆستایان و فێرخوازاندا بێت، ئاخۆ قوتابیان دەگەڕێنەوە نێو ناوەندەکانی خوێندن، یان هەر شێوازە ئەلکترۆنیەکە بەکاردێنن بۆ خوێندنی ساڵی ۲٠۲٠_۲٠۲۱؟
هەروەک هەموومان ئاگادارین ماوەی چەند مانگێکە جیهان بەگشتی کەوتووەتە بەر شەپۆلی پەتایێکی یەکجار کوشندە کە ئەویش؛ ڤایرۆسیCorona(COVID-19)یە، سەرەتا لە شاری وۆهانی وڵاتی چینەوە سه‌ريهه‌ڵدا، دواتر تا دەگاتە وڵاتی ئێران و ئیتالیا و اسپانیا و ئەمریکا زۆربەی هەرەزۆری وڵاتەکانیتری جیهان تووشی ئەم پەتایەبوون و، تا ئەمڕۆش بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە دەناڵێنن.
لەم نێوەندەدا دیارە کە کوردستانی خۆشمان بێبەش نەبووە لە بەرکەوتەی شەپۆلەکانی ئەم ڤایرۆسە، هەر بەهۆی ئەم پەتایەوە دەوام و کاروکارگوزارییەکان لە زۆربەی هەرەزۆری دامودەزگا حکوومیيەکان پەکی کەوت، بێگومان کەرتی خوێندن و پەروەردەش بێبەش نەبوو لەم دابڕانە، کە بۆماوەی چەند مانگێک خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن (قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان)دا وەستا، لە کۆتايیش بەشێوەی ڕاپۆرتات توانرا هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونەکانی کۆتایی ساڵ ئەنجام بدرێت و ئەمە ببێت بە تەواوکاری خوێندنی ئەمساڵ.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڕاگەیاندنکارەکان بێت، ئاماژەکان وادەردەخەن کە ئەمساڵیش خوێندن لەناوەندی خوێندنگەکان هەر بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبێ و دەرگای خوێندنگاکانیش هەر بە داخراوی دەمێننەوە، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخ بەرەو خراپتر دەڕوات و، ژمارەی تووشبوان و گیان لەدەستدانه‌كان به‌ هۆى ڤایرۆسی کۆڕۆناش زیاتر بەرەو هەلکشان دەڕوات، چاوڕوانیش دەکرێت ئەم دۆخە تا کۆتایي ئەمساڵ بەردەوام بێت، کەواتە بەپێی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بێت، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو سەری ساڵی داهاتوو خوێندن هەر بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێ، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەکانی وەرزی یەکەم و دووەم بگەڕێینەوە نێو کەمپەکانی خوێندن و ئیتر لەو کاتەوە دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی قوتابیان و مامۆستایاندا بکرێتەوە و، ئەم پەتایەش ڕۆژ بە ڕۆژ کەمترببێت و بەلکو هەر لەناو بچێت و بوونی نەمێنێت.
ئەگەربێت و ئەمە ڕووبدا و خوێندن لە ناوەندەکان بە ئۆنلاین بکرێت، کێ سوودمەند دەبێت؟
گومانی تێدا نییە، ئەو قوتابخانە و زنکۆ و پەیمانگایانەی کە هەر زوو پەنایان بردە بەر ڕێگای ئۆنلاین، ئەوانە لەم پڕۆسەیەدا سوودمەندی یەکەم دەبن، چونکە دەکرێت لەو ماوە کەمەی ڕابردوو زۆرترین شارەزاییان لەم بوار و شێوازە نوێیە لە ئەپەکان وەرگرتبێ، بە کورتیيەکەی دەتوانم بڵێم: ئامادەکاریيه‌کی باشیان تێدایە بۆ خوێندنی ئەمساڵ، بەتایبەت بە شێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین. هەروەها قوتابیانیش لەم شێوازەی ئۆنڵایندا خەرجی و مەسروفاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و ئەم شێوازەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بارسووکی و گەڕانەوەی خەرجيی مانگانەی خانەوادەکان، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن دوو یا سێ قوتابی، یان زیاترن.
سەبارەت بە چارەنووس و دەستپێکی خوێندنی ساڵی داهاتووش، لەکاتێکدا هێشتان قوتابیانی ۱۲ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی ئەزموونەکانی کۆتایی ئەمساڵیان ئەنجام نەداوە، بەڵام جێی باسە هەر بەهۆی ئەم بارودۆخە نالەبارە کە بالئ بەسەر هەرێمدا کشاوە، ڕەنگە کات و ساتی خوێندنی ئەمساڵیش لەچاو ساڵانی ڕابردوو دوابخرێت، بەتایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی کە تازە وەردەگیرێن، واتا قوتابیانی قۆناغی یەکەم.
لێرەدا پرسیاری جەوهەريی بابەتەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەم دۆخەی كە ئێستا لە ئارادایە بەردەوام بێت و درێژە بکێشێت، ئایا شارەزایان و کاربەدەستانی کەرتی پەروەردە چ ڕێگە چارەیێکیان بۆ قوتابیانی سەراتایی و ناوەندئ و ئامادەیی هەیە، چونکە بەڕاستی ڕەنگە بەدەیان و بە سەدان قوتابی وامان هەبێت کە نەزانێت جووتە پێلاوەکانی بە تەواوی لەپێی بکا، چ جای نۆرەی ئەوە بێت، کە بتوانێت ڕۆژانە پەیڕەوی پڕۆگرامێکی ئەلکترۆنی بکات کە ئەستەم بێت بۆ لێتێگەیشتن، بەتایبەت قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی؟!


قوتابی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیيەکان*
Top