كوردایەتی سەخت وگرانە ، بەڵام سەربڵندی و شكۆیە ..

كوردایەتی سەخت وگرانە ، بەڵام سەربڵندی و شكۆیە ..

زۆر دەگمەنن ئەو گەلانەی كە وەك نەتەوەیی كورد باجی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دابێت، مەگەر ئەوانە نەبێت كە لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژوو بەیەكجاری لە نێو نەتەوەكانی تر توابنەتەوە، لە كۆنەوە كوردبوون لەبەر زۆر هۆكار باجی گەورەی لەسەر بووە، هۆكاری (جوگرافی و ئاینی و مێژووی) زۆری تریش، هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو سەرسەزمینەی ئێستا پێی دەوترێت كوردستان و چاوتێبڕینی نەتەوەكانی تر لە خاكی كوردان ، لەبەرامبەریشدا رووبەرووبوونەوەی كوردان بۆ پلانی تەماحكارانەی دووژمنان لەخاكەكەی یەكێك لە هۆكارە هەر سەركیانەی ئەو باج و قوربانیدانەیە، ئەویش لە پێناو مانەوەی نەتەوەیی كورد و نەتوانەوەی لە چوارچێوەی نەتەوە باڵادەستەكانی ناوچەكە..

گەلی كورد ، لە پێناو گەرٍاندنەوەی مافەزەوتكراوەكانی و رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و ئازادی خاك و نشتیمانی قوربانی و باجی زۆری بەخشیووە و تا بە ئەمرۆ بەردەوام لە خۆراگری و هەموو ئەو سەختی و گوشارانەی كە رووبەرووی دەبنەوە .

لە مێژووی هاوچەرخیشدا جەنگە گەورەكانی وەك جیهانی یەكەم و دووەم و سیاسەتی داگیركەرانەی ولاتە زلهێزەكان لە جەنگی یەكەمی جیهانی و دژایەتیان بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان وەك گەلی كورد و نەتەوەكانی تر، باجی گەورەی خستە سەرشانی كورد هەروەها كۆسپی گەورەبوون لەبەردەم كوردایەتی و گەیشتنی میللەتی كورد بە مافی رەواكانی لە نێویشیاندا مافی چارەی خۆنووسین كە بەشێك لەو دەولەتانە پڕوپاگەندەیان بۆ دەكرد، دوای دروستكردن و داتاشینی چەند دەوڵەتێكی دەستكرد لە ناوچەكە و دابەشكردنی كوردستان لە چوارچێوەی رێكەوتنامەی شووم ونێودەوڵەتیی دەستی زڵهێزاندا بەسەر چواردەوڵەتی ناوچەكە، ئەمجارەشیان داوای مافی كوردبوون و كوردایەتی بۆ گەیشتن بە مافی ئەو گەلە ستەملێكراوە لە لایەن داگیركەرانی كوردستان بە سیاسەتی ئینكاركردنی كوردان و جینۆساید و وێرانكردنی خاكی كوردان وەڵامداریەوە .

بەدڵنییایەوە ، داگیركەران و دوژمنانی گەلەكەمان لە پێناو بەلارێدابردنی كاروانی خەبات و كوردبوون و كوردستانی بوونمان زیانی زۆریان لە گشت روویەكەوە پێگەیاندووین بەڵام رووحییەتی خەبات و تێكۆشان و رٍەتكردنەوەی پاشكۆبوون و داگیركەران هەوڵەكانی مایەپووچ كردوونەتەوە ، لە مێژوودا كوردبوون و كوردایەتی باجی قورسی لەسەر بووە و هەر داوایەكیش لەو جۆرە لە لایەن دووژژمنانی كورد دژایەتی كراوە، تەنانەت لە ئێستای دونیای پێشكەوتن و جیاهنگیریشدا لە دەوڵەتێكی وەك ئێران و توركیا ئینكاری بچووكترین مافی كوردبوون دەكرێت، ئەویش خوێندنە بە زمانی كوردی..

لە نێوخۆیی كوردستانیش بەهۆی پیادەكردنی حزبایەتی و پەنابردنە بەر ململانێ حزبیەكان و زاڵكردنی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بەسەر كوردایەتی، لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمیدا، كاتێك باس لە یەكریزی و تەبایی دەكەیت، ئەوا بەرژوەندییە كانی حزبی و شەخسی شوێنی كوردایەتی دەگرنەوە ، بێگانە پەرستی و كورد شكاندن شوێنی دەگرێتەوە .ئەوەیە كە دەڵێین رای كوردانەوە و داكۆكیكردن لە كوردایەتی راستەقینە زۆر سەخت بووە ، لەبەرامبەر ئەوەدا نابێت سل لە كوردایەتی بكەینەوە، بگرە كوردایەتی باجی هەرچی بێت دەبێت بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر .

رٍاستە رێگەی كوردایەتیی سەخت وباجی گەورەی دەوێت ، بەڵام ئەنجامەكەی سەربڵندی و شكۆی گەل و نیشتیمانە .. بۆیە ، دەتوانین بڵێین كە ئەم سەرمایە گەورەی كوردایەتی، كە بە خوێن و فرمێسك و رەنجی شانی هەزاران هەزار تێكۆشەر و خەرجییەكی زۆر لەسەر گەلەكەمان كەوتووە، قەت ناكەوێت و ئیتر وا تێهەڵدەچێتەوە.
Top