ساڵێك لە حوكمڕانی و هەنگاو و كرداری بوێر
July 10, 2020
وتار و بیروڕا
پەرلەمانتار خەدیجە تەها
دەی تەمووز پەرلەمانی كوردستان متمانەی بەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا ، بەواتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە لەیەك ساڵ بەسەر دەست بەكاربوونی دا، کابینەیەک کە لە کاتی دروستبوونیدا هێشتا ئاسەواری قەیرانەکان بە جێ مابوون. بە تێپەڕبوونی ساڵێک، حکومەت لە سەدا بیست وپێنجی ماوەکەی تەواو کردووە، کە ماوەیەکی زۆر نییە، هەر وەک لە رووی ئێداریی فەرمانبەرێک دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنی، لە رۆژی دەست بەکاربوونی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ژێر چاودێری و ئەزمووندا دەبێت، ئەم ماوەیە بۆ حکومەتیش هەروایە.
ئەگەر تیشک بخەینە سەر ئەدا و کارەکانی حکومەت لەم ساڵەدا دەبینین کە کومەڵێک بڕیاری داوە و چەندین هەنگاوی هاویشتووە کە دەتوانین بيکەینە بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندنی کابینەی نۆیەمی حکومەت.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کومەڵێک بڕیاری ئێداری دراون، بۆ رێکخستنی دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت و باشترکردنی شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان. سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەل بەغداش یەکسەر شاندێک سەردانی حکومەتی عێراقی فیدرالی کرد و هێشتا بەردەوامن لە سەر گفتۆگوکان.
لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی، پرۆژە یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمانی کرد و دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، ئێستا بە شێوەیەکی جددی و هەنگاو بە هەنگاو، کار بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەکرێت و چەندین لیژنە لە سەر ئاستی وەزارەتەکان و بەرێوەبەرایەتیەکان بۆ ئەم مەبەستە پێک هاتوون، هەروەها چەندین بڕیار دراوە بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی باجدان بە تایبەت لە بواری پرۆژە گەورەکان وەک وزە و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و رێکخستنەوەی گومرک و دەروازە سنوورییەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخوشبوونە گومرگییەکان وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە داهاتە گشتییەکان.
گرنگی دراوە بە کەرتی کشتۆکاڵ، بڕیار لە سەر هەندێک پلان و ستراتیجی دراوە، بە تایبەت پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت و دامەزراندنی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتۆکال لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا کە سەرۆکی حکومەت بە خۆی سەرۆکایەتی دەکات.
گرنگی بە کەرتی تایبەت دراوە بۆ ئەوەی هاوبەش بێت لە بووژاندنەوەی ئابووريی هەرێم.
ئەم کارانەی کە حکومەت ئەنجامی داوە هەمووی لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی خۆیدا بووە، ئەمەش دەرخەری ئیرادە و جددیبوونی حکومەتە بۆ بە سیستەماتیککردنی بەرێوەبردنی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، هەر بۆیە ئەم کارانەی حکومەت بەم تەمەنە کەمە، جێگای هیوا و دڵخۆشین بۆ هاووڵاتیان، و گۆمانی تێدا نییە کە ئەگەر بارودۆخ، بارودۆخێکی ئاسایی بووایە، کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەی حکومەت زۆر باشتر دەردەکەوتن، بەڵام ئێستا ئاستەنگ و ئاڵنگاری زۆر لە ئاستی ناوخۆیی وناوچەیی بەردەم ئەم کابینەیەدا هەن لە رووی ئابووری، تەندروستی و تەنانەت ئەمنیيشەوە، قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە، هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێن کە کات و پشوودرێژيی زیاتر پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم کابینەیە و گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.