کۆڕۆنا و عەولەمە

کۆڕۆنا و عەولەمە

دەگەل بە عەولەمە بوون و جیھانگیری، دید و بۆچوونی مرۆڤەکان گۆڕانکاری بەسەردا ھات! تەنانەت لە ئێستادا جیھان وا ئەژمارد دەکرێت، کە بریتیە لە گووندەکی بچووک. تۆ لەمسەری دونیا بە تەنیا یەک ئەنگوست و پل دەتوانیت پەیام لۆ ئەمسەری دونیا بنێریت و دەلحازیش لێت وەرگرێت و تەنانەت ھەر ئەو دەمیش وەرامت بداتەوە. ھەر لۆیە دەگەل گچکۆکە بوونی جیھان خەڵک مەزەندە و زەینی فراوانتر بوو و زوو درک بە ئاریشە و گرفتەکان بکات. ئەمە لە لایەک لە لایەکیتر سیاسەتی جیھانیش ھەم دیسان کاردانەوەی لە سەر ووڵاتان ھەیە و وایکرد؛ کە: ووڵاتانی زلھێز زێدەتر دەست دەناو ووڵاتان بگێڕن و ئەم لا ببەن و ئەو دابنێن! لۆیە؛ لات سەیر نەبێت کاتێک ھەڵبژاردنی سەۆکایەتی ئەمریکا ھەبێت؛ ئەوا: لێرە و لەوێ کاردانەوەی ئەم ھەڵبژاردنە دەرنەکەوێت. بزانە؛ لە ئەمریکا ھەڵبژاردن کرا بەڵام ووڵاتی ڕووسیا تۆمەتبار کرا بەوەی کە دەستی ھەبووە لە سەرکەوتنی (دۆناڵد ترامپ)؛ ئەدی شەڕی عێراق و ئەفغانستان لۆ نارێیت. ئەوجا مادام ووڵاتان سنوورەکانیان نەما و جیھانگیری تەنیەوە؛ ئەوا: بە تێپەڕبوونی کات سیاسەتی مالی و دارایی خڕ ووڵاتان وێکڕا بەسترایتەوە؛ دیتتان: لە ئەمریکا دۆلار نرخی بشکێت لێرە کاڵا ھەرزان دەبێت و بە پێچەوانەشەوە.
ئەمە ھەمووی ئەوە دەگەیەنێت؛ کە: مرۆڤەکان و بەتایبەت لە ناوچەی ئێمەدا ژیان و گوزەرانییان وابەستەی گۆڕانگارییە جیھانییەکان بێت و ھەر ڕووداو و کارەساتێک ڕوو لە مرۆڤایەتی بکات ھەندە ئاسان لە سەریان تێپەڕ نەبێت و بیرییان لۆ دوورتر بچێت و تەنانەت کاتێک ئافات و دەردێکی وەکو کۆرۆنا لە جیھاندا بڵاوەی لێ بکات بگۆترێت؛ کە: ئەرێ دەبێت شەڕی دوو ووڵاتی زلھێزی وەکو (چین) و (ئەمریکا) نەبێت!؟ کە لە ئێستادا لە ڕووی ئابوورییەوە چین ئەگەر لە پێش ئەمریکاوە نەبێت، ئەوا: چی لەوی کەمتر نییە و شانبەشانی یەکترن. ئەنگۆ؛ بڕۆننێ! بەس لۆ دوو فلوسان و لۆ وەبەرھێنان لە ووڵاتانی ئەفریقیا، ئەمریکا کوو شەڕ و شۆڕەکی دامەزراند و تەنانەت ووڵاتی خاوەن نەفت و داھاتی زۆری وەکو (لیبیا)ی تووشی کاولبوون و ماڵوێرانی کرد و لۆ دەساڵ دەچێت تەق و ترۆق و شەڕە و خەڵکێکی زۆری مەدەنیش بوونە قوبانی یان گیان و ماڵییان کەوتە مەترسییەوە!؟!! ئەمەش ھەمووی بە ھۆی ئەوە بوو؛ کە: (٣٠٪)ی وەبەرھێنانی ووڵاتی چین لە باکوری ئەفریقیا بوو بێگومان ئەوە بەتەنێ نەبوو بەس یەک لە ھۆکارەکانیش بوو.
دەگەل بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (سارس - ٢) و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) و بەھۆی ئەو بارودۆخانەی کە ھەبوون؛ لۆیە: زۆر ئاسان بوو کە ھەر ھیچ نەبێت زەین و مەزەندە لۆ ئەوە بچێت؛ کە: ئایا ئەوە شەڕێکی بایۆلۆجی نێوان زلھێزەکان نەبێت!؟! وە یان بیری کەسانێک لۆ ئەوە بچێت؛ کە: دەبێت لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان بە ھۆی ئەوەی ژمارەی پیر و بەناوساڵکەوتووان ڕوو لە زیادبوونە و ھەرچەند ئەو ژمارەیە زیاد بێت، ئەوا: شەریکە و کۆمپانیاکانی بیمە و دڵنیایی دەبێت تێچوونی ژیان و تەندروستی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و بەمە لۆی ھەیە زەرەر و زیانی زۆر بکەن و تەنانەت ئیفلاسیش بکەن. ھەر لۆیە؛ ئەم ئەگەرەش کەوتە زەین و بیری کەسەکان و تەنانەت لە سەرەتای پەیدا بوونی ئەم دەرد و ئافاتە خەڵک ھەبوو بە ئاشکرا دەیگۆت؛ کە: سووڕ دەزانێت بە ھۆی ئەم ھۆکارەوە برەو بەم ڤایرۆسە دراوە و لە یەکێک لە تاقیگە بایۆلۆجییەکانی شاری (وەھان) ڕێگە دراوە ئەم ڤایرۆسە دزە بکات و خەڵکێکی زۆر تووش بێت! وە بەتایبەتیش ئەگەر ئەوە بزانین؛ کە: ئەم ڤایرۆس و دەردە بە زۆری ژیانی پیر و پەککەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە و بەتایبەتیش ئەوانەی کە تەواو پیرن و نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە.

* پیر و پەککەوتە و بەناوساڵکەوتوو: دانانی ئەوەی، کە؛ کێ پیرە!؟ لە ووڵاتێکەوە لۆ یەکێکیدی دەگۆڕێت. لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانەی داھاتی تاکەکەسییان تێدا زۆرە ھەر کەسێک تەمەنی بگات بە (٧٥) ساڵ بە پیر دادەنرێت! ھەرچی لە ووڵاتی ئێمە و عێراقی فیدڕاڵە؛ ئەوا: بە ھۆی کەشوھەوا و ژیان و گوزەران و ھۆکاری بۆماوەیی و دەوروبەر ئەم ژمارە دادەبەزێت و ھەر کەسێک بگاتە تەمەنی (٦٥) ساڵی بەپیر حسێب دەکرێت و لە (٧٥) ساڵی بە تەواو پیر و لە (٨٥) ساڵی بە زۆر پیر!!!!
ئەوجا ئەگەر وێکڕا سەیری ئامارە جیھانییەکان بکەین؛ دەبینین کە: ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە (٦٠) ساڵییەوە کێڵ بۆتەوە بە ھۆی خزمەتی تەندروستی و پزیشکی گەلەک ڕوو لە زیاد بوونە!! لە ساڵی (١٩٨٠ز) ژمارەی پیرەکان (٣٨٢) ملیۆن کەس بوو بەڵام لە ساڵی (٢٠١٧ز) گەیشتە (٩٦٢) ملیۆن و لۆی ھەیە لە (٢٠٥٠ز) ئەم ژمارەیە ببێتە (٢.١) بلیۆن کەس. ئەوجا لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان ژمارەیان (٣٢٠) ملیۆن کەس بوو لە ساڵی (٢٠١٥ز) بەو مانایەی ژمارەیان بە بەراورد بە ساڵی (٢٠٠٠ز) بە ڕێژەی (٦٤٪) زیاد کردووە کاتێک لەم ساڵەدا ژمارەیان (١٩٥) ملیۆن کەس بوو. وە پێشبینیش دەکرێت؛ کە: لە مابەینی (٢٠١٥ - ٢٠٣٠ز) لە ووڵاتە پێشکەوتوو و داھات بەرز و مامناوەندەکان ژمارەکە لۆ (٥٤٥) ملیۆن کەس بەرز بێتەوە؛ واتا: بە ڕێژەی (٧٠٪) بە بەراورد بە ساڵی (٢٠١٥ز) زیاد بکات.
ئەوەش بزانین؛ کە: ئەم زیاد بوونە لە ژمارەیان بێگومان تێچوونی گوزەران و ژیان و تەندروستییان زۆر لە سەر ووڵاتان دەکەوێت؛ وە تەنانەت ئەوە سەلمێنراوە کە: بەس حسێبی دەرمان بکەین بە ھۆی ئەوەی ئەوانەی گەیشتوون بەو تەمەنە بەھۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی جۆراجۆر بڕی زۆری دەرمان بەکار دەبەن بەجۆرێک سێ بەرابەری کەسێکی گەنج دەرمان بەکار دەھێنن. لێرەدا؛ بودجەی ووڵات دەبێت پارەیەکی زۆر لۆ ئەم تەمەنانە تەرخان بکرێت و بەمەش ڕەنگ بێت کار لە ئاسایش و داھاتووی ووڵاتە زلھێزەکان بکات و ئەوانیش پەنایان لۆ فێڵ و تەڵەکەی وا برد بێت.
ئەوجا کاتێک بەتایبەت دوای مانگی ئادارێ ووردە ووردە کۆرۆنا خۆی دەرخست و بینرا؛ کە: زۆری ئەوانەی بە ھۆی کۆرۆنا مردن پیر و پەککەوتە بوون یان ئەوانە بوون؛ کە: نەخۆشی درێژخایەنییان ھەیە ھەموو ئەو کەسانەی ساحێبی ئەم بیرۆکەیە بوون و ئەم سەدەقەیان لێدەدا؛ گۆتیان: دەق قسەکەی مە ڕاستە!؟! ئەوە ئافاتێکە و دروستکراوە و پیلانی ووڵاتە زلھێزەکانە لۆ لەناو بردنی ئەو کەسانەی پیر و پەککەوتە و نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە.

* کۆرۆنا و بازاڕ: خەڵکیدی ھەیە؛ کە: بیری لۆ لایتر دەربارەی کۆرۆنا دەڕوات و دەڵێت؛ کە: بە ھۆی ئەو داتەپینە ئابوورییەی ھەموو جیھانیی گرتەوە و بەجۆرێک لە ھەندێک ووڵات تەخت و تاجی زۆر سەرۆک و نیزامی تەفروتونا کرد و تەنانەت لە ووڵاتێکی وەکو یۆنان تەشکیل کردنی حکومەت وەکو (گەمەی منداڵانی) لێھات و ئەمڕۆ حکومەت تەشکیل دەکرا و یەک مانگی نەدەبرد حکومەت ئیستیقالەی دەدا! لۆیە؛ ووڵاتە زلھێزەکان لۆ بازاڕ پەیدا کردن (کۆرۆنا)یان داھێنا و دیتشمان؛ کە: بازاڕی (دەمامک) و (دەستکێش) و (جلوبەرگی خۆپارێزی) و (چاویلکە) و (ئامێری دەستکردی ھەناسەدان) و (دەرمان) و (نەخۆشخانە)... ھتد کوو بووژایەوە ئەوجا ڤاکسینی ھەر لێگەڕێ! تەنانەت ڕۆژ نییە ئەم نەڵێت ئەھا یەک دوو ڕۆژێکی ماوە و ڤاکسین کەوتە بازاڕاوە یان ئەو نەڵێت ئەھا ڤاکسینمان تاقی کردەوە...ھتد و حکومەتەکانیش ئەوجا بە ڕاستییان بێت یان موزایەدە ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن لۆ کڕینی دەرمان یان ڤاکسینی تایبەت بە (کۆرۆنا).

* کۆرۆنا و پیلان: کۆرۆنا پیلان بێت و ووڵاتە زلھێزەکان بە پلان بڵاویان کردبێتەوە یان نەبێت لۆ خەڵک و ووڵاتی ئێمە ھیچ لە ئەگەرەکان ناگۆڕێت! بەڵکو ئەوە ئافات و دەردێکە ھەموو مرۆڤایەتی لە ھەنووکەوە پێیەوە سەرگەردان بووە! بەجۆرێکە دەبێت ببێتە ھۆی زیاتر یەکگرتوویمان و ھەموو وێکڕا ھەماھەنگ بین لەوەی کە ڕێکارییەکان پیادە بکەین لەوەی نەھێڵین؛ کە: ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکەی دەناو کۆمەڵگای ئێمەدا تەشەنە بکات چونکە (گوێی شەیتانی کەڕ بێت)! نەوەک ببێتە ھۆی لە دەستدانی ئازیزان و خۆشەویستانمان.
ھاووڵاتیانی بەڕێز؛ کۆرۆنا ھەتا ئەمڕۆ چارەسەری نییە و ڤاکسینیشی نییە! وە باشترین ڕێگاش لۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم دەردە بە پیادە کردنی ڕێکارییەکانی خۆپارێزی دەبێت؛ بەوەی: (گرنگی بە پاک و خاوێنێ بدرێت؛ دەمامک و دەستکێش بەکار بێت؛ دەست بشۆردرێت؛ لە جێگای قەرەباڵغ و تەسک کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تێدا کۆ دەبنەوە بەدوور بە؛ دۆقە و ماچ و موچ مەکە، کارت نەبوو لە ماڵ مەچووە دەرەوە...ھتد).
ئەوەشت وەکو بیرھاتنەوە وەبیر بێت؛ کە: ساڵی (١٩١٨ - ١٩٢٠ز) دەرد و ئافەتێکی لەمجۆرە ھەبووە! ئەو کات (٥٠٠) ملیۆن کەس تووشی ھات و لەو ژمارەیە (٥٠) ملیۆن کەس مردن و لۆ ئەو کات (٥٠٠) ملیۆن کەس دەیکردە (١⁄٣)ی دانیشتووانی سەر زەوی و (٢⁄٣)ی خەڵکی ئەو کات تووشی نەبوون!؟! لۆیە؛ لە ھەنووکەدا ھەوڵ بدە تۆ لە بەر خۆت و خێزان و خانەوادە و خۆشەویستانت و وەکو ئەرکێکی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی و نیشتمانی دەگەل (٢⁄٣)یەکە دابیت و ھەنگاوەکانی خۆپارێزی پیادە بکە.

* سەرچاوە: لۆ ژمارە و داتاکان سوود لە کتێبی (زانیاری نوێ لە بواری پزیشکی، ٢٠١٩ز) وەرگیراوە.
Top