نھێنی بێدەنگ بوونی زلھێزەکان بەرامبەر تاوانەکانا

نھێنی بێدەنگ بوونی زلھێزەکان بەرامبەر تاوانەکانا

رۆژانە لەم دەڤەرەی ئێمەدا بە تایبەتی و لە دەوروپشتماندا بە گشتی، تاوانی زل زل لە لایەن وڵاتانی تورکیا و ئێران دژی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام ئەدرێن، بێ ئەوەی زلھێزەکان (لەل) یان لە دەمەوە بێتە دەرەوە. بگرە ھەر ئەو زلھێزانەشن کە گڵۆپی سەوزیان بە داگیرساوی بۆ ھێشتوونەتەوە و، نەک بۆیان سوور ناکەن، تەنانەت پرتەقاڵییەکەشیان نیشان نادەن.
ئەمڕۆ ئەو بێدەنگیە بێ مەڵامەت نیە، ئەمە بزنزێکی فراوانی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی جیھانن، کە لە لایەن رژێمە رەگەزپەرستانی ناوچەکەوە کڕدراون و، لە ئاست تاوانەکانیانا قڕوقەپیان فرۆشتووە.
ئەوەندەی لە ھەندەران بووم وئاگاداری رەوشەکە بووم، ئەمڕوانییە ئەو کەسایەتیانەی بە زۆرزانی و، ساختەچێتی و، لەبلەبانی خۆیان ئەگەیاندە پەڕلەمانی وڵاتەکە و، جێگای خۆیان لە پۆستە باڵاکاندا ئەکردەوە و، لەو شوێنەوە ئۆتۆماتیکی دەبوونە دەنگێکی کاریگەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیھاندا. ئەمە ئەگەر بەسەر ھەموویاندا نەسەپێت بیگومانم بەسەر زۆربەیاندا سەپیوە. ئەمانە وەک زۆربە کەسانی تەمەڵ و پاسیڤن، لە ھەمان کاتیشدا ھەڵوەدای پارە و سامان و دەوڵەمەندین، جا لەبەر ئەوە کڕینیان زۆر ئاسانە و، بە دەیەھا لە ئەندام پەڕلەمانەکانی ئامریکا و پەڕلەمانی ئەوروپی ھەوڵیان بۆ دراوە، چاو لە راستی و مافی گەلان کێشە نێودەولەتییەکان بقوچێنن و نقە لە خۆیان ببڕن و ببنە لەمپەری رێگەی ماف و ئازادی و چارەنووس.
( ستروان ستیڤنسن ) ئەم کەسە ئازا و پەرێز خاوێنە، سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوروپی بوو، نازانم ئێستاھەر لە ھەمان پۆستە یان نەماوە، ئەڵێت: کاتێک فشارمان خستە سەر مالیکی لەسەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامی داون ، چەند کەسێکی ناردە لام و پێیان وتم نرخی دەمکوت کردنت چەندە با بتدەینێ. ئەمەی لە وتووێژێکی درێژدا لە پەڕلەمانی ئەوروپی درکاند و ڤیدیۆکەشی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی پڕ کرد.
ئەمە نموونەیەکی زەقی مەبەستەکەی منە، ئەم ھەموو ھێرشانەی ئەکرێتە سەر کوردانی سڤیڵ لە ناوچە سنوورییەکاندا و، زلھیزەکانیش بیدەنگن، بێ ھۆ نیە، بزنزێکی شەیتانی شاراوەیە، ژیر بە ژێری خوێنی بێتاوانان کەرەسەی کڕین و فرۆشتنێکی یاسای دارستانە.
بە کورتی: ئەمڕۆ کوردیش ئەبێت فێری ھەڵسوکەوتی ئەم کۆڵانە تاریکانەی دەڵاڵانی بزنز بە خوێنی نەتەوەکەمان ببێت و، لە بری ئەوەی سەروەت و سامانی کوردستان بخەینە چنگی دوژمنانەوە، با بیدەین بەوانەی جڵەوی دوژمنانی ئێمەیان بە دەستەوەیە.

Top