جووتیارانى كوردستان پێويستيان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌ هه‌يه‌

جووتیارانى كوردستان پێويستيان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌ هه‌يه‌


زۆربەمان ئەگەر جووتیاریش نەبین، بەڵام دۆست و ئاشنامان هەن، كه‌ لەو بوارە كاردەکەن، كه‌م كه‌سيش به‌ ئازار و مه‌ينه‌تييه‌كانى ئه‌و توێژه‌ زه‌حمه‌تێكشه‌ى كۆمه‌ڵگه‌‌ ئاشنايه‌ و، زۆر كه‌س نازان چۆن به‌رهه‌مى ره‌نج و بەروبوومەکەیان به‌ جۆرێك رەزیل بووە، هەر شایەنی باسکردن نییە!
رۆژانە هەمووان دەبینین، کە کاکی جووتيار و وه‌رزێر بە ناو کوچەو کۆڵانەکاندا دەسووڕێتەوە، يان له‌ لاچه‌پى شه‌قامێكى دوو سايديدا، پيكابه‌كه‌ى راگرتووه‌ و بەروبوومى وه‌ك ته‌ماته‌ و په‌تاته‌ و سه‌وزه‌وات دەفرۆشێت، بەڵام چ فرۆشتنێک، بە سەد حاڵ تا چه‌ند كيلۆيه‌كى لێ ساغ دەکاته‌وه‌.
سەرمایەدارێکی هەولێر بە ناوی شێخ بارز، سەرجەم تەماتەکانی سنووری ده‌ڤه‌رى خەبات دەکڕێتەوە و بەسەر هەژاراندا دابەشى دەکات. ئه‌وه‌ كارێكى خواپه‌سه‌نده‌ و پێويسته‌ حكومتيش كه‌ به‌ باوكى ميلله‌ت ناوى ده‌به‌ن، كارى هاوشێوه‌ بكات. بۆیە دەبێت تا بەرهەمی ناوخۆیی ساغ دەکرێتەوە، سنوورەکان لە بەردەم هاوردەکردنی بەرهەمی بێگانە دابخرێن. سەرپێچیکاریش، چ هاوردەکار بێت، چ ئەوەی لە سنوورەکان چاوپۆشی لەو کارە دەکات، پێویستە سزا بدرێت.
بەڕاستی بێ مانایە یەک سندووق تەماتەی خۆماڵی بە سێ هەزار دینار بێت، تەماتەی ئێرانی و تورکی کیلۆی بە هەزار دينار، یان زیاترێت.
ئەگەر سەیری وه‌رزێره‌كانى هەموو ناوچەکانی کوردستان بکەین، ده‌بينين ئەوانە لە چینی كه‌مداهاته‌كان و ته‌نانه‌ت هەژارنن، كه‌ بە رەنج و ماندووبوونى خۆیان دەیانەوێت پاروویەک نانی حەڵاڵ دەرخواردی منداڵەکانیان بدەن.
هاتنى ڤایرۆسی کۆڕۆنا و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچووش واى كردووه‌، زۆرێك له‌ جووتياران ته‌نانه‌ت نه‌توانن، به‌روبوومى خۆيان بماشنه‌وه‌. ئه‌وه‌ به‌ته‌واوى تەنگی پێ هەڵچنیون و تووشى زيانێكى زۆرى كردوون. له‌لايه‌كى ديكه‌وه‌ نەبوونی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان هێندەی دى نائومێدی کردوون، ئەگەر وا بڕوات، لەجیاتی ئەوەی بەرهەمی خۆمالی جێگای به‌روبوومى بێگانە بگرێتەوە و ببێتە جێگرەوەی نەوت، نەک هەر جێگرەوە نابێت، بەڵکو ئەو ئاو و خاکە بەپیتە دەبێتە قوربانيی بەرهەمی بێگانە و هەندێک کەسی قورغکار کە دەیانەوێت بۆ دەستکەوتنی هەندێ پارە هه‌موو بێ ويژدانييه‌ك بكه‌ن، بۆيان بچێته‌سه‌ر... ئه‌و جۆره‌ له‌ مافياى بازرگانى چۆن بەعس گونده‌كانى به‌ كورد چۆڵ ده‌كرد و ده‌يسووتاندن و ئاو و خاکی لێ داگیردەکردن، ئەوانیش بەهەمان عەقڵييەت کارده‌کەن.
بۆیە یەکێک لە بڕگەکانی چاکسازيی ئەم کابینەیەى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ڕێز مەسروور بارزانى، حەقە گرنيگيدانى ته‌اوو بێت به‌و سێکتەرە، بۆ ئەوەی هەرکەسەو بەشی خۆی دڵخۆش بکات و مافی جووتیارانی كوردستانيش پارێزراو بێت.
هەربۆیە بێبەهاکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، بەر لەوەی رەنج بەخەسارکردنی جووتیارەکانمان و سارکردنەوەیان بێت لە بەرهەمهێنان، دووبارە گریانی بەشێکی ديكه‌ى هاونیشتمانییانە، ئەمجارە بۆ فرۆشتنی خاک نییە، بەڵکو بۆ بەرهەمی خۆماڵی و رەنج و شانی ساڵێکی جووتیارانی کوردە. بۆيه‌ له‌ كۆتاييدا پێويسته‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ جووتیارانى كوردستان پێويستيان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌ى جددى‌ هه‌يه‌.
Top