سۆشیاڵ میدیا و کۆمەڵگە

سۆشیاڵ میدیا و کۆمەڵگە

ھاتنی لەپڕی تەکنەلۆژیا، بێ روخسەت و بێ پێشینە و بێ خۆ ئامادەکردن وەک بوومەلەرزەیەکی کتوپر بوو، ھەموو وێنەکانی دونیای ئێمەی لێل کرد. تائێستاش ئەو وێنانە ھەر تەڵخ و ناسەقامگیرن بەھۆی ئەو گۆڕانکارییە خێراییانەی لە بواری تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیادا روودەدەن.

لەگەڵ گەشەکردنی ھەر رەوت و بوارێک بەھۆی پێویستی و پێشکەوتنی زیاتری تاک بەتایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتیی، کۆمەینیکەیشن زیاتر پەرەیان سەند و تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو زیاتر پەڕوباڵیان بۆ شوێنەکانی تر ھاویشت تا بەھێزتر لە پێوەندیکردن دەرکەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی شێوازەکانی کۆمەنیکەیشن و ھەمەجۆرکردنیان بەھۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەوە چەندان ھۆی پێوەندیکردن پەرەیان سەند، کە زۆربەیان جێی ھۆکارەکانی تری گەیشتنی زانیاری و پێوەندیان گرتەوە، بەمەش سۆشیال میدیا بوو بە جێگرەوەی ھەمووان و بێ گوێدانە ئینتیمای ئیتنی و ئاینی و رەگەزی تاکەکانی سەرجەم دنیای پێک بەستووەتەوە.
ئەفلاتۆن دەڵێت ((کەسی نەزان دەست بۆ ھەرشتێک ببات خراپی ئەکات))، ئەمە بۆ ھەر تاکێک یان ھەر ھێز و لایەنێکی سیاسی راستە کاتێک بەھۆی نەزانینیان بە پێی یاساو رێساکانی بەکارھێنانی ئەو ئامێرە یان ھەر بەکارھێنراوێک ھێندەی مەبەستیانە خراپ بەدەست بھێنن، ھێندە مەبەستیان نییە سودی لێ وەبگرن، بۆ نموونە لەسۆشیال میدیا کە رۆڵە سەرەکییەکەی بۆ پەیوەندی و پێشکەوتن و زانست و مەعریفە بەکار ئەھێنرێت، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت لای زۆربەی تاکی کۆمەڵگە ئەم میدیایە واتە سۆشیال میدیا بەپێچەوانەوە بەکار ئەھێنرێت، لەبواری میدیا شتێک ھەیە کە ھەمیشە قسەی لەسەر دەکرێت ئەویش حەتمەیەتی تەکنەلۆژیایە کە زۆرجار لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا دێنێت، سۆشیال میدیا ھاوشێوەی میدیا دامەزراوەیەکی تایبەت بەخۆی نییە، کە پلانی ڕۆژانەی ھەبێت بەڵکو بەرھەمی کۆمەڵگە خۆیەتی و خەڵک خۆی سەرچاوەی ھەواڵ و زانیاریەکانن و تەنانەت زۆرجار دەبن بە سەرچاوەی ھەواڵ بۆ راگەیاندنەکان، بە پێچەوانەشەوە راستە کە زۆرجار ھەواڵی دەزگاکانی راگەیاندن دەبنە بابەتی سۆشیال میدیا.
خراپ بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا یان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان:
نەک ھەر لە کوردستان بەڵکو وڵاتانی پێشکەوتووش بەدەرنین لە پەیج و ئەکاونتی فەیک (واتە ساختە) بۆ بەکارھێنانی جۆرەھا کاری نەشیاو، بۆیە ئەمجۆرە کارانە بە ڤایرۆسێکی کوشندەی کۆمەڵایەتی دەزانرێن و لەھەمان کاتیشدا تاڕادەیەک نە لایەنی پەیوەندیدار، نە کەس و گروپەکان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە ئاستیاندا.

بەداخەوە رۆژانە گوێبیستی چەندین کاری ناشیاو و مەترسی دەبین، ئەمەش بەھۆی نەبوونی فیلتەری بابەتەکان و ھەمیش شەیەرکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان بە راستەوخۆ و زۆرخێرا کە توانای کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نییە. ‌بەھۆی خراپ بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیاو فاکتەرە نەگەتیڤەکانی ساڵانە چەندین کەس کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەھێنن و دەبنە قوربانی دەستی ئەم تۆڕە، ئەمەش پەیوەستە بەئاستی ڕۆشنبیری پەروەردەکردنی تاک و ئاشتی وشیاری کۆمەڵگە، ئەمان بیر نەچیت سەرەتایی ھاتنی مۆبایل چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی وسیاسی گەورەکران وردە وردە تاکەکان شێوازی بەکارھنانیان بۆ ئاشکرابوو، ئێستاش تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ھەریەکەیان بەشێوازێک بەکاردێت کە زۆرجار تووشی یاسا دەبنەوە، لێرەدا دەمەوێت بلێم سۆشیال میدیا کاریگەری زۆر پۆزەتیڤی ھەیە لە گۆڕینی ریشەیی لە کۆمەڵایەتی و لە ئابووری و سیاسی..ھتد.
پەشێودەڵێ((سۆشیاڵ میدیا، وەک چۆن دەتوانێ ببێتە زبڵخانەی ھەرزەبیران، ھەرواش، دەتوانێ ببێتە قوتابخانە و ژوانگەی ھەق و جوانی)).سۆشیاڵ میدیا ھێندە بەھێزە دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت ودەیانڕوخێنێت، وەک چەک وایە دەبێت ژیرەکان ژیرانە بەکاری بھێنن، سۆشیاڵ میدیا پێویستی بەپلانە و ستراتیژیستی سۆشیاڵ میدیای بەئەزموون و داھێنەر کار لەگەڵ بەشی نیو میدیا دەکات و بەرپرسە لە پلاندانان، گەشەپێدان، ھەروەھا ستراتیژێکی گشتگیری بۆ سۆشیال میدیا دەخاتەڕوو کە پالپشتی تەواوی دەرکەوتەی دامەزراوەکە بکات. لە نزیکەوە سەرقاڵی ھونەر و ئینفۆتەیمێنت دەبێت.
لە کۆمەلگەی کوردەواریدا خراپ بەکارھێنان و ئالوودە بوون بە سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی فەیس بووک، بووە بە دیاردە نەک تەنھا بۆ سوود وەرگرتن و بڵاوکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری بە سوود بەڵکو وەکو چەکێک بۆ لێدان و شکاندن و سووکایەتی کردن و کات بەسەربردنە، بەکارھێنەرانی رۆژانە کاتێکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ بەدواداچوونی تۆرە کۆمەلایەتیەکان و بایەخدان بە سایتە بێ کەلک زیان بەخشەکان، ھاوکات پشت گوێ خستنی پەیج و ئەکاونتە سوودمەندەکان کە بە جۆرێک دەرئەنجامی خراپی بە دواوە بووە، وەکو :
ــ لاواز بوونی پەیوەندی خێزانی و سۆزی مرۆڤایەتی
ــ ماندوو بوونی مێشک
ــ نائارامی و تووڕە بوون
ــ دروست کردنی فشاری دەروونی
ــ ترس و دڵەڕاوکێ
ــ بێ ھیوابوون و بێ ئومیدی
ــ دروستکردنی کێشەی کۆمەلایەتی
ــ کەمی کارکردن و بەرھەم ھێنان
لەھەرێمی کوردستان پێویستە یاسایەک ھەبێت بۆ ڕێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی وتاک تا کۆمەڵگەیەکی باش وتەندروست بۆئاییندەی نەوەکانمان دیاری بکەین.
Top