سایکۆلۆژیای سۆزێک بۆ دکتاتۆر!

سایکۆلۆژیای سۆزێک بۆ دکتاتۆر!

لە ڕووی دەستەواژەوە پیناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی دکتاتۆر کراوە، بە حوکمە تۆلیتاریەکەیەوە تا دەگاتە شێتی مەزنایەتی(پارۆنۆیای) تاکەکەسی، بەڵام مەبەست لە شرۆڤەکردنی سیاسی و سەربازی دکتاتۆر نییە. ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و باس و خواسی دیوەخان گفتوگۆی خەڵک بەشان و باڵی دکتاتۆر ھەڵدەدەن و سیناریۆی زەبەڵاحی بۆ دەھۆنەوە دەیکەن بەقارەمان و حوکمی ڕەشید، خۆزگە بەزەمەنی ئەو دەخوازن. کاتێک گوزەرێک بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکە‌ین،‌ ئەم دیاردەیە زۆر دەبینیین کە وێنەو بەسەرھاتی دکتاتۆری عێراق باسدەکەن وەکو پاڵەوان و فریادرەس. ئەو کات بە نەوەی ئاڵتوونی ناوزەد دەکەن. سەیر لەوە دایە ئەو کەسانەی ئەو پۆستانە دەکەن لە زەمەنی دکتاتۆر نەژیاون ڕەنگە لە دوای یان لە کاتی ڕاپەرین لە دایکبوون دکتاتۆریان بە ئەزموون نەگەیشتووە.
لە ڕووی دەروونییەوە ئەمە بیرکردنەوەیەکی گەڕاوەی مەترسیدارە لە سەر قبووڵنەکردنی ئازادی و ناشیرین کردنی بنەماکانی ئازادیە. ڕەنگە فشاری ژیان و خراپی گوزەران ئەم ھەڵبەی بەو نەوەیە دابێت کێرڤی بێزاری وای لێ کردبێت خۆزگە بە ڕابردوو بخوازێت، کەبەردەوام ئەم دەستەواژەیە دەبیستین دەڵێن ( دکتاتۆر ھەرچی لێی کردباین بیکوشتباین خۆ ئێمەی دەژیاند)ئەمە ھەڵاتنە لە ئازادی و ملکەچبوون و کۆیلەکردنی خودی تاک کەھەرچی سەروەری و ئازادی تاک ھەیە، ھەرچی بە ھا مرۆڤایەتییەکان ھەیە لە خۆژیاندن و ئاو و کارەبا دەبینێتەوە. وەکو سەدەکانی ڕابردوو لە ئەوروپا و ئەمریکا مرۆڤە ڕەشبێستەکانیان دەکرد بەکۆیلە ھەرچی ماف و ئازادی و مرۆڤی بوونە لێیان زەوت دەکرد، بەڵام نان و ئاو شوێنی حەوانەوەیان ھەبوو. لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە ئەمە ڵۆژیکی نەرێنییە لە ھێڵێکی فکری گەرانەوەیە بۆ دوواوە ( دکتاتۆر)، و گاڵتەکردن بە سروودی نیشتیمانی و داری ئازادی دەکرێت. ئەفسوونی سۆزانێک زۆر کاریگەرترە لەسەر چێژ وھەست و سۆزی تاک لە سروودی نیشتیمانی و ئازادی و سەربەخۆیی، ئەمە وەکو (فۆکۆیاما) دەڵێت ئەمە کۆتایی فکرو ھزرە تاک ئەوەندە بێزار دەکەن تەنھا بیر لە نانی ڕۆژانە بکاتەوە. بۆیە ژیان ھەرزانترە لە پاروێ نان، ھەموو شتێک نرخی خۆی ھەیە تەنھا ژیانی مرۆڤ نەبێت. ھێزی کاری خۆی دەفرۆشێت بۆ پاروێ نان نەک بۆ ئازادبوون، ئەمەش پەیامی نەرێنییە بۆ ھزری تاک بە تایبەتی نەوەی دوای ڕاپەرین، کە بیر لە ئازادی و بەھاکانی مرۆڤ نەکاتەوە. ھاوکات جیلی ئالتوونی پیوەری تایبەتی خۆیی ھەیە نەک گرێدراوی دکتاتۆر بێت !!!
Top