ئایا کێشێکی تەندروست و گونجاوت ھەیە؟

ئایا کێشێکی تەندروست و گونجاوت ھەیە؟

یەکێک لەو میتۆدانەی خەڵکی بەکاری دەھێنن ھەڵبژاردنی سیستەمی خۆراکی گونجاوە بۆئەوەی کێش وجەستە بە تەندروست بمێنێتەوە، لە پێناو بەردەوام بوونی ژیان بە شێوازێکی دروست و تەندروست، بەڵام جەستەی ھیچ دوو کەسێک چوون یەک نییە، بۆیە ئەو خۆراکەی بۆ کەسێک گونجاوە مەرج نییە بۆ یەکێکی تر گونجاو بێت، بۆتۆش بە ھەمان شێوە بێت، بۆیە سیستەمی خۆراک بە پێی کێش و تەمەن و باری تەندروستی مرۆڤ دەگۆڕدرێت، بۆنموونە لە قۆناغی منداڵی بە جۆرێکە پاشان ھەرزەکاری وگەنجی ولەدواتر بۆتەمەنی کامڵ بوون بۆ ئەوەی لەش بە تەندروست و بە پاریزراو بمێنێتەوە ....
ھەندێ جار مرۆڤ سیستەمێکی خۆراکی بۆ خودی خۆی ھەڵدەبژێرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کێشی زیاد دەکات یان بە پێچەوانەوە، کەواتە ڕەنگە ھۆکاری تر ھەبێت کە پێویستە پزیشکی پسپۆر و لەژێر ڕێنمایی تەندروستی و شیکاری گونجاو ھۆکارەکەی دیاری بکرێت و پاشان چارەسەری گونجاو بۆ ئەو مەبەستە دابنرێت.
گونجاوترین ڕێگا بۆئەوەی بزانرێت کە کێشێکی تەندروست و نموونەیت ھەیە بۆ مرۆڤی پێگەیشوو بریتییە لە پێوانە کردن بە پێوەری (BMI )کە کورتکراوەی (Body Mass Index ) ئەنجام بدرێت کە پەیوەندییە لە نێوان درێژی باڵا و کێشی لەش , بەم شێوازەی لای خوارەوە :
BMI= کێش / (درێژی X درێژی)م
دواتر لێکدانەوەی یاسا و ھاوکێشەکە بەم شێوەیە بۆ پێوانەی کێشێکی تەندروست یان بە پێچەوانەوە :
( کەمتر لە ١٥ = زۆر زۆر کەم , ١٥ بۆ١٦ = زۆرکەم , ١٦ بۆ ١٨.٥ = کەم , ١٨.٥ بۆ ٢٥= کێشی ئاسایی یان سروشتی , ٢٥ بۆ٣٠= زۆر , ٣٠ بۆ ٣٥ = قەڵەوی پلە یەک , ٣٥ بۆ ٤٠ = قەڵەوی پلە دوو , سەروو ٤٠= قەڵەوی زیادەبەدەر ).
بۆ پێوانە کردنی کێشی منداڵ و ھەرزەکاران پێویستە ئاگاداری ھێلکاری گەشە بکرێت بەڕەچاو کردنی ڕەگەزیان .
لێرەوە پێویستە ھۆکاری کێش زیادی یان کەمی بزانرێت بۆ دانانی چارەسەری گونجاو.
بۆنمونە کێش زیادی ڕەنگە ھۆکارەکەی: گرفتی ڕژێنەکانی دەرەقی بێت چونکە ھۆرمۆنەکانی
((T٣,T٤ کە ئەو ڕژێنە دەریدەدات ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە پرۆسەی میتاپۆلیزمی خۆراک لە لەشدا , گرفتێکی تر گوێ نەدان بە پێوانە کردنی کێش و زیادە ڕەویی لە خۆراک چونکە یاسایەک ھەیە ئەو کالۆریەی کە وەردەگریت لە خۆراکەوە زیاتر بێت لەوەی کە لەشدا بەکار دەھێنرێت بە دڵنیایەوە لەش بەرەو کێش زۆری دەچێت , ھەروەھا خواردنی خوێی زۆر چونکە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە ھەیە لەنێوان خوێ و کێش زۆری چونکە خوێ دەبێتە ھۆی گلدانەوە و قەتیس کردنی ئاو، گرفتێکی تر کارکردن و خۆماندوو کردنی لەزیادە بەدەری بەردەوام دەبێتە ھۆی ئەوەی کە لەش ھۆرمۆنی کۆرتیزول دەربدات ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەنسۆلین بە ڕێژەیەکی زۆر دەربدرێت وکەم بوونەوەی ڕێژەی شەکر لەناو خوێندا ئەمەش دەبێتە پاڵ نەرێک بۆ خواردنی ئەو خۆَراکانەی کە شەکری زۆرە، بەمەش دەبێتە ھۆی کێش زۆری، ھەروەھا زیادەڕەویی لە ئەنجامدانی وەرزش لەوانەیە ھۆکارێک بێت بۆ زیاد بوونی چەوری ولەناوچونی ماسولکەکان چونکە دەبێتە زۆر دەردانی ھۆرمۆنی کۆرتیزۆل کە بەرپرسە لە پارێزگاری و مانەوەی چەوری، ھەروەھا دانیشتن بۆماوەیەکی زۆر و خواردنی ناتەندروست و کەمی ڤیتامین و کانزاکان وچەند جۆرێک لە دەرمان لەوانەیە ببێتە ھۆی کێش زیادی، خەمۆکی و دووگیانی و ھەڵکشانی تەمەن ھۆکاری ترن بۆ کێش زیادی , باش نەخەوتنی گونجاویش یەکێکە لە ھۆکارەکانی ترچونکە خەوی گونجاو دەبێتە ھۆی ڕزگاربوون لە پاشماوە و پێکھانە ژەھرینەکان و پارێزگاری ھاوسەنگی زیندەچالاکیەکانی لەش، وە توێژینەوەیەکی نوێ سەلماندویەتی خواردنی دوو کوپ ئاو پێش خواردن دەبێتە ھۆی دابەزاندنی کێش بە ڕێژەی ٣٠%.
لەلایەکی ترەوە کێش کەمی ڕەنگە ھۆکارەکەی: گرفتی باش کارنەکردنی ڕژێنەکانی دەرەقی بێت بەوەی زیاد لە پێویست ھۆرمۆن دەردەرێت چونکە ھۆرمۆنەکانی ((T٣,T٤ کە ئەو ڕژێنە دەریدەدات ڕۆلی سەرەکی لە پرۆسەی میتاپۆلیزمی خۆراک ھەیە لە لەشدا, ھەندێ جارھۆکاری کێش کەمی خۆراکی ناتەندروستە یان نەخۆشیەکانی دەم و ددان ونەخۆشییە درمەکان و درێژخایەنەکان و شێرپەنجە و خەمۆکی و تەمەن ھۆکارن بۆ دابەزینی کێش .
کەواتە لە ھەردوو بارەکەدا چ کێش (زۆری یان کەمی) ناسروشت پێویستە لەژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆر شیکاری و چارەسەری گونجاوی بۆ دیاری بکرێت لە پێناو جەستەیەکی تەندروست و کێشی گونجاو و دوور لە گرفتی لاوەکی .
ھەروەھا ئەگەر بڕیاریش بدرێت کێش زیاد بکرێت یان کەم بکرێت پێویستە لەژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆر بێت بۆ ئەوەی جەستە بە تەندروست بمێنێتەوە دوور لە ھەموو گرفتێک کە زیان بە تەندروستی لەش و ژیانی مرۆڤ بگەیەنێت.
لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم پێویست ئامانج ھەبێت بۆ بوونی کێشی تەندروست و گونجاو لە پێناو بەردەوامی ژیان و دڵ و دەروونێکی ئارام.
• مامۆستای زانکۆ
Top