Fake person مرۆڤی فێیک

Fake person مرۆڤی فێیک

مرۆڤی فێیک کەسێکە کە لە سروشتی دروستی خۆی دەردەچێت و دەیەوێت واپێشان بدات کە کەسێکە بەو سیفات و تایبەتمەندیانەی کە خۆی دەیەوێت بە بێ ئەوەی توانای سەلماندنی ھەبێت. بە مەبەستی بەدەست ھێنانی کۆمەلێک ئامانجی شەخسی وەک خۆ دەوڵەمەند کردن یان خۆدەرخستن و دروستکردنی ناو و نازناو.
لەو کوردستانە دا مرۆڤی فێیک تا بلێی زۆرە کە دەیانەوێت بە قسەو و کرداری بێ بنەما و نازانستی خۆیان دەرخەن و ناوێک بۆخۆیان تۆمار بکەن، بۆ نموونە:
کەسی وامان زۆرە کە بکالۆریۆسی ھەیە لە زمان، مێژوو، یاسا، جۆگرافیا یان ھەر بوارێکی تر و دواتر ماستەر یان دکتۆرایەکی سەرپێیی و خێرا بە بێ وەرگرتنی کۆرس و بێ ماندوبون و بە بێ باکگراوندی پێشوو، لە بواری کارگێری یان بواری تر بە ئاسانی دەست کەوتووە، کەچی ناوی لە سەر خۆی ناوە پسپۆڕی ئابووری. و لە میدیا و سۆشیال میدیا بە ئابووریناس پێناسەی خۆی دەکات، بە تایبەتی کەناڵە کوردییەکان ماوە ماوە بانگھێشتیان دەکەن بە ناوی (پسپۆڕی ئابووری).

(ئابووری) زۆر جیایە لە کارگێری یان ھەر زانستێکی تر. کاتیەتی پێیان بلێین چیتر حەیای خۆتان و کەناڵە کوردییەکان مەبەن و مێشکی خەڵک بە قسە بێ مانا و بێ بنەماکانی خۆتان پڕ مەکەن.

لە سەر چ بنەمایەک بە خۆتان دەلێن پسپۆڕی ئابووری. قسە کردن لە سەر ئابووری قسەی دیوەخان و بازاڕ نییە. ئابووری زانستێکە کە وەک کیمیا و فیزیا و بیرکاری ئالۆزە و پرە لە بیردۆز و شیکار و یاسا و رێسا و ھاوکێشە.
واتا وەک ئەوە وایە کە بە بێ ھیچ بڕوانامە و ئەزموونێک بلێی من پسپۆڕی کیمیا و فیزیام...
یان کابرا بڕوانامەکەی لە شەریعەی ئیسلامیە و تەنھا لە بەر ئەوەی دوکانێکی ھەیە، بە خۆی دەلێ پسپۆڕی بازاڕگەری.
لە ھەمووی خۆشتر ھەندێ لەوانە راوێژکاری ئابووری و قەیرانن بۆ حکومەتی ھەرێم و پرس و رایان لێوەردەگیرێت و ھەندێکیش تورەن کە بۆچی پرس و رایان پێ ناکرێت.
کێشە ئەوەیە کە پێشکەشکارەکان کەسی نەخوێندەوارن، ئەگینا دەبێ ئەو جۆرە بەشەرانە کە بە ناوی پسپۆری ئابووری خۆیان دەناسێنن لە بەرنامەکان بکرێنە پەندی زەمانە. ھەر ھیچ نەبێت ناوی دوو زانای ئابووریان لێ بپرسن یان دوو یاسا یان دەستەواژەی ئابووری، بزانە چۆن دەبنە فیلم.
مادام قسەکردن لە سەر ئابووری ئەوەندە ئاسانە، خێرە کەسێکمان نەبوو کێشەی ئابووری ئەم ھەرێمە و ئەو ھەموو ولاتانەمان بۆ چارەسەر کات کە دەنالێنن لە دەست کێشە ئابووریەکان.
کێشەی ئەو میللەتە ئەوەیە کە بە زۆر دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت بە بێ ناوەرۆک.
کەناڵە کوردییەکانیش پێویستە وشیار بن و کەسی شیاو بە ناوی پسپۆرییەکان بانگھێشت بکەن. خەڵک ھەمووی گەلحۆ نییە، کەسانێک ھەن کە پسپۆڕ و ناپسپۆڕی لێک جیاکەن.
لە بوارەکانی تریش ھەمان شتە. بە کورتی: نانەکە و نازناوەکە لە کوێیە بەرەو ئەوێ بایدەدەن (لێدە عەلۆ برنجە).
• دکتۆرا لە ژمێریاری و کارگێڕی داھێنان
Top