کورد و عێراقچێتی

کورد و عێراقچێتی

میلەتی کورد بە درێژایی مێژوو لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق چەوسێندراوەتەوە و ھەمیشە وەک ھاوڵاتی پلە دوو سەیر کراوە، کورد لەسەر دەستی کاربەدەستانی حکومەتی عێراق و رژێمی بەعسی بەسەرچوو ھەموو ئازارێکی پێ تاقیکراوەتەوە، ھەر لە کیمیاباران و ئەنفال و زیندەبەچاڵ تا دەگاتە دەربەدەری و ئاوارەیی، زیندانەکانی سەماوە و نوگرە سەلمان کە بە سەدان گەنج و لاو و کچی کوردی تێدا ئەشکەنجەدرا مەحاڵە کورد لەبیری بکات و جارێکی دی متمانە بەو حکومەتە بکات، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا جێگەی داخە عێراقچێتی ھەندێک لایەنی کوردی، مێژووێکی درێژی ھەیە، بەڵام زۆر دوور ناڕۆین، ھەر لە دروستبوونەوەی عێراقی نوێدا دەستپێدەکەین.
لە ساڵی ٢٠٠٣دا عێراق بووە ئاشی ئاو لێبڕای و کەس مشووری دروستبوونەوەی نەدەخوارد و لایەنە عەرەبەکانی عێراق بە شیعە و سووننەوە جگە لە مشتومڕ و کات بەفیڕۆدان ھیچ ھەنگاوێکیان بۆ بونیادی عێراقێک نەدەکرد، کە خواست و ویستی ھەمووان بێت، لەو نێوەندەشدا کورد وەک ھەمیشە خۆی کردە قوربانی و ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقییەکانی کۆکردەوە و دوای کێشمەکێشمێکی زۆر و نووسینەوەی دەستوور و بونیادنانی کایەکانی حکوومڕانی، عێراقیان وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی ناساند.

وانیشاندرا، کە عێراق بووە دەوڵەتێک، کە تێیدا بنەماکانی فیدڕاڵی و دیموکراسی جێگیربوون و بوونە دروشمێکی باوی سەر زار، کوردیش بە ئومێدەوە لەو دەوڵەتەی دەڕوانی، کە لە دروستبوونیدا کارەکتەرێکی کاریگەر بوو، ڕۆژگار ھات و ڕۆیی، ھەڵبژاردن کرا و پاش ماوەیەکی زۆر حکوومەت کەوتە کار و دەسەڵات و ھێز و ئابووری کەوتە سەرپێی خۆی و سێکتەرەکانی حکومەت کەوتنە خۆ بۆ کارکردن لەپێناو بەدیھێنانی دەوڵەتێکی دادپەروەری سەقامگیری فرەلایەنی فیدڕاڵ، کە ھەمووان بەو ھیوایە شەونخوونیان بۆ دەکرد بەدیاریکراویش کورد، چونکە کورد لەدەست ڕژێمی بەعس زۆر تاڵی و سوێری چەشت بوو.

پاش ھەموو ئەمانە، پشکی کورد لە حکوومەتی عێراق بە بوودجە و پۆست و پلەوە لە %١٧ بڕایەوە، سەر‌باری دیاریکردنی ئەو پشکە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی عێراق وەک خۆی نە کوردیان بەھاوبەشی ڕاستەقینە قبووڵ دەکرد لە حکومەت و نە لە %١٧کەشیان بەتەواوی بۆ دەنارد، ئەمە وێڕای دروستکردنی دەیان لەمپەر بۆ پۆست و پلەکانی بە کورد دەبڕان.
سەرباری ھەبوونی بوودجە و داھاتێکی زۆر، بەڵام عێراق تووشی دەیان کێشەی ئەمینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و...ھتد دەبوویەوە و ئارامی و ئاسایش بەتەواوی بۆ خەڵک نەما، لە کوردستانیشدا، ڕۆژانە ھەست بە گەشەی حکوومڕانی، سیاسیی، ئابووری و خۆشگوەزەرانی دەکرا و تەنانەت ھەولێر بووە ناوەندێکی بەھێزی سیاسیی و ئابووری، بەڵام ھەندێک کەس و لایەن لە عێراق و کوردستانیشدا ژانی خێرایی گەشەسەندنی کوردستانیان گرت لەسەر دەستی پارتی و ھێدھێدی بوونە کۆسپ لەبەردەم ناردنی بودجە و ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و لەپاڵ ئەوەشدا، دەیانجار لەسەر ئاستی کەسی و حزبیشیدا خۆیان بەباوەشی بەرپرسانی عێراقدا دەکرد و داوایانلێدەکردن، کە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەولێر نەکەن و بوودجە و مووچەش مەنێرن بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی پارتی شکستی حکوومڕانی بھێنێت و خەڵک لێی تووڕە بێت و خۆپیشاندان بکەن و ئاژاوە و پشێوی جێی ئارامی بگرێتەوە.

ئەو عێراقچیانە لۆبیان بۆ عێراقچێتی دەکرد و داوایان لە سەرانی عێراق دەکرد، کە لێپێچینەوە لەبەرپرسانی کوردستان بکات و بوودجەش ببڕێت، پاش ھەولێکی زۆریان بوودجە نەما، بوونە گرفتیش لەبەردەم ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەمەڕ بوودجە و مووچەی کوردستان، تا ئەو ڕادەیەی ئێستا کورد دەستی لە بوودجە و شایستە داراییەکانی شۆردووە و تەنیا لەبەرانبەر ڕادەستکردنی داھاتی ٢٥٠٠٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بڕە پارەیەک بۆ مووچە دەنێردرێت، ئەویش بە ھەزار پاساوی بێبنەما، کە تاقەت بڕوکێنە.

ئەو عێراقچیانە بەوەش نەوەستاون، کە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانیان بڕی، ئێستا ھاتوون و پێیان زۆر زیاتر لەبەڕی خۆیان ڕاکێشاوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری کوردستان لە بەرپرسانی عێراق دەکەن، بەو داوایەشیان درێژە بەمێژووی خیانەتەکانیان دەدەن و لەپاڵ ڕادەستکردنی نیوەی خاکی کوردستان بە عێراق، ھەنووکە دەیانەوێت ھەموو کوردستانیان ڕادەستبکەن، ئەوەش جێی ڕەزامەندی ھیچ کوردێکی دڵسۆز و خەباتگێڕ نییە و ناشبێت.

ئەو خیانەتکار و عێراقچیانە، کە بەڕۆژی ڕووناک خیانەت لە گەل و نیشتمان و خەڵکی خۆیان دەکەن، زۆر بێشەرمانە دێن و بەناوی بەرگری لە خەڵک و مووچەخۆران دەیانەوێت پیرۆزیی و خوێنی سەدان ھەزار شەھید و ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی سەدان گوند دووبارە بخەنەوە ژێرپێی عێراقێک، کە کەس جگە لەتاڵی، خۆشی لێنەبینیوە، بەڵام دەبێت ئەو عێراقچیانە، کە زیاتر لە ھەر عەرەبێکی شۆڤێنی بەرگری لە حکوومڕانی عێراق دەکەن بزانن، کە کورد لەسەر بڕینی بوودجە و مووچە و شایستە داراییەکان بێدەنگی ھەڵژاردن، چونکە خەباتی کورد بۆ بوودجە و مووچە نەبووە، بەڵکوو بۆ ئازادی سەرتاسەری و بوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی بووە، کە لەژێر سایەی حکوومی خۆماڵیدا خەونەکانی بێتەدی، بەڵام بۆ نەمانی قەوارەی دەستووری کوردستان لێتان دێتەگۆ و ڕیسوای مێژوو دەبن، مێژووش بەزەیی بەھیچ کەسێکدا نایەتەوە، کە خیانەتکار و دژە گەل و خاک بێت.

ئەو عێراقچیانە ھەموو ئامانجێکیان چڕکردووەتەوە بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی پارتی، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانن، کە ئەو ھەموو عێراقچێتییە و خیانەت و یارمەتییەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەدەن، خۆشبەختانە سەرباری نیشاندانی دونیایەک پەرۆشی ئەو عێراقچیانە بۆ عێراقی نوێ، ھێشتا بەرپرسانی عێڕاق وەک خاوەنی قەزیەی کوردی سەیریان ناکات و لە ھەموو دانیشتن و گفتوگۆکانیشیاندا، پێیانوتراوە؛ ئێوە خاوەنی قەزیەی کوردی نین و ماڵی بارزانی خاوەنن.

لێرەدا، دەبێت ئەو عێراقچیانە دان بەوەدابنێن و چیتر خۆیان بۆ عێراقێک ماندوونەکەن، کە تێیدا جێیان نابێتەوە، ئەو ڕاستییەش درک پێبکەن، کە دۆست و دوژمن گەواھیدەرن، ڕێگەی چارەسەر و دوا بڕیار لەسەر پرسی کورد و کوردستان لەلای سەرۆک بارزانی و پارتییە، بۆیە دوژمنەکانی کوردیش رێگەی چارەسەری کێشەکان بۆ لای سەرۆک بارزانی و پارتی دەبڕن.

Top