قەوارەی كوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید وتێكۆشانی دەیان ساڵەیە..
July 4, 2020
وتار و بیروڕا
جیۆپۆلۆتیكی باشووری كوردستان ، لە چەقی مڵمڵانێیەكان و لە نێوان چوار وڵاتی داگیركەر و هەر كام لە وڵاتانە ساڵانێكە زۆر چاویان لە سەروەت و سامان ودەستبەسەرداگرتنی ئەو كیانەیە كە بەرهەمی چەند شۆرش و بەرخۆدان وهەزاران شەهید و هەموو ئەو كارەسات و تاوانانەیە كە رژێمە یەك لە دوای یەكەكان بە پاڵپشتی داگیركەرانی كوردستان بە سەر ئەم نیشتیمانەیان دا هێناوە .
گەر لاپەڕەی ڕابردووی ئەم ناپاك و جاشانە هەڵبدرێتەوە، پڕە لە ریسوایی و سەرشۆڕی و پیلانی شكستخواردوو و خیانەتی گەورە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە جاش و خیانەتكاران بدەین بە یاسا و دادگایی بكرێن و سزا و باجی خیانەتكردنیان بدەن، تا ببنە پەند و كەس بوێری ئەوەی نەبێ بیر لە خیانەت و دژایەتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
بێجگە لەوەش ئەوانەی هیچ هەستێكی كوردپەروەریی و خۆشەویستی یان بۆ نیشتیمان ومیللەتەكەیان نییە بە واتایەكی تر ناپاك و نۆكرەیی بێگانە وداگیركەرانن پاڵپشت و چاوساغی بۆ دوژمنان دەكەن لە پێناو لێدانی پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ بەدەسهێنانی پۆست و تموحێك .كە بەدڵنییاییەوە چارەنووسیان ریسوایی و شكستە.
دوای سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكان لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو، لە رووی سیاسی ،ئابووری ، دیپلۆماسی و دروستبوونی متمانەیەكی زۆری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە كیانی دەستووری ، ئەوا هەم وڵاتانی داگیركەر و هەمیش ئەو تاقم و گروپانەش گشت تواناكانیان خستۆتەگەر بۆ لاوازكردن و لەناوبردنی هەرێمی كوردستان كە لە رووی دەستوورییەوە دانپێنراو و یاساییە .
ئەوانەی ئێستا هەوڵی رووخاندنی قەوارەی كوردستان دەدەن ، ئەوا ساڵانێكی زۆر نان و نمەكی ئەم نیشتیمانە دەدەن و لەلایەكی تریش پارەی جاشایەتی وەردەگرن و خەنجەر لە پشتی كوردستان وگەلە ستەمدیدەكەی دەدەن .دوو روویی ئەو كەس و تاقمانە بە شێوەیەكە كە لە بەردەم خەڵكی هەرێمی كوردستان خۆیان وەها پیشان دەدەن كە پاڵپشت و هاوكارن، بەڵام لە پشت پەردەوە لە دژی خەڵكە و هەموو هەوڵێكی برسیكردن و نانبڕینی خەڵكی هەژارە، لەلایەك شەڕی گەیشتن بە پلە و پۆستی دەسەڵات دەكات، لە لایەكی ترەوە هەوڵی لە ناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات.
شایانی ئاماژەیە، قەوارەی هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق ددانی پێدا نراوە و بە ھەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی. لە بەندی پێنجەمەوە لە بەندی یەكەمی مادەی 117ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقی فیدراڵ ھاتووە، ئەم دەستوورە ددان بە ھەرێمی كوردستان دێنێت وەك ھەرێمێكی فیدراڵی.
قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و تێكۆشانی شۆڕش و ڕاپەڕینە مەزنەكانی میلەتی كوردە كە بە خوێن و گیانی خۆیان بەرگرییان لێ كردووە و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان بە بەرزیی بە ئاسمانی خاكی كوردستان ڕاگرتووە، هەرێمی كوردستان هەرگیز خۆی ناچەمێنی بۆ هیچ وڵاتێكی داگیركەر و هەر تاقمێكی كەمفامی خیانەتكار، چیتر خەڵكی بەشەرەفی هەرێمی كوردستان ڕێ بەوانە نادات بازرگانی بە ژیانیان بكەن.