نیشتیمان و گەل و دەسەڵات!!!

نیشتیمان و گەل و دەسەڵات!!!

ھەرمرۆڤێک ماڵێکی پێویستە بۆ ژیانکردن، دواتر کۆمەڵگەیەک بۆ ژیانکردنێکی ھاوڕێییانە لەگەڵی وەک پێویستییەکی حەتمی بونەوەر، کۆمەڵە مرۆڤێکیش جیا لە پێداویستی سەرەکی ژیان و ھاوزمانییان خاکێکیان گەرەکە کەوا تێیدا بسەنگرێنەوەو ژیانبکەن کە پێی دەگوترێت نیشتیمان یاخود دایک، چۆن بێچوە شێرێک نامۆیە بۆ کۆمەڵانی ڕێوی و گورگ کە ھاوڕێییانە لەگەڵیان بژیێت، ھەر بەوجۆرەش بۆ ھەرمرۆڤێکی خاوەن نیشتیمان نامۆیە ژیانکردن لەخاکێکی بێگانەدا.
نیشتیمان خاڵی یەکەم و دیاری پیرۆزییەکانە بۆ ھەر گەلێک، بۆیە خزمەتکردن و پاراستنی ئەرکی تاک بەتاکی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەتوانم بڵێم بریتین لە ئاوەدانکردن و پاراستنی سنوورەکانی و پاراستنی سامانە سروشتیەکانی و خزمەتکردنی جوانییەکانی خاک و جوانکردن و کامڵ کردنی، ھاوکات کەم و کورتییەکان و پاک ڕاگرتنی ژینگەکەی و گیانفیدایی بۆپاراستنی و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی لەگشت بوارەکانی مرۆڤایەتی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی .....ھتد، ئەوانەی وا ئاماژەم پێدا ئەرکی ھەموو تاکێکە دوای ئەوەی ھەر میللەتێک بەڕەنج و ئازارەوە دەگەن بە ئامانج پێویستە ئازارەکان پشتگوێ نەخرێن و فەرامۆش نەکرێن، ھەمووکات گەل یەک ڕیزبێت جیا لەبەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان لەپێناو خوێن و خزمەتی باب و باپیرانیان و داھاتووی ڕۆڵەکانیان دەبێت، خاڵی جەوھەری یەکڕیزییان بێت و ھۆشیارتربن لەوەی حزبێک یان لایەنێک لەلایەنەکانی دەسەڵات دژی یەکتر بەکاریان بێنێت، جا بە نووسین بێت یان لێدوان یان چەک یان فشاری دەروونی یاخود ھێرشی ئەلیکترۆنی کە مەبەست لێی تەنیا و تەنیا بەرژەوەندی تاکەکەسیە و ھیچیتر، ھەرگیز ناکرێت نیشتیمان بکرێتە قوربانی پۆست و پایە یاخود پارە ڕوونتر باسیکەم ھەرێمی کوردستان بە نموونە دێنمەوە، کە لەوەتەی میللەتی کورد ھەیە یان لەشاخە یان ئاوارەیە و تاکە ئامانجیشی سەربەخۆبوون و دەوڵەتبوونە، بەڵام نەیارەکانی کورد و دۆستانی کوردستانی پڕلە نەوت و خەزێنە و خاکی بەپیتی ھەمیشە لە پەرێزدا بوونە بۆ داگیرکاری و شێواندنی دۆخی دەروونی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەم ھەرێمە خێرلەخۆنەدیوە، جا لەڕێگای گەفکردن و ھەڕەشەکردن و بەکارھێنانی بودجە وەک کارتێکی فشار و دەستوەردانی کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بە ھاندانی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بۆ فرۆشتن و دژایەتیکردنی بەرژەوەندیەکانی گەل و وڵات بە پارە و پۆست و ھەڕەشەکاری و پشتگیری کردنی کەسانێک بۆ تێکدانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کە گشت بوارەکانی پەروەردە دەگرێتەوە، ھاوکات لەگەڵ شێواندن یاخود کاڵکردنەوەو نەھێشتنی داب و نەریت و زمانی ڕەسەن و کەمکردنەوەی ئینتیمای دانیشتوان و ھاوڵاتیانی ھەرێمەکەمان بۆ خاک و وڵات، بۆیە ھەمیشە خاکی پیرۆزی کوردستان لەھەمبەر تاقیکردنەوەی قوڕس دایە، لایەنی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانیان یەکڕیز نەبن، شاخەکان یەکڕیزمان دەکەن چونکە بە تێکچونی ئاشتی و تەبایی تەشبیە نەبێت وەک ئەوە وایە ڕێخۆشکردنێکە بۆ شەیتان لەپێناو بەلاڕێدابردنی موسوڵمان و کافرکردنی، کە خۆی لەھەردوو دونیا دەکات وەک گوتم تەشبیە نەبێت، جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی وڵاتان و سەرکردە سیاسییە ناحەزەکانمان جگە لە ماڵوێرانی بۆ ئەو کەسانە و کەس و کاریان و دواتریش بۆ میللەت شتێکی تر نییە، ئەوە خۆ شتێکی ئاشکرا و بەجێییە کە دوژمنی باوک نابێتە دۆستی کوڕ .
Top