قەدەغەی ھاتوچۆ و کۆرۆنا!!!

قەدەغەی ھاتوچۆ و کۆرۆنا!!!

وەتێ کۆرۆنا تەنگی بە جیھان ھەڵبەستووە! ھەموو عەوداڵی چارەسەریی و ڕێکاری نوێن لە پێشگیری کردن و نەھێشتنی زیاتر بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشییەکەی، وە تەنانەت ڕێکارییەکانیش وەکو سەرەتا نەمایەوە بەتایبەت کاتێک ووردە ووردە ڤایرۆسەکە خۆی پێ ناساندین. ئەگەر ڤایرۆسەکان بە خڕی وەربگرین، ئەوا: زێدەتر لە (٥٠٠٠) ڤایرۆس بوونی ھەیە؛ وە ئەو بەرەبابی (کۆرۆنا) لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوو دۆزرایەوە و ھەتا ھەنووکەش لە شێوەی پەتا چەند جارێک خۆی نوواندووە، لەوانە: ساڵی (٢٠٠٣ز)؛ کە: ئەو کات پەتای (سارس)ی دروست کرد بەڵام ھەندە توانای تەنینەوەی زۆر نەبوو! لۆیە ھەتا ساڵی (٢٠٠٩ز) بە ھەمووی (٨٠٠٠) کەس تووشی ھاتن و لەوانە (٨٠٠) کەس بە ھۆیەوە مردوون. ھەروەھا ھەر لە ھەمان بەرەباب لە ساڵانی (٢٠١١ ھەتا ٢٠١٣ز) پەتای حووشتر (مێرس) لە ووڵاتی سعودیە ڕوویدا و تەنانەت زێدەتر لە (٣٠٪)ی ئەوانەی تووشی بوون بەھۆیەوە مردن.
لێرەدا، ئەوە دەگەیەنێت کە: ئەوە لۆ سەت ساڵ دەچێت مرۆڤایەتی قەت دەرد و پەتای لەم شێوەیەی بە خۆیەوە نەدیووە!؟ ھەر لۆیەشە ئەگەر لە سەرەتا ڕێکار و چارەسەری جیاوازی گرتۆتە بەر، ئەوا: بە ھۆی نەبوونی زانیاری لە سەر ڤایرۆس و نەخۆشییەکە چونکە نوێ بوون پێشتر نەبینرا بوون! وە تەنانەت لەو سەت ساڵەش ئەوە یەکەم جارە مرۆڤایەتی تووشی ئەم دەردە بووەتەوە. ئەمە وایکرد؛ کە: لە سەرەتا ڕێکاری تووند بگیرێتە بەر! ئەوەشمان وەبیر بێت؛ کە: لە سەرەتادا خڕ جیھان ڕووی دە ووڵاتی (چین)دا بوو چونکە ئەوێ جێگای سەرھەڵدانی ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشی کۆڤید ١٩ بوو؛ لۆیە: بە ھۆی سیسستەمی حوکم و دەسەڵاتداری ئەم ووڵاتە کە بیری ئیشتیراکی و عەسکەرتاری ھەیە و تەنانەت ھەتا ھەنووکە یەک حزب تێیدا حوکم دەکات! وە ئەوەشمان لا ڕوون بێت، کە: ڕەنگ بێت ئابووری ووڵاتی چین ئەگەر لە پێش ئەمریکا نەبێت، ئەوا: ھاوشانی دەبێت. ھەر لەبەر ئەوە ئەو عەقڵیەتە و ئەو ڕێکارییانەی ئەو کات ووڵاتی چین تێیدا بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لۆ ھەموو ووڵاتان گونجاو بێت... چونکە ھەر ناوچە و ووڵاتێک بەگوێرەی کەشوھەوا و چڕی ژمارەی دانیشتووان و پیسبوونی ژینگە و ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و پلەی گەرما و باری کۆمەڵایەتی و شێوازی ئەندازەیی شار و خانووی نیشتەجێ بوون و باری دارایی دەگۆڕێت.
دوای ووڵاتی چین، ئەوە بوو: وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلەی یەکەمی لە ڕێژەی تووشبوون وەرگرت! بێگومان ئەمریکا ووڵاتێکی سەرمایەدارییە و ڕووبەرێکی بەرفراوان و تەنانەت ئێستا بە قەولی سیاسییان بێت سەرۆکایەتی جیھان دەکات. دیتمان؛ کە: لەوێ ڕێکارییەکان وەک ووڵاتی چین نەبوو ھەتا ڕادەیەک سیاسەت تێکەڵ بە بوونی ئافەت و دەردەکە دەکرا؛ وە بینیمان کە سەرۆکی ووڵات (دۆناڵد تڕامپ) ئیدیعای ئەوەی دەکرد؛ کە: دەرمان و چارەسەری (نەخۆشی کۆڤید ١٩) و ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزیوەتەوە؛ کەچی چارەسەرەکە دەرمانێکی کۆن بوو؛ کە: پێشتر لۆ مەلاریا بەکار ھات بوو.
کوردستان، وەک ھەموو ووڵاتانی ناوچەکە لە ماوەی بوونی ئەم دەرد و نەخۆشییە چاوی بڕی بووە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی و بەتایبەت؛ کە: واقیعی جوگرافی ووڵاتەکەمان کەوت بووە نێوان دوو ووڵات؛ کە: ئەم نەخۆشی و دەردەیان زۆر تێدا بڵاوە، ئەوانیش: ھەر دوو ووڵاتی تورکیا و ئێران... عێراقی ناوەڕاست و باشوریش ھەر لێگەڕێ، کە: ئەوانیش نەخۆشی و ڤایرۆسەکەیان تێدا زاوەتەوە. ئەمە وای کرد؛ کە: لێرەش ئیجڕائات و ڕێکارییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت! تەنانەت (قەدەغەی ھاتوچۆ)ی یەکەم جار و (قەدەغەی ھاتوچۆ)ی ئەمجارەشمان بینی؛ کە: تیایدا جیاوازی زۆر ھەبوو؛ وە وەکو پێشتر تووندوتۆڵ نەبوو.

* کەی قەدەغەی ھاتوچۆ ڕادەگەینرێت!؟ ھەر کاتێک ھەر ووڵات و شارێک ئەم ڤایرۆسە نەگریسەی تێدا تەشەنە کردە؛ ئەوا: ڕێکارییەکان بەگوێرەی شار و ناوچەکان دەگۆڕێت. ھەر شارێک ڕێژەی مردن تێیدا لە (٣٪) زیاد کرد؛ وە ڕێژەی تووشبوون زۆر زیاتر بوو لە چاکبووەکان، ئەوا: ئەو کات دەسەڵات پرس و ڕاوێژ بە (لێژنەی بەرەنگاربوونەوە) دەکات، کە: ئایا دەکرێت قەدەغەی ھاتوچۆ ڕابگەینرێت یان نا!؟ چونکە قەدەغەی ھاتوچۆ کاردانەوەی لە سەر ژیان و گوزەران و ڕێکارییەکان بەگشتی دەبێت! وە لایەنی بژێوی و گوزەران دەگەل ھەموو ئەگەرەکانی نەخۆشییەکە و چەندە تەختی تایبەتمەندی ھەناسەدانی دەستکرد دەستەبەرە، دوای ھەموو ئەمانە ئەو کات بڕیار دەدرێت. بەمە دەردەکەوێت؛ کە: لۆی ھەیە شێوازی حوکم و دەسەڵاتداری و عەقڵیەتی حوکمداری دەگەل لایەنی زانستی ڕێکاری و ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوە دیاری بکات.
دە ئەوجا وەرە ڕێژەی مردن لە شارە کوردییەکانی عێراق چاو لێ بکەین؛ ئەوجا بزانین چۆن ڕێکاری خۆپاراستن پیادە کراوە. لە سەرەتای ئەم مانگە؛ لە کەرکوک (٤.٨٪) بوو، لە سولەیمانی (٣.٩٪) بوو، لە ھەولێر (٢٪) بوو، لە دھۆک (سفر لە سەت) بوو! بەمە دەبینین؛ کە: بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ئەگەر ڕێژەی مردن لەبەر چاو بگیرێت؛ ئەوا: لە ھەر دوو شاری (کەرکوک) و (سولەیمانی) بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ئاسایی بوو بەڵام لۆ (ھەولێر) و (دھۆک) بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ ھیچ پەیوەستی بە لایەنی زانستی نەبوو بەڵکو ھەر لەبەر چاویش نەگیرا!؟! لێرەدا؛ نازانرێت کە: بڕیارەکانی بەرەنگار بوونەوە لەسەر چ شێوازەک و ئایا ڕای لێژنەی زانستی بۆ وەردەگیرێت یان نا!!! خاڵێکیتری زۆر گرنگ، ئەوەیە: ھەر جارێک بڕیاری (قەدەغەی ھاتوچۆ) بدرێت، ئەوا: نابێت لە سێ حەفتە کەمتر بێت ئەمەش چونکە دەبێت ماوەی متبوون و ماوەی تووشبوون لە چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەکە ھەتا دەرکەوتنی نیشانەکان لەبەر چاو بگیرێت.

* ھەنگاوەکانی خۆپاراستن: ھەتا ھەنووکە ڤایرۆسی (سارس - ٢) و (نەخۆشی کۆڤید ١٠) نە چارەسەری ھەیە و نە ڤاکسینی ھەیە؛ لۆیە: باشترین ڕێگا بریتیە لە پیادە کردنی خۆپارێزی: (گرنگیدان بە پاکوخاوێنی، خۆراک، وەرزشکردن، دەستکێش، دەمامک، خۆدوورگرتن، نەچوون لۆ شوێنی قەرەباڵغ و تەسک، لە ماڵ مانەوە، ....ھتد.
Top