شووشتنەوەی پارە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری وڵات

شووشتنەوەی پارە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری وڵات

شووشتنەوەی پارە (Money Laundering) بریتییە لە شاردنەوەی سەرچاوەی پارەیەک کە بە رێگای نایاسایی بە دەست ھاتووە و لە رێی بانکە بیانیەکان و کۆمپانیاکان پارەکە دەگوازرێتەوە. لەو وڵاتانەی کە یاسا بەرکارە و رێکخراو و دەزگا چاودێریەکانی دارایی کاران و چاودێری داھاتەکان و جموجۆلی بازرگانی خەڵک بە تەواوی کۆنترۆل کراوە، بەدەست ھێنانی پارە بە شێوەی نایاسایی زۆر ئەستەمە و دزین و گەندەڵی لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بە ھەر شێواز و پاساوێک بێت کارێکی ئاسان نییە، تەنھا کۆمەلە کەسێکی کەم لە رێگای تر وەک بازرگانی بە مادە ھۆشبەرەکان و بازرگانی چەک و کۆمەلێکی تر لەو تاوانانە پارەیان دەست دەکەوێت، کە دواتر پێویستیان بەوە دەبێت سوودی کارەکەیان و ئەوەی دەستیان دەکەوێت بە کۆمەلێک شێواز بکرێتە یاسایی، واتە شووشتنەوەی پارەی بۆ بکرێت لە سەرچاوەی نایاساییەوە بۆ سەرچاوەی یاسایی و گواستنەوەی بۆ بانکەکان و کرینی موڵک و ماڵ و کۆمپانیای یاسایی.
بەلام ئەوەی کە کوردستان جیاواز دەکاتەوە لەو ولاتانەی کە باسم کرد و سیستەمێکی باشی دژەگەندەڵیان ھەیە، ئەوەیە کە لە کوردستان کرداری شووشتنەوەی پارە بۆ زۆرێک لە خەلک کارێکی ئەستەم نییە لە بەر ئەوەی ئەو پارەیەی کە دەستی دەکەوێت بە شێوەیەکی یاسایی و بە ھەماھەنگی لە گەل لایەنی حکومی و حزبیە و سەرچاوەی داھاتەکە چ بازرگانی یان پرۆژەی وەبەرھێنان یان ھەر سەرچاوەی تر بێت بە ئاگایی لایەنی دەولەتی ئەنجام دەدرێت و سوودەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆی ئەژمار دەکرێت و تەنھا ئەو بەشە پارەیەی کە وەک وەبەرھێنانی دەرەکی دەنێردرێتە دەرەوە کرداری شوشتنەوەی بۆ دەکرێت تاکو بکرێتە پارەیەکی یاسایی لە بانکەکانی دەرەوە و بتوانرێ وەبەرھێنانی پێ بکرێت. کەواتە دەتوانین بلێین کە تا رادەیەکی زۆر لە کوردستان پێویستی بە شوشتنەوەی پارە نییە لە بەر ئەوەی لێپرسینەوە لە سەرچاوەی داھاتەکان ناکرێت بۆ ھاولاتیانی. کەواتە جیاوازی شوشتنەوەی پارە لە کوردستان بە بەراورد لە گەل ولاتێکی پێشکەوتوو ئەوەیە کە لە کوردستان پرۆسەکە ئاسانترە و سەرچاوەی پارەکە ناکەوێتە بەر پرسیار و لێکۆلینەوەی لە خاوەنەکەی ناکرێت. تەنانەت بەلگەی یاسایی و دەولەتیش بۆی دروست دەکرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگوازرێتە دەرەوە. بەلام لە ولاتێکی پێشکەوتوو لە لایەنی سیستەمی چاودێری دارایی، قۆناغی یەکەم زۆر ئەستەمە کە بریتیە لەگواستنەوەی پارەکە بۆ نێو سیستەمی دارایی ولات.
کرداری شوشتنەوەی پارە بە چوار قۆناغ ئەنجام دەدرێت تاکو دەکرێت بە پارەیەکی یاسایی:
قۆناغی یەکەم بریتیە لە (Placement) واتە جێگیر کردن و دانانی پارە یان سوودی کاری نایاسایی بە شێوەی نەقدی لە سیستەمی دارایی وەکو دانانی لە بانکەکان. بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت پارەکە بگۆردرێت لە گەل کۆمەلێک کالای گرانبەھا وەکو کالای بازرگانی، ئەلماس، زێر و چەکی بانکی یان زۆر جار پارەی کاش وورد دەکرێت بە چەند قۆناغێک دەگوازرێتەوە بە ھۆکاری گواستنەوەی جیاواز وەک فرۆکە، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر و کەشتی. و زۆربەی کاتەکان پارەکە دەگوازرێتەوە سەر ئەژماری بانکی یاسایی بە ناوی کەسی سێیەم لە دەرەوەی ولات و ھەندێ جاریش بە رێگای دراوە ئەلیکترۆنیەکان دەکرێت بە گۆرینی پارەکە بە پارەی ئەلیکترۆنی کە ئەمەش شێوازێکی نوێیە.
دیسان کۆمەلێک رێگای تر بەکار دێن لەو قۆناغەدا بۆ جێگیر کردنی پارەکە لە سیستەمی دارایی ولاتان وەک: بە قاچاغ گواستنەوەی پارەکە، گواستنەوە بە رێگای ئەو بانکانەی کە کاری گواستنەوەی پارەی نایاسایی دەکەن، گۆرینەوەی دراو، بە رێگای دەلالەکانی سەنەداتی کۆمپانیاکان، ھەروەھا بە رێگای تێکەلکردنی لە گەل پارەیەکی زۆر کە بە رێگای یاسایی دەگوازرێتەوە لە لایەن کۆمپانیا گەورەکان کە یاسایین، ھەروەھا لە رێگای کرینی کەل و پەل یان مولک بە شێوەی ھەبووەکانی کۆمپانیاکان.
قۆناغی دووەم بریتیە لە (Layering) بزر کردنی بنەچە یان سەرچاوەی پارەکە: لەو قۆناغەدا پارەکە دابەش دەکرێت بە سەر چەند بەشێک و لە ئەژماری بانکی جیاواز و لە بانکی جیاواز و لە ولاتی جیاواز کۆ دەکرێتەوە بە ناوی کەسی و کۆمپانیای جیاواز لە پێناو شاردنەوەی بنەچەی ھاتنی پارەکە.
قۆناغی سێیەم بریتیە لە (Integration: Justification) دروستکردنی بەلگەی یاسایی: ئامانجی ئەو قۆناغە ئەوەیە کە سەرچاوەیەکی یاسایی ئاشکرا دروست بکرێت بۆ پارەکە وەکو: دروستکردنی گرێبەستی قەرزی ساختە کە گوایە پارەکە لە شوێنێک بە قەرز وەرگیراوە، یان دروستکردنی گرێبەستی کرین و فرۆشتنی ساختە، ساختە کردنی گرێبەستی کاری کۆمپانیاکان، بە دەستھێنانی لۆتێری یان قازانجی گازینۆ و کۆمەلێک رێگای تر.
لەو قۆناغەدا بە تەواوی سەرچاوەی پارەکە دیار دەکرێت بەوەی کە سەرچاوەی پاک و یاسایین.
قۆناغی چووارەم بریتیە لە (Integration: Investment) قۆناغی بەکارھێنانی کۆتایی: لەم قۆناغەدا پارەکە بە تەواوی و بە بێ گرفت بە کار دێت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و دەکرێت پارەکە چ بە شێوەی نەقدی یان وەبەرھێنان بەکار بھێندرێت و خەرج بکرێت بە ئارەزووی خاوەنەکەی و بە بێ لێپێچینەوەی یاسایی.
کاریگەری شوشتنەوەی پارە لە سەر گەشەی ئابوری:
شوشتنەوەی پارە کاریگەری زۆر خراپی ھەیە لە سەر گەشەی ئابوری ولاتان، کەچی بابەتی ھەرێم جیاوازە وەک باسکرا لە رووی شوشتنەوەی پارە ئاسانترە و پێویست بە شاردنەوەی سەرچاوەی پارەکە ناکات لە بەر ئەوەی چاودێری دارایی کارا نییە و لێپێچینەوە نییە و ھاولاتی روبەروی یاسا و لێپێچینەوە نابێت کە چۆن و بە چ شێوازێک و بە چ رێگایەک لە ماوەیەکی کورت ئەو ھەموو سامانەی کۆکردۆتەوە.
واتە لە قۆناغەکانی شوشتنەوەی پارە کە باسکرا چوار قۆناغە و قورسترین قۆناغ بریتیە لە قۆناغی یەکەم، کە ھاولاتی کوردستان لەو قۆناغەدا بە ئاسانی دەردەچێت واتە لێپرسینەوە لە سەرچاوەی داھات ناکرێت. بەلام ناردنە دەرەوەی پارە بە نایاسایی بۆ کوردستانیش وەک ھەر ولاتێکی تر کاریگەری خراپی ھەیە وەک:
١. تێکدان و شەلەل کردنی کاری رێکخراوەکان و دەزگاکانی کەرتی دارایی کە کاریگەری خراپی دەبێت بە سەر گەشەی ئابوری.
٢. گەشە کردن و رەواج دانی جەریمە و گەندەلی کە دەبێتە ھۆی دابەزینی گەشەی ئابوری.
٣. دابەزینی کارامەیی کەرتەکانی ئابوری.
٤. دابەزینی داھاتەکانی دەولەت لە بەر دابەزینی داھاتی باج.
٥. تێکدانی کەرتی بازرگانی نێودەولەتی دەرەکی و سورانەوەی سەرمایە وە لە ئەنجام دابەزینی گەشەی ئابوری.
٦. لە دەست دەرچونی کۆنترۆلی سیاسەتی ئابوری.
٧. دەرئەنجامە نێودەولەتیەکان و دابەزینی ئاستی وەبەرھێنانی دەرەکی.
٨. تێکچونی ھاوسەنگی ئابوری و ناجێگیری ئابوری.
٩. ریسکی نەمانی متمانەی دەرەکی بە دەزگاکانی حکومەت.
١٠. کاریگەرییە خراپەکانی لە سەر کۆمەلگە لە رووی بڵاوبونەوەی مامەڵە کردن بە مادە ھۆشبەرەکان و چەک و کاڵا و بواری تری قەدەغەکراو.
١١. دروستبوونی گروپی مافیایی و گروپی تیرۆریستی و دەست بەسەرداگرتنی جومگە ھەستیارەکانی دەولەت و ترس و تۆقاندنی خەک.
* دکتۆرا لەژمێریاری وکارگێڕی داھێنان





Top